نەرویژ: دیپلۆماتکارانی ڕۆژئاوا دەست بە گفتوگۆ مرۆییەکان دەکەن لەگەڵ تاڵیبان

دیبلۆماتکارانی ئەمەریکا و ئەوروپا ڕۆژی دووشەممە دەستیان کرد بە گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی فەرمانڕەواکانی تاڵیبانی ئەفغانستان لەسەر چۆنیەتی کەمکردنەوەی قەیرانی مرۆیی لەو وڵاتەدا.

بەملیۆنان ئەفغانی لەم زستانەدا ڕووبەڕووی مەترسی برسێتی دەبنەوە، لە کاتێکدا هەژاری قوڵتر دەبێتەوە، نەرویج ئاسانکاری بۆ کۆبوونەوەکان دەکات.

نەرویج و هاوپەیمانانی ناتۆ بە فەرمی دان بە سەرۆکایەتی تاڵیباندا نانێن، کە ساڵی ڕابردوو دەسەڵاتیان گرتە دەست، بەڵام قسەکردن بە پێویست دەزانن، بە لەبەرچاوگرتنی قوڵبوونەوەی قەیرانەکان.

تۆماس وێست نێردراوی تایبەتی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا دەنوسێت: "ئێمە بەردەوام دەبین لە دیپلۆماسیەتی ڕوون لەگەڵ تاڵیبان سەبارەت بە نیگەرانیەکانمان و بەرژەوەندی بەردەواممان لە ئەفغانستانێکی سەقامگیر و ماف پەروەرانە و گشتگیردا."

بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا و یەکێتی ئەوروپا و نەرویج بەشداری کۆبوونەوەکان بوون.

ئەو بانگهێشتەی ئۆسلۆ لەلایەن هەندێک گروپەکانی ئەفغانی لە تاراوگە و هەروەها پارتی پێشڕەویی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستڕەوی نەرویجی ڕەخنەی لێ گیرا کە دەڵێن هەر هاوکارییەک لەگەڵ تاڵیبان تەنها خزمەت بەهێزکردنی پێگەی ئەو گروپە چەکدارە دەکات.

بەڵام وەزیری دەرەوەی نەرویج ئانکین هێویت گوتی 39 ملیۆن کەسەکەی ئەفغانستان بەهۆی داڕمانی ئابووری و پەتای کۆڤید-19 و وشکەساڵیەوە توشی قەیران هاتوون.

گوتیشی: " یەک ملیۆن منداڵ دەشێ لە برسێتیدا گیانلەدەست بدەن ئەگەر لە کاتی خۆیدا هاکارییان پێنەگات، هەروەها لەوانەیە ئەمساڵ 97٪ ی دانیشتوان بکەوێتە ژێر هێڵی هەژارییەوە."

نەرویج ڕاشیگەیاند کە شاندی تاڵیبان بە سەرۆکایەتی ئەمیرخان موتتەقی وەزیری دەرەوەی بەوەکالەت لەگەڵ هۆیتفێڵدت یان وەزیرەکانی تری سەر ئاستی حکومەت کۆبوونەوە ناکەن. بەڵکو لەوانەیە لەگەڵ سکرتێرێکی دەوڵەت یان وەزیرێک لە پێگەی نزمتر کۆببێتەوە.