گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە بارەی ئـەو ململانێ و ناکۆکیەی نێوان لایەنە کوردیەکان و بەتایبەتیش لە نێوان دوو پارتی دەسەڵاتداری هەرێم كە لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دروستبووە دەڵێت" لێرە و لەوێ دەبیستین کە هەڕەشەی دوو ئیدارەیی لە ئارادا هەیە و ئاشکراشی دەکات کە هەوڵێك هەیە و لەگەڵ ئەو هەوڵەدا پارتی و یەکێتی لەسەر یەک کاندید رێکبکەون."
محەمەد حەکیم گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "وەکو عورفێک پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد و نەتەوەی کورد و هەرێمی کوردستانە پێمان خوشبوو ئەو برادەرانەی کە ئەم شەڕو مشتومڕانە دەکەن هاتبان لە کۆبوونەوەیەکی حزب و لایەنە سیاسیەکان لە هەرێمی کوردستان بیانکردبا و بە هەموومان لەسەر یەک کاندید ڕێکەوتباین، بۆیە ئەو داخوازی وچاوەڕوانیەمان هەیە کە ئـەوە بێتەدی و بتوانین وەکو کورد لەسەر یەک کاندید رێکبکەوین. ئەو چاوەڕوانیەش زیاتر لە یەکێتی و پارتی خۆیانن کە لەسەر کاندیدێک رێکبکەون و پێشموایە بەرپرسیاریەتی پارتی گەورەتر دەبێت زیاتر کە هەوڵی یەکریزی نێوماڵی کورد و ئیدارەی هەرێمی کوردستان بدات چونکە ئێمەش لێرە و لەوێ دەبیستین هەڕەشەی دوو ئیدارەیی لە ئارادا هەیە."
ناوبراو دەشڵێت" ئێمە تا 7ی مانگ ئەو چاوەڕوانیەمان هەیە کە ئـەو برادەرانە بتوانن کۆبوونەوەیەک ساز بکەن و بگەنە ئەنجامێک."
لە وەڵامی ئەو پرسیارانەی کەوا بۆچی زیاتر لە چەندین کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق نەبن ؟ یان بوونی یەک کاندیدی کورد و رێککەوتن لەسەر ئەو کاندیدە نابێتە بەرتەسککردنەوەی ئازادیەکان و سنوردانان بۆ دیموکراسیەت ؟
لەو بارەیەوە گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری کوردستان دەڵێت" ئێستا ئەو دووبەرەکیەی پارتی و یەکێتی گرفتی بۆ کورد دروستکردووە ئەگەر نا خۆ کورد 10 تا 12 پالێوراوی تری هەیە کاندیدەکان ئازادن بەڵام دەنگ ناهێنن بۆچی خۆیی ماندوودەکات؟ یاخود بۆچی ئەو ململانێ و دووبەرەکیەی ساڵی 2018 دووبارەبێتەوە؟ ئەوەی ڕوونە زیاتر شەڕی پلەو پۆست دەکەن لە بەغدا، ئێمە کۆمەڵێک شتی دەستوری و ناوچەی جێناکوک و مادەی 140 و مووچەی پێشمەرگەمان هەیە و بەردەوام چارەنووسی 200 ملیارمان هەڕەشەی بڕینی لەسەرە ئەمانە ئێستا خەمی سەرەکی میلەتی کوردن."
بەپێی زانیاری و چاوەڕوانیەکانی محەمەد حەکیم گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لەسەر ئەنجامی ئەو ململانێیەی کە لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەکرێت كە ئاخو بەکوێ دەگات، لەو بارەیەوە ناوبراو دەڵێت " ئەوەی بیستوومە هەوڵێک هەیە و لەگەڵ ئەوەم ئەو هەوڵە سەربگرێت ئەویش ئەوەیە بکرێت پارتی و یەکێتی لەسەر یەک کاندید رێکبکەون چاکترە، پێشموایە دواجار پارتی جۆرێک لە موراعاتی دەرهاوێشتەی ئەو هەنگاوەی بکات کە کاندیدی بەرامبەر بە کاندیدی یەکێتی هەیە ئایا بۆ هەرێم خراپ نابێت ؟ ئایا یەکێتی لەولاوە هیچ هەڕەشەو گوڕەشەیەکی هەیە بەرامبەر بە ئیدارەی هەرێم ؟ لەبەر ئەوەی بەرپرسیاریەتی سەرۆکایەتی حکومەت و هەرێم لای پارتیە ئەو بەرپرسیاریەتیە دەکەوێتە سەر شانیان هەنگاوێکی وا نەنێن کە ئەوان و دواتریش یەکێتی پرسی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق و ئەو ناکوکیە بگوازرێتەوە بۆ ناو هەرێم و مەترسی دوو ئیدارەیی سەرهەڵبدات."
بڕیارە ڕۆژی 7ی مانگی 2 لە پەرلەمانی عێراق هەڵبژاردن بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق بكرێت و هەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نشتیمانی كوردستان و نەوەی نوێ و چەندین كەسی تری سەربەخۆش بە جیا كاندیدی خۆیان بۆ ئەو پۆستە هەیە و پارتی بە مافی خۆی دەزانێت و یەكێتیش بە ئیستیخقاقی خۆی بۆیە ناكوكی نێوان ئەو دوو پارتە دەسەڵاتدارەی هەرێم هێشتا بەردەوامە.
Your browser doesn’t support HTML5