سەرچاوە ئاسایشییەکانی عێراق دەڵێن دوو فرۆکەی بێفرۆکەوان هێرش دەکەنە سەر بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا لە بەغدا

سەرچاوە ئاسایشییەکای عێراق ڕایانگەیاند دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی پڕ تەقەمەنی خرانە خوارەوە لە ڕۆژی دووشەممەدا کاتێک نزیک بوونەوە لە بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، هێرشەکەش هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.

هێرشەکە لە کاتێکدایە، کە ئێران و هاوپەیمانەکانی لە عێراق دووەمین ساڵیادی کوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی ئەلموهەندیسی جێگری فەرماندەی هێزەکانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێران دەکەنەوە.

سلێمانی لە هێرشێکی فرۆکەی بێفڕۆکەوان ئەمەریکا لە ساڵی 2020 لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا بە فەرمانی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کوژرا.

کاربەدەستێکی ئاسایشی عێراق خستنە خوارەوەی دوو فرۆکە بێفرۆکەوانەی لە فرۆکەخانەی بەغدا پشتڕاست کردەوە.

هاوکات بەرپرسێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرابەرایەتی ئەمەریکا لە شەڕی دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی داعش لە عێراق گوتی دوو فرۆکە بێفرۆکەوانەکە بە سیستمی بەرگری سی رام خراونەتە خوارەوە و گوتیشی فرۆکەکان ئەنجامدانی ئەرکی خۆکوژیان پێسپێردرابوو.

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا