وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕۆژی هەینی لەبارەی گفتوگۆ ناوکییەکانی ئێرانەوە دەڵێت گفتوگۆکان پێشکەوتنیان بەخۆیانەوە بینیوە، هەرچەندە کاتەکە بەرەو کۆتایی دەچێت.
وتووێژە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا لەسەر زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015ی ئێران ڕۆژی دووشەممە دەستی پێکردەوە.
دیبلۆماتکارانی ڕۆژئاوا ئاماژەیان بەوە کرد کە هیواخوازن تا کۆتایی مانگی یەک یان سەرەتای مانگی دوو بگەنە ئەنجام لەو گفتوگۆیانەدا، بەڵام کێشە و گرفتە قوولەکان هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە و چارەسەرنەکراون. ئێران هەرجۆرە دەستنیشانکردنی کاتی لەلایەن زلهێزانی ڕۆژئاواوە ڕەتکردوەتەوە.
جان ئیڤ لۆدریانبە تەلەڤزیۆنی BFM و ڕادیۆی RMC گوت "من لەو بڕوایەدام کە دەتوانین بگەین بە ڕێککەوتنێک و لەم چەند ڕۆژەی دواییدا هەندێ پێشکەوتمان هەبووە لە گفتوگۆکاندا." گوتیشی "ئێمە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە ئاڕاستەیەکی ئەرێنیدا هەنگاومان ناوە، بەڵام کات زۆر گرنگە و ئەگەر بەخێرایی ڕێککەوتنەکە نەگاتە ئەنجام، ئەوا هیچ بابەتێک بۆ گفتوگۆکردن نامێنێتەوە."
خولی هەشتەمی گفتوگۆکان ڕۆژی دووشەممە و دوای زیادکردنی چەند داواکارییەکی نوێی ئێران بە دەقی ڕەشنووسی رێککەوتنەکە، دووبارە دەستی پێکردەوەتەوە.
ئاماژەیەکی تری ئەرێنی گفتوگۆکانی ئەم هەفتەیەی ڤیەننا، ڕۆیشتنی جێگری وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور بوو بۆ ڤیەننا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێران و ئەمەریکا و لایەنەکانی تر لە بارەی ئەگەری لابردنی بلۆک لەسەر 7 ملیار دۆلار دارایی ئێران کە لەو وڵاتە ئاسیاییەدا بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە سڕ کراوە.
هەر جۆرە لابردنێکیش پێویستە لەلایەن واشنتۆنەوە پەسەند بکرێت.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە کە جێگری وەزیر لەگەڵ ئێرانییەکاندا ڕێککەوتووە لەسەر ئەوەی کە لابردنی بلۆک لەسەر داراییە بڵۆککراوەکانی ئێران لەو وڵاتەدا پێویستە بە شێوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدرێت.
کاربەدەستێکی ئێرانی ڕوونی کردەوە کە ئەو پارە سڕکراوە دەستبەجێ ئازاد ناکرێت و گوتی "ئەو بابەتە لە گفتوگۆکانی ڤیەننادا قسەی لەسەر دەکرێت و دەخرێتە بەرباس."
ئێران و ئەمەریکا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڤیەننا لە گفتوگۆدان. بەرپرسانی ئەمەریکا چەند جارێک ڕایانگەیاندوە کە پێشوازی لە بیرۆکەی دیالۆگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا دەکەن.
زلهێزانی ڕۆژئاوا دەڵێن پێشکەوتنەکان زۆر خاون و دەشڵێن ئەمە لە کاتێکدایە کە کاتەکە زۆری نەماوە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە بە تەواوی هەڵبوەشێتەوە.
دیپلۆماتە ئەورووپاییەکان و ئەوانی دیکە نێوانگری نێوان ئێران و ئەمەریکا دەکەن بۆ گفتوگۆکان لە ڤیەننا.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز