ڕێزان شێخ دلێر: کاندیدی فەرمی یەکێتی دکتۆر بەرهەم ساڵحە

ڕێزان شێخ دلێر ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت " کاندیدی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان د. بەرهەم ساڵحە. سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان(بافڵ تاڵەبانی) خۆی هاتۆتە بەغداد و پشتگیری د. بەرهەمی کردووە بۆ کاندیدبوونی وەک کاندیدی فەرمی یەکێتی، جگە لەوەی کە مەکتەبی سیاسی خۆی بە فەرمی داوای لە د. بەرهەم کرد کە بۆ خولی دووەم خۆی کاندید بکاتەوە، دەشڵێت" یەکێتی ناچێتە ژێر باری هیچ فشارێک، پێویستە پارتیش یەکێتی نەکاتە قوربانی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار چونکە ئەو کات خۆی دەبێت تەحەمولی ئەنجامەکەی بکات."

"سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان(بافڵ تاڵەبانی) خۆی هاتۆتە بەغداد و پشتگیری د.بەرهەمی کردووە بۆ کاندید بوونی وەک کاندیدی فەرمی یەکێتی"

ڕێزان شێخ دلێر

ڕێزان شێخ دلێر ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت"تاکە کاندیدی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، پێشتر لە کۆبوونەوەی مەکتەب سیاسی بڕیاری لەسەر دراوە، ئەوە زۆر دڵنیایی بێت بۆ هەموو کەس کە بەڕێز د. لەتیف ڕەشید وەک کاندیدێکی سەربەخۆ خۆی خۆی کاندیدکردووە، دەیەوێت فرسەتێک بەدەست بهێنێت ئەو پۆستە وەربگرێت، هەروەک لە 2018 ش خۆی کاندید کرد، وە ئێستاش وەک خۆی دەڵێت چۆتە لای پارتی و دەیەوێت سوود لەوە ببینێت کە گوایە پارتی دژایەتی د. بەرهەمیان کردووە و ئەوان خۆیان کاندیدییان هەیە، بەڵام ئەوە بە دڵنیایی من دڵنیاتان دەکەمەوە سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان(بافڵ تاڵەبانی) خۆی هاتۆتە بەغداد و پشتگیری د. بەرهەمی کردووە بۆ کاندیدبوونی وەک کاندیدی فەرمی یەکێتی، ناوی بە فەرمی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، ئێستا ئەوە ماوەتەوە کە ئیتر ئیش بکەین لەسەر ئەوەی زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە."

"ڕاگەیاندنی بۆچیە؟ خۆ هەموو ڕۆژێک ناڵێین د. بەرهەم کاندیدی فەرمی یەکێتیە"

دەربارەی ئەوەی بۆچی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە فەرمی ڕایناگەیەنێت کە د. بەرهەم کاندیدی فەرمیەتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار؟ ڕێزان شێخ دلێر وتی" ڕاگەیاندنی بۆچیە خۆ هەموو ڕۆژێک ناوترێت وتومانە و بڕیاری مەکتەبی سیاسی یەکێتیە کە د. بەرهەم کاندیدی فەرمیە، بەداخەوە دەڵێم ئەوی دەوترێت هەر ڕۆژەی ئەوە پڕوپاگەندەی پارتی دیموکراتی کوردستانە کە بۆ حزبەکانی تری دەکات، لە کاتێکدا یەکێتی حزبێکە خاوەن بڕیاری خۆیەتی و سکرتێری گشتیەکەی خۆی هاتووە بۆ بەغداد داوای لە د. بەرهەم کردووە خۆی کاندید بکاتەوە و ببێتە کاندیدی فەرمی یەکێتی وە پشتیوانی خۆشی بۆ دەربڕیووە، وە یەکێتی خۆی داوای لە د. بەرهەم کرد کە خۆی کاندید بکاتەوە بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی کۆمار."

