ڕێبوار ئەوڕەحمان: نەوەی نوێ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق یەکلایی دەکاتەوە

چەند ڕۆژێکی تر پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و سەرۆکی عێڕاق هەڵدەبژێرن، لە نێوان ئەو پاڵێوراوانەی کە خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووە کە لە دوای پرۆسەی ڕوخانی سەدام حوسێنەوە، پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی نەتەوەی کورد بووە.

لەم بەرنامەیەی هەلەو واشنتن میوانداری یەکێک لە کاندیدەکانی سەرۆک کۆمار بەڕێز ڕێبوار ئەوڕەحمان دەکەین بۆ تاوتوێکردنی ئەو مافە دەستوریەی کە هەموو تاکێکی کورد کە مەرجەکانی تێدا بێت دەتوانێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بپاڵێوێت، ڕێبوار ئەوڕەحمان لەو بارەیەوە دەڵێت "دەچمە پرۆسەی دەنگدانەوە، وەک هاوڵاتیەکی کورد مافی خۆمە خۆم کاندید بکەم، ئەو پۆستەش بۆ هیچ کەسایەتی و حیزبێکی کوردی تاپۆ نەکراوە، دەچمە کێبڕکێکەوە."

یەکێتی و پارتی لە ساڵانی ڕابردوودا پۆستی سەرۆک کۆماریان لە نێوان خۆیاندا بڕاندبوویەوە، بەڵام لە ساڵی 2018 ەوە هەردوولایان کاندیدیان هەبووە، لە کاتێکدا لە چەندین خولی ڕابردووی حکومەتی عێڕاقی ئەو پۆستەی کورد لە لای یەکێتی نیشتیمانی بووە. ئەم جارەش پارتی و یەکێتی دوو کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هەیە، ئیدی روون نیە تای تەرازووی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان بە لای هۆشیار زێباریدا دەشکێتەوە، یاخود بەلای بەرهەم ساڵحدا.

لەو بارەیەوە ڕێبوار ئەوڕەحمان دەڵێت "هەڵبژاردنی سەرۆکی عێراق دەکەوێتە گەڕی دووەمی دەنگدان، چونکە هیچ کام لە پاڵێوراوەکان بە خۆشمەوە، دوو لەسەر سێی دەنگەکان بە دەست ناهێنن کە دەکاتە دەنگی 220 پەرلەمانتار، گەڕی دووەم دەنگدان تێیدا نهێنیە."

پارتی دیموکرات، سەدریەکان و سونەکان لە بەرەیەکی گەورەی هاوپەیمانیدان، هاوشێوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی، ڕەنگە نەتوانن پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلایی بکەنەوە کە هۆشیار زێباری کاندیدی پارتی دیموکراتە. وەک میوانی بەرنامەکەمان ئاماژەی بۆ دەکات، ئەو بەرەیەش پێویستیان بە دەنگی دیکە هەیە. لە بەرامبەردا، هاوپەیمانی ئیتاری تەنسیقی و یەکێتی نیشتیمانی و هەندێک لایەنی دیکە بەرەیەکی تری کوتلەی پەرلەمانین و لەو بەرەیەشدا یەکێتی نیشتیمانی کاندیدی سەرۆک کۆمارەکەی بەرهەم ساڵحە، کەوابوو کێ دەتوانێت ئەو هەڵبژاردنە یەکلایی بکاتەو؟

لەو بارەیەوە ڕێبوار ئەوڕەحمان پێی وایە نەوەی نوێ پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلایی دەکاتەوە، پێشتر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی کاک شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، رایگەیاند بوو کە پۆستی سەرۆک کۆمار نەوەی نوێ یەکلایی دەکاتەوە، ئێستا ئەوە ڕاستیەکی بەرجەستە کراوە، هاوپەیمانی نەوەی نوێ و ئیمتیداد وهەندێک لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ بەرەیەکیان پێکهێناوە بە ناوی لە پێناو خەڵکدا، کە ژمارەی کورسیەکانی 28 کورسیە و سەرۆکی جوڵانەوەکەشمان سەرۆکی هاوپەیمانێتیەکەیە، لەکاتی هەڵبژاردنی هەردوو جێگری پەرلەمان کە کاندیدمان بۆی هەبوو 34 دەنگمان هەبووە، لەبەر ئەوە روونە پۆستی سەرۆک کۆمار کێ یەکلایی دەکاتەوە."

نەوەی نوێ وەکو لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان توانیویەتی 9 کورسی پەرلەمانی عێراق بە دەست بهێنێت، وەک لایەنێکی کوردی کارو بەرنامەی لیستەکەیان لەم بەرنامەیە دەخاتە ڕوو، بە تایبەتی سەبارەت بەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە گیروگرفتەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی. ئەڵبەتە روونە تاوەکو ئێستا چەندین گەڕی حکومەت لە عێڕاق بەڕێوەچووەن و کۆمەڵیک گیروگرفتی نێوان ئەو دوو لایەنە هێشتا یەکلایی نەبوونەتەوە، هەر لە کێشەی ناوچە جیناکۆکەکان و جێبەجێ کردنی مادەی 140 هەروەها گرفتی هێزەکانی پێشمەرگە و بودجەی هەرێمی کوردستان.

لەو بارەیەوە ڕێبوار دەڵێت "بە بڕوای ئێمە بە ڕژدی کاری بۆ نەکراوە، ئەگەر بە شەرت و مەرجی جێبەجێکردنی ئەو داخوازیانە بەشداری حکومەتیان بکرایە، ئەو مادە دەستوریانە جێبەجی دەبوون، بە نموونە بۆچی هێزی پێشمەرگە کە یەکێکە لە هێزەکانی بەرگری عێراقی و لە دەستوردا ناوی براوە و قوربانیەکی زۆریشیان داوە، هێشتا مووچەکانیان هاوتای سوپای عێڕاقی نیە. نەوەی نوێ لە بارەی هەر پرسێکی کوردەوە بە تەنها 9 کورسی نیە، بەڵکو دەتوانێت 28 کورسی لە دەوری ئەو گرفتانە کۆبکاتەوە، لە هەرکاتێکدا مەسەلەیەکی یاسایی بە قازانجی کورد بێتە کایەوە زیاتر لە 28 کورسی هاوپەیمانێتیەکامان دەنگ بەو پرۆژانە دەدەن کە ئەوەش دەستکەوتێکی گرنگە."

Your browser doesn’t support HTML5

بەرنامەی هەلەو واشنتن