لەگەڵ ڕووداوەکاندا: عێراقی میرنشینەکان و ئێران

پێدەچێت لەوەتای ساڵی 2003وە بۆ یەکەم جار بێت ئەگەری پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی عێراقی دووربێت لە ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی ئێران بەسەریەوە.

وەک شیکەرەوە دەڵێن، دەشێت ئەو حکومەتە پێکبهێنرێت ئەگەر بێتوو موقتەدا ئەلسەدر سووربێت لەسەر بەجێگەیاندنی پەیمانەکانی.

موقتەدا لەمڕۆی عێراقدا باڵی کێشاوە بەسەر بواری سیاسی وڵاتەکەدا، بەڵام وەک دەگوترێت هەوڵەکانی موقتەدا بۆ لێدانی ڕکابەر و نەیارە سیاسییەکانی بەتایبەت ئەوانەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان گرێداوە بە بەرژەوەندییە جۆراوجۆرەکانی ئێرانەوە، دەبنە هۆکارێک تا ئەو لایەنانە سنورەکانی توڕەیی و ناڕەزایی خۆیان ببەزێنن.

ئێران نەیتوانی ڕۆڵیکی ئەوتۆی هەبێت لە یەکلاکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی مانگی 10ی عێراقییەکاندا، بەڵام پێناچێت تاران هەر ئاوەها دەستەوستان دابنیشێت و هیچ وزەیەکی خۆی نەخاتە گەڕ لە دۆسێی پێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵاتەکەدا.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، قائانی، سەرکردەی سوپای قودسی سەر بە پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و هەروەهاش موحەمەد ئەلکەوسەرانی، بەرپرسی دۆسێی عێراق لە حزبوڵای لوبناندا، گەیشتنە عێراق و مەبەستیش لە سەردانەکەیان ئەوەبووە هەر هیچ نەبێت کەلێنی ناکۆکییەکانی ناو ماڵی شیعە کەم بکەنەوە.

میوانی بەرنامە:
دکتۆر کەنعان حەمە غەریب، پسپۆڕی سیاسی

ڕەوتی سەدر ئێستا لە بەرەیەکە و لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کە بە دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن دادەنرێن لە بەرەیەکی تردان و شیعەکان خۆیان دەڵێن "بوونەتە دوو کارنامەی جیاواز و هەر بەرەیەکیشیان خاوەنی دید و ڕوانینێکی جیاوازە بۆ عێراق و بۆ حکومەتەکەی داهاتووشی."

سەدر دەڵێت حکومەتێکی دەوێت نە ڕۆژهەڵاتی و نە ڕۆژئاوایی بێت، ئەڵبەت ئەمەش وەها لێکدەدرێتەوە کە ئاماژەیەکە بەوەی ناخوازێت ئێران خاوەنی کاریگەرییەکی ئەوتۆبێت لە چوار ساڵی داهاتووی عێراقدا.

لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، لەوانە هاوپەیمانێتی فەتح، دەوڵەتی یاسا و ئەوانی تریش دەڵێن، لە هەڵبژاردندا دەستێوەردانی دەرەکی هەبووە و پەنجەی ئاماژەشیان بۆ قەتەر و تورکیا و عەرەبستانی سعودیە و هەروەها میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب درێژ دەکەن.
هەردوو بەرەی شیعە لە عێراقدا دەڵێن ناخوازن دەستێوەردانی دەرەکی هەبێت لە ئایندەی عێراقدا، بەڵام یەکێکیان ئێران بە دەستێوەردان دەزانێت و ئەوی تریشیان وڵاتانی سوننەی ناوچەکە بە دەستێوەردان دەزانێت.

ئەم دابەشبوونە بەسەر جەمسەرگەرایی شیعە و سوننە لە ناوچەکەشدا، ناوماڵی کوردیشی گرتۆتەوە.

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە چ جیاوازییەک هەیە لە دەستێوەردانی شیعەگەرا و سوننە گەراکاندا، لە کاتێکدا دەستێوەردان هەر یەک پێناسە و ناسنامەی هەیە!
دکتۆر کەنعان حەمە غەریب، پسپۆڕی سیاسی، وەڵامی پرسیارەکانی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەداتەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: عێراقی میرنشینەکان و ئێران