وتەبێژی فەرمی موقتەدا سەدر لە بارەی پۆستی سەرۆک کۆمار و چۆنیەتی بەشداری پێکردنی لایەنە کوردیەکان بۆ دەنگی ئەمەریکا دەدوێت

وتەبێژی فەرمی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر، پێکهێنانی حکومەتی تەوافقی ڕەتدەکاتەوە و جەخت لەسەرئەوەدەکاتەوە کوتلەکەی سورە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی، دەشڵێت"پۆستەکانی سەرۆکایەتی کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان هاوشێوەی ڕابردوو دابەش دەکرێنەوە."

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەڵاح عوبەیدی وتەبێژی فەرمی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر، کە کوتلەکەی زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێناوە، دەڵێت"هێشتا سەید موقتەدا سەدر پێکهێنانی حکومەتی نیشتیمانی لەبەرژەوەندی گەلی عێراق دەبینێت، حکومەتێکی زۆرینەی نیشتیمانی کەهەمووان لەباشورەوە بۆ باکور کۆبکاتەوە، هەندێک لایەنیش هیوادارن ڕێگەی ئۆپۆزسیۆن بوونی سەرکەوتوو بگرنە بەر، بەڵام گەر هەمووان پێداگیربن لەسەر حکومەتی تەوافقی، ئەوە دووبارە کردنەوەی هەمان هەڵەی حکومەتەکانی پێشووە."

سەبارەت بەوەی لەحاڵەتی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی دا، کام لایەنی کوردی بەشداری پێدەکەن، وتەبێژەکەی موقتەدا سەدر وتی"دەبێت لایەنە کوردیەکان خۆیان ڕێکبکەون لەسەر چۆنیەتی و ڕێگەی بەشداریکردنیان لەحکومەت."

پێداگیریکردنی ڕەوتی سەدر لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی لەکاتێکدایە، بەشێک لە لایەنە شیعەکان داوای حکومەتی تەوافقی دەکەن و حکومەتی زۆرینە ڕەتدەکەنەوە، لەوبارەیەوە سەڵاح عوبەیدی دەڵێت"لەماوەی ڕابردوودا کوتلەی سەدری ئۆپۆزسیۆن بوو، هیچ کورسیەکی وەزاریان نەبوو، کورسیەکانی بۆ حکومەتەکەی عەبادی جێهێشت، وەزارەتمان لەحکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدیش نەبوو، ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت کاری خۆی بکات، هیچ کێشەیەک نیە، لەهەموو دونیا وایە چەند لایەنێک دەبنە ئۆپۆزسیۆن و چاودێری حکومەت دەکەن و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکەن، لەپێناو دووبارە نەبوونەوەی هەڵەکان."

دەربارەی ڕای سەدریەکان لەسەر پۆستە سەرەکیەکانی عێراق و چۆنیەتی دابەشکردنیان، سەڵاح عوبەیدی وتی"ئەم مەسەلە هێشتا گفتووگۆی لەسەر نەکراوە، بەڵام پۆستەکان لەسەر شێوازی پێشوو دابەش دەکرێنەوە، سەرۆک کۆمار بۆ کورد، پەرلەمان بۆ برایانی سونە و سەرۆک وەزیرانیش بۆ شیعە، گەر گۆڕانکاریش ڕوویدا، دەبێت بەڕێککەوتن بێت."

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، نوێنەری لایەنە شیعە ناڕازیەکان لەگەڵ موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکە، سەدر جەختی لەسەر حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی کردەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر