سەرۆکی مەترانەکانی کەرکوک و سلێمانی: عێراق وڵاتێکی ماندووە بۆیە خەڵک کۆچ دەکات

سەرۆکی مەترانەکانی کەرکوک و سلێمانی کریستیانەکان ڕایدەگەیەنێت، ئەو سەردەمە تێپەڕیووە، حوکمڕان دژایەتی ئاین بکات، چونکە گۆڕانکاریەکان وایانکردووە، خەمەکانیش گۆڕانیان بەسەردا بێت.

لەم گفتووگۆدایە لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر یوسف تۆما سەرۆکی مەترانەکانی کەرکوک و سلێمانی کریستیانەکان، دەڵێت"سەبارەت بەژمارەی کریستیانەکان، نە لەکەرکوک و نە لە عێراق، ئامارێکی وردمان لەبەردەستدا نیە، دەوترێت پێش ساڵی 2003، ملیۆن و نیوێک کریستیان لە عێراقدا هەبووە، ئێستا ژمارەکە کەمترە لە 500 هەزار، بەشێکی زۆریان کۆچیان کردووە و وڵاتیان جێهێشتووە، کاتێک لە وڵات ڕۆیشتوون ئاگاداریان نەکردووینەتەوە، بۆیە هیچ ئامارێکی وردمان لانیە."

سەبارەت بە دۆخی کریستیانەکانی کەرکوک، دکتۆر یوسف تۆما دەڵێت"دۆخی کریستیانەکان وەکو دۆخی ئەوانیتر وایە، کارەبا ببڕێت لە کریستیان و غەیرە کریستیان دەبڕێت، باران ببارێت بۆ مەسیحی و غەیرە مەسیحی دەبارێت."

سەرۆکی مەترانەکانی کەرکوک و سلێمانی کریستیانەکان کە لە کڵێساکەی کەرکوک قسەی بۆ دەنگی ئەمەریکا کرد ڕوونیکردەوە، ئەو سەردەمە تێپەڕی حوکمڕان دژایەتی ئاین بکات، گۆڕانکاری گەورە ڕوویداوە، ئەم گۆڕانکاریانە وایکردووە ئاین خەم نەبێت، خەم بووەتە بژێوی، بووەتە دامەزراندن، گەنج زانکۆ تەواو دەکات لەکوێ دابمەزرێ، خەم بووەتە کۆچ، وتی"دوای داعش شەپۆلێکی گەورەی خێزان و خوێندکار هاتن بۆ لامان بۆ کەرکوک، شاری کەرکوک پێشوازی لەژمارەیەکی زۆر ئاوارە کرد، زیاتر لە سێ لەسەر چواری ملیۆنێک ئاوارە لەکەرکوک لەماوەی چوار ساڵدا نیشتەجێبوون، تائەوکاتەی گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیان، کەرکوک شارێکی میواندۆستە."

جەختیکردەوە"هەوڵمانداوە پێداویستی بۆ مرۆڤ دابین بکەین، چەند عیادەیەکی پزیشکیمان کردووەتەوە، عیادەیەکی ددانمان کردووەتەوە، کارێکمان کردووە تا هەژارەکان زەرەرمەند نەبن، نەخۆشی بەتەمەن و منداڵ سودمەندبن، هەوڵماندا خەڵک بخەینە سەر کار تا بتوانێت بژی، ئەم کارە ئینسانیانە بەلای ئێمەوە لە شتەکانی تر گرنگترن."

دکتۆر یوسف تۆما وتیشی"گەر تۆ موسڵمانیت یان کریستیان، یاخود ئێزدی و سابیئە، گرنگ خزمەت کردنە، عیبادەتی خوا لەهەر کوێ دەتەوێت بیکە، بەڵام گرنگیدانت بە مرۆڤ پێوەرە."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر یوسف تۆما سەرۆکی مەترانەکانی کەرکوک و سلێمانی، نیگەرانی خۆی نیشاندا لە کۆچکردنی خەڵکی عێراق و خنکانیان لەدەریاکاندا، وتی"تەنها کریستیان کۆچ ناکات، بەلای کەمەوە چوار ملیۆن عێراقی کۆچیان کردووە، چونکە وڵاتەکەمان ماندووە."

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر، مەترانەکان