"دڵنیاین کە کاندیدی ئێمە سەرکەوتوو دەبێت، چونکە کاندیدی لایەنی بەرامبەر مەلەفی لەسەرە"

دەربارەی ئەوەی هەتا چەندە دڵنیان کاندیدەکەیان دەردەچێت و دەبێتەوە بە سەرۆک کۆمار؟ ڕاوێژکارەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وتی" بە دڵنیایی دڵنیاین لە سەرکەوتن، چونکە کاندیدی لایەنی بەرامبەر تۆمەتبارە بە چەندین دۆسیە لە دەستەی دەستپاکی، هەروەک دەزانرێت لە خولی سێیەمی پەرلەمانی بە دەنگی 179 پەرلەمانتار لە پۆستەکەی ئیقالە- دەرکرا. ئێستاش ئەو دۆسێیانە هەرماون بۆیە بڕواناکەم ئەگەرچی سەدرییەکان ڕێککەوتنی سیاسیشییان هەبێت بەڵام ڕازی بن بە دەنگدان بە کەسێک کە مەلەفی لەسەر بێت، چونکە دەزانن وەرگرتنی سەرۆکایەتی کۆمار لەلایەن ئەو کاندیدەی پارتیەوە کۆتایی عێراقە، من وای بۆ دەچم لەم چەند هەفتەیە دەستبکرێتەوە بە خۆپیشاندان دژی ئەو کەسانەی مەلەفی گەندەڵییان لەسەرە و پۆستی سەرۆکایەتیەکان وەردەگرنەوە."

" وەرگرتنی سەرۆکایەتی کۆمار لەلایەن ئەو کاندیدەی پارتیەوە کۆتایی عێراقە"

بە وتەی ڕێزان شێخ دلێر ئەگەر کاندیدەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت ئەوا" سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت لە لایەن ئەو لایەنانەی پێشتر ئیقالەیان کرد"، دەشڵێت" دڵنیان ئەو پەرلەمانتارە سەربەخۆیانەش قبوڵی ناکەن بۆیە ئەو پۆستەش بەدەستبهێنن دواتر لە ڕێگای دادگای فیدراڵیەوە لادەدرێت لەو پۆستە وە ئەوە دەبێتە ئیهانەیەکی گەورە بەخۆیان، چوکە مەلەفی هەیە لەناو پەرلەماندا کە دەنگی خەڵکە بە دەنگی خەڵک کراوەتە دەرەوە. "

دەربارەی ئەوەی چیتان کردووە وەک یەکێتی بۆ پشتیوانی لە کاندیدەکەتان؟

ڕێزان شێخ دلێر وتی" بێگومان، د. بەرهەم هەم وەک سەرۆک کۆمارێک لە دەرەوەی عێراق، هەم لە ناوەوەی عێراق توانیوێتی ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، داواکاری خەڵک و خۆپیشاندەرانی جێبەجێکرد بە داواکردنی ئەنجامدانی پێش وەختە لەگەڵ داواکاری خەڵک بووە، ئێمە وەکو یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەتا یەک ئیشی شەخسی بۆ یەکێتی نەکردووە، هەتا زۆربەی پۆستە بەتاڵەکان و جێگری وەزیرەکان کە سەدرییەکان و حەلبوسی کەسانی نزیک لە خۆیانیان دانا بەڵام د. بەرهەم یەک ئیشی شەخسی بۆ یەکێتی نەکرد تەنها کارەکانی وەک سەرۆک کۆمار بەپێی دەستوری عێراق ئەنجامداوە و پارێزگاری لە دەستور کردووە."

"ئایا یەکێتی دەچێتە ژێر باری فشارەکان بۆ گۆڕینی کاندیدەکەیان؟ "

سەبارەت بە بوونی فشار لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گۆڕینی (د. بەرهەم ساڵح) بە کاندیدێکی تر بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق؟

ڕێزان شێخ دلێر دەڵێت" بڕواناکەم یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ژێر چ فشارێکدا بێت، یەکێتی نیشتمانی کوردستان کاتێک داوای کردبێت کە ئەوە کاندیدی منە و بەڵام ئەو (پارتی دیموکراتی کوردستان) قبوڵی نەکردبێت و چوبێت لەگەڵ سەدرییەکان هاوپەیمانیان کردبێت کە ئەو لایەنە و تەنانەت چوارچێوەی هەماهەنگیش لە قۆناغێکدا دژی کوردبوون، باشتربوو کورد لە ناو خۆیدا یەکڕیز بووایە و بێ لایەن بووایە نەک لەگەڵ لایەنێک هاوپەیمان بووینایە کە بە پێشمەرگە بڵێن میلیشیا، یاخود پارتی دیموکراتی کوردستان بە تەنها لە بەدەستهێنانی پۆستەکان بکاتەوە بە بێ حسابکردن بۆ ئەوەی ئەو حزبەی لە کوردستان هاوپەیمانێتی و حکومەتی لەگەڵ پێکهێناوە لەبەر ئەو ئەو هەموو نەهامەتیەی قبوڵ کردووە کە ڕەنگە ڕازیش نەبووبێت بەڵام ناکرێت لە نیوەی بەجێی بهێڵین بە هەموو کێشەکانیەوە ئەو بمانکات بە قوربانی سەرۆک کۆماری یا ئەو لایەنە سیاسییانە ئەو کاتە ئەنجامەکەی هەرچی بێت دەبێت خۆی قبوڵی بکات. "

"د.لەتیف ڕەشید-یش مەلەفی لەسەرە و دەستەی نەزاهە بەدوای ئەوەوەن"

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا یەکێتی ڕازی دەبێت ئەگەر (د. لەتیف ڕەشید) وەک چارەسەری ناوەند بمێنێتەوە و لە نێوان پارتی و یەکێتیدا؟

لە وەڵامدا، ڕێزان شێخ دلێر دەڵێت "من لەو بڕوایەدا نیم بە هیچ شێوەیەک، چونکە لە بنەڕەتدا ئەویش (د. لەتیف ڕەشید) مەلەفی لەسەرە، ئێستا ئەگەر بێینە سەر نەزاهە ئەوە ئێستا بەدوای ئەوەوەن، چونکە هەریەک لەو وەزیرانە بە زۆری مەلەفیان لەسەرە، واتا ئەوەی کە باسکراوە لە نەزاهە دەبێت کار لەسەر زۆری ئەو وەزیرانە بکرێت، بۆیە یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەگەر بیویستایە بۆ هەر لە سەرەتاوە بە ئازایانە نەیدەوت(د. لەتیف ڕەشید) دەکەم بە سەرۆک کۆمار، واتە هیچ ترسێکمان لەسەر نیـیە، خۆی سکرتێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان کەسێکە بە ئازایانە ئیش دەکات وە مەکتەب سیاسیەکەی یەکێتی بە سەربەخۆیی کاردەکات واتا لە چی دەترسین تا بڵێین نامانەوێت؟! "

"یەکێتی دەبێت سوربێت لەسەر بڕیارەکەی تا نەبێتە ژێر دەستەی هیچ لایەنێکی سیاسی"

باشە ئەگەر پارتی پێشنیاری ئەوە بخاتە بەردەمتان بڵێت، کاندیدەکەم دەکشێنمەوە ئێوەش د. بەرهەم با ئەو پۆستە بۆ کوردێکی سەربەخۆ بێت؟

ڕاوێژکارەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی جەختیکردەوە " یەکێتی نیشتمانی کوردستان سوورە لەسەر کاندیدی فەرمی خۆی(د. بەرهەم) وتی ئەو پۆستە مافی یەکێتیە، هەروەک چۆن پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان مافی پارتیە و کەس لە یەکێتی خۆی کاندید نەکرد وە نەشمان پرسی کێ کاندید دەکەن، چونکە بۆتە عورفێکی سیاسی ئەو پۆستانە."

لە کۆتایی قسەکانیدا ڕێزان شێخ دلێر ئەوەشی وت " یەکێتی دەبێت سوور بێت لەسەر ئەو هەنگاو و ڕێوشوێنانەی گرتویەتیەبەر چونکە ئەوە بۆ هێزی لایەنەکە دەگەڕێتەوە هەتا ئەگەر بەدەستیشی نەهێنین دەبێت نەبێتە ژێردەستەی هیچ لایەنێکی سیاسی تر لە گۆڕەپانەکە."

پـێشتر د. لەتیف ڕەشید لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا وتی داوای لە هیچ لایەنێک نەکردووە پشتگیریم بکات.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە هوشیار زێباری، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام وتی لە ئێستادا لێدوان نادات و دواتر قسەی دەبێت.

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ ڕێزان شێخ لەتیف