وتەبێژی نەوەی نوێ: تا ئێستا یەکێتی و پارتی وەڵامی فەرمیان نەبووە بۆ مەرجەکانمان

کۆشکی سەرۆکایەتی عێراق

وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، کە خاوەنی 9 کورسین لەپەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، گەر پارتی و یەکێتی دەستپێشخەری نەکەن بۆ ئەو 10 مەرجەی خستوویانەتە ڕوو، لەبەرانبەر دەنگدان بە کاندیدانی سەرۆک کۆمار، ئەوا کاندیدەکەیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ناکێشنەوە و هەوڵی سەرخستنی دەدەن، جەخت لەسەرئەوەش دەکاتەوە تا ئێستا یەکێتی و پارتی وەڵامی فەرمیان بۆ مەرجەکانیان نەبووە.

ئەو پرۆژە 10 خاڵیەی کەنەوەی نوێ کردوویەتیە پێشمەرج بۆ دەنگدان بە کانديدی دەرەوەی جوڵانەوەکە بۆ سەرۆک کۆمار، بریتین لە: هەرزانکردنی نرخی غاز و نەوت و بەنزین، لابردنی باج و رسومات لەسەر هاوڵاتیان و کاسبکاران، کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ تەواوی موچەخۆران، و گێڕانەوەی بەشێک لە موچە پاشەکەوتکراوەکان بۆیان، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و چەند داواکاریەکی تر.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، هیمداد شاهین وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، دەڵێت"هیچکام لەو مەرجانە داوای شەخسی و حیزبی نین، بەڵکو هەر دە خاڵەکە داوای خەڵکن، هەرلایەک ئامادەبێت مەرجەکانمان جێبەجێ بکات، قسەی ترمان دەبێت، گەر نەشیکەن، ئامادەنین ببینە بەشێک لەدەنگدان بەسەرۆک کۆمار."

جەختیشیکردەوە "بۆ خستنەڕووی ئەو مەرجانە، ڕاپرسیان ئەنجامداوە و گفتووگۆیان لەگەڵ خەڵک کردووە، خەڵک بەلایەوە گرنگبووە سنوورێک بۆ دۆخی نالەبەریان دابنرێت، هیچکام لەو مەرجانەش تەعجیزی نین، 7 بۆ 8 خاڵیان دەتوانرێت پێش هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار جێبەجێ بکرێن."

بەشێک لەبەرپرسانی یەکێتی پێیانوایە مەرجەکانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تایبەتن بەدۆخی هەرێم، لەکاتێکدا پۆستی سەرۆک کۆمار پۆستێکی تەشریفاتیە و پەیوەندی بەهەرێمەوە نیە، لەوبارەیەوە هیمداد شاهین وتی"ئێمە داوای جێبەجێ کردنی ئەو مەرجانەمان لەسەرۆک کۆمار نەکردووە، ئێمە مەرجەکانمان خستووەتە بەردەم ئەو لایەنانەی سەرۆک کۆمار دادەنێن."

سەبارەت بەوەی تا ئێستا هیچکام لەیەکێتی و پارتی وەڵامیان بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانیان هەبووە، وتەبێژی نەوەی نوێ وتی"تا ئێستا هیچ دەستپێشخەرییەکی فەرمی نەبووە بۆ مەرجەکانمان لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە."

هیمداد شاهین ئاماژەی بەوەشکرد، گەر مەرجەکانیان لەلایەن هەرکام لەیەکێتی و پارتیەوە جێبەجێ بکرێت، قسەی تریان دەبێت، بەپێچەوانەوە کاندیدیدەکەیان کە ڕێبوار عەبدولڕەحمانە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ناکشێننەوە و هەوڵی سەرخستنی دەدەن.

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، هیمداد شاهین وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بە پشتبەستن بە بۆچوونی شارەزا عێراقیەکانی بواری دەستور، ڕوونیکردەوە ئامادەبوونی 165 پەرلەمانتار نیسابی یاسایی تەواو دەکات، وتی"ئاماژەکان بۆ تەواوبوونی نیساب و بەشداریکردنی چوارچێوەی هەماهەنگی لەدانیشتنەکەی ڕۆژی 7ی مانگی داهاتوو دەچن."

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی ڕاپۆرتی پەیامنێر دڵشاد ئەنوەر