وردەکاری پەیامەکەی ئێران بۆ بارزانی و هەڵوێستەکانی موقتەدا سەدر

کێشەی نێوان ڕەوتی سەدر و هێزە شیعەکان تا دێت قوڵتردەبێتەوە، سەدر پێداگیرە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە، لایەنە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیش کە خاوەنی هێز و چەکن، هەڕەشەی قەبوڵ نەکردنی پەراوێزخستن دەکەن، ئێرانیش هەوڵەکانی بۆ لە یەکترنزیککردنەوەیان چڕدەکاتەوە.

پێداگیری کردنی ڕەوتی سەدر لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی لەکاتێکدایە، ڕێککەوتنی لەگەڵ عەرەبی سونە و پارتی دیموکرات هەیە، بەپێی ڕێککەوتنەکە دەتوانن زۆرینەی پەرلەمانی بەدەست بهێنن و حکومەت بێ لایەنە شیعەکان پێکبهێنن، ئەمەش وایکردووە هێزە شیعەکان تەنها لە سەدر نیگەران نەبن، بەڵکو لەپارتی و عەرەبی سونەش توڕەبن.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران، سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کردووە، دوو پەیامی عەلی خامنەیی ڕابەڕی کۆماری ئیسلامی پێگەیاندووە، دوای سەردانی فەرماندە سەربازیەکەی ئێران، بارزانی وەفدێکی ڕەوانەی لای موقتەدا سەدر کرد.

شوان محەمەد بەرپرسی لقی بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونیکردەوە، تێڕوانینێکی هاوبەش هەبووە لای سونە و پارتی