ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد بۆشایی ئەمنی لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی هەر ماوە و پڕنەكراونەتەوە، بڕیار وابوو كە دوو لیوای هاوبەشی تێكەڵاو لە پێشمەرگە و سوپای عێراقی دابمەزرێن بەڵام هێشتا هەنگاوە كۆتاییەكان ماون بەس هەماهەنگی بەردەوام و ئۆپەڕاسیۆنی هاوبەش هەیە.
لە وتووێژێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا، جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان گووتی" داعش شێوازی كاری تیرۆریستی خۆی گۆڕیوە ئێستا وەكو گرووپی بچووك بچووك كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات و لەزۆربەی ئەو ناوچانەی كە لێ بووە ئێستاش هەر ماوە وەكو عێراق، سوریا، یەمەن، ئەڤغانستان، میسر و لیبیا و وڵاتانی ئەوروپا ئیشی خۆی دەكات و لە سوشیاڵ میدیا بیروباوەڕی ئیسلامی توندڕەوی خۆی بڵاودەكاتەوە و هەوڵ دەدات خەڵكی زیاتر هان بدات و تا ئێستا مەترسیە لەسەر ناوچەكە، بینیمان پێش دوو ڕۆژ توانی پەلاماری بنكەیەكی عێراقی بدات و یازدە كەس لەو بنكەیە بكوژێت و جگە لەوەش پەلاماری زیندانی غوێرانی داوە لە ناوچەی حەسەكە و ئێستاش لەوێ هەر بەردەوامن لە شەڕ و مەترسیەكە بەردەوامە".
لەبارەی ئاماری ئێستای چەكدارانی داعش لە عێراق و ناوچە جێناكوكانی نێوان هەرێم و عێراق بەپێی زانیاریەكانی كاربەدەستانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەوبارەیەوە ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت" كەس ناتوانێت ژمارەی ئێستای چەكدارانی داعش دیاری بكات چونكە ئەوان پشت بە شانە نوستوەكان و گرووپی زۆر بچووك بچووك دەبەستن و لە هیچ ناوچەیەك جێگیرنابێت بەردەوام لە گەڕاندایە و هەوڵ دەدات بگەرێت و شوێنێكی لاواز بدوزێتەوە لە ناو پێگەكانی هێزەكانی سوپای عێراق و پێشمەرگە یان لە سوریا و ناوچەكانی تر بۆ ئەوەی پەلاماریان بدات یان بەشێوازی كەمین و قەناس لە دوورەوە یان بەدانانەوەی مین و خۆتەقاندنەوە لەو ناوچانە".
لەكۆتایی وتووێژەكەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت" داعش تەنها لەقەرەچۆغ نین لە زۆربەی ئەو ناوچانەن كە بۆشایی لەنێوانی دابەشبوونی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەناوچەی خانەقینەوە لەسەر سنوری ئێران تاوەكو ناوچەی سحێلا لەسەر سنوری سوریا كە نزیكەی 560 كیلۆمەترە جگە لەوەش لە هەندێك ناوچەی دەوروبەری بەغدا و ئەنبار و ناوچەی نزیك موسل و سوریا هەن بەڵام ژمارەیان دیاریكراو نییە و خۆیان گونجاندووە لەگەڵ ئەم شێوازە نهێنیە بە گرووپی بچووك هەوڵ دەدەن كارە تیرۆریستیەكانیان ئەنجام بدەن و پشت دەبەستن بەو كامپانەش كە كەسوكاری داعشی تێدایە لەسەر سنوری سوریا - عێراق و لەسەر سنوری سوریا - ناوچەكانی ئوردن، هەوڵ دەدات شانە نوستووەكانی خۆی زیندو بكاتەوە و لەناو زیندانیەكاندا بەردەوامی بدات بە رێكخستنەوەی زیندانیەكان بۆ ئەوەی كاری تیرۆریستی خۆیان ئەنجام بدەن".
Your browser doesn’t support HTML5