بڕیارە تەرمی نۆ کۆچبەری کورد لە یۆنانەوە بگەیەنرێنەوە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر

Erbil International Airport

ڕاوێژکارێکی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات بڕیار وابوو ڕۆژی پێنجشەممە نۆ تەرمی کۆچبەرانی کورد بگەڕێنەوە بۆ فرۆکرخانەی هەولێر بەڵام بەهۆی بەفرەوە نەتوانراوە ئەو تەرمانە بگانەوە هەرێمی کوردستان، ئامادەکاری تەواویش لەو بارەیەوە کراوە.

هەڵگورد ساڵەیی ڕاوێژکاری فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" جەختمان لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی یۆنان بکات بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ئەو کۆچبەرانە بکات کە بەداخەوە لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی سێ بەلەمی یەک لە دوای یەک لە کۆتایی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو لە دەریای ئیجە، ژمارەیەک کۆچبەر گیانیانلەدەستدا، بەشێک لەو تەرمانەی دۆزراونەتەوە کە ژمارەیان نۆ تەرمە توانراوە بناسێنرێنەوە.

ساڵایی گوتیشی ئەو نۆ تەرمە لە سەروبەندی گەڕانەوەدان بڕیار وابوو ئەمڕۆ پێنچشەممە بگەڕێنەوە بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەو کەشوهەوایەی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە، بەفرێکی زۆر لە فرۆکەخانەی ئەسینا هەیە، پێشتر پلانەکە وابوو لە ڕێگەی تورکیاوە بێت بەڵام فرۆکەخانەی ئیستەنبوڵیش بەهۆی بەفرێکی زۆرەوە گەشتەکانیان دواخران."

کەسوکاری ئەو کۆچبەرانەی کە لە دەریای ئیجەدا خنکاون داوا لە لایەنی پەیوەندیدار و حکومەتی هەرێم و عێراق دەکەن هەرچی زووە هەوڵ لە پێناو گەڕانەوەی ئەو تەرمانە بدرێت.

ڕاوێژکاری فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق گوتی "فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو وڵاتانە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، باڵیۆزخانەی عێراق لەو وڵاتانە، نوێنەرایەتی ئەو وڵاتانەی کە لە هەرێمی کوردستانن ئامادەبوون، بەشێوەی نوسراوی ڕەسمی و هەروەها پەیوەندی ڕاستەوخۆ و بە سەردانیش لە پەیوەندیداین، هەروەها لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی یۆنانیش کۆبووەوە، ڕۆژی چوارشەممەش لە فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە بە ئامادەبوونی کەسوکاری ئەو بێ سەروشوێنانە لەگەڵ کونسوڵی گشتی یۆنان کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا."

لە لایەکی ترەوە بەپێی سەرچاوەکان دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران " ئەم (٩) کۆچبەرە سەرجەمیان هاوڵاتی هەرێمی کوردستانن هەشت کۆچبەریان لە ڕەگەزی مێ و یەک کۆچبەریش لە ڕەگەزی نێرە لە دەرئەنجامی ژێر ئاوکەوتنی یەختێک لە ڕێکەوتی ٢٣/١٢/٢٠٢١ لە دەریای ئیجە نزیک دوورگەی ئاتیکیثیرای یۆنان گیانیان لەدەستداوە و (٥٧) کۆچبەریش لە ڕووداوەکە ڕزگار کراون."

دەزگای لوتکە گوتیشی" لەلایەن دەزگای لوتکە لە ساتی ڕووداوەکەدا فایلی تایبەت بۆ قوربانیان ئەو ڕووداوە کراوەتەوە و ڕادەستی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، تێچووی گەڕانەوەی تەرمەکانیش لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دابینکراوە."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی ئەحمەد زێباری