حکومەتی هەرێمی کوردستان 8 ساڵە پڕۆژە یاسایی بودجەی نەناردووەتە پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی، لەو چوار چێوەیەدا ڕێکخراوی ستۆپ بە پشتیوانی سندوقی نشتیمانی بۆ دیموکراسی (نید)ی ئەمەریکی دانیشتنێکی کراوەی بە بەشداری ژمارەیەک لە هاوڵاتیان و ئەندامانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان لە پارێزگای هەڵەبجە ڕێکخست.
فەرمان ڕەشاد ڕێکخەری پڕۆژەکە ڕایگەیاند " ئامانج لە پڕۆژەکە بەشداری هاووڵاتیانە لە بودجە و دروستکردنی فشارە لەسەر حکومەت تا بودجەی ساڵی 2022 بنێرێتە پەرلەمان، کە لە کابینەی نۆی حکومەت جەخت لە چاکسازی و شەفافیەت دەکرێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێم هەشت ساڵە بودجەی نەناردوەتە پەرلەمان "
سەرچنار ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئەرکی حکومەتە کە هەموو ساڵێک بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان دەبێت لە مانگی 4 ژمێرەی کۆتایی بنێرێت لە مانگی 10شدا پڕۆژە یاسا بنێرێت، بەڵام ئێستا پەرلەمان نایەوێت ئەو زەختە لە حکومەت بکات، لە کاتێکدا ناشەفافی زۆرهەیە، تا ئێستا پەرلەمان نازانێت داهاتی نەوت چەندە."
سەرکۆ یونس شارەزای ئابوری لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" حکومەت چەندین هۆکاری هەبووە بۆ ئەوەی بودجە نەنێرێت لەوانە شەڕی داعش، هاتن و بڕینی بەشێک لە بودجەکەی لە بەغداوە، نەبوونی یاسای بودجەش کاریگەریە خراپەکانی لە سەرجەم سێکتەرەکاندا ڕەنگی داوەتەوە، ئێستا ئەرکی حکومەت لە دابینکردنی مووچەدا ڕەنگی بچوکراوەتەوە".
ئەگەرچی لە دەسەڵاتی پەرلەماندا هەیە کە متمانە لە حکومەت وەربگرێتەوە لە کاتی جێبەجێ نەکردنی ئەرکانیدا بە باشی، بەڵام بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمان دەڵێن فراکسیۆنەکانی پەرلەمان یەک دەنگ نین لەسەر ئەم پرسە و زۆرجاریش پەرلەمان بەهۆی بەهێزی سێبەری حیزبەکان لە سەری، دەسەڵاتەکانی سنوردارە و حیزب کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی هەیە، بەڵام هەموو فشارێکی مەدەنی لەو ڕووە بە گرنگ دەزانن.
Your browser doesn’t support HTML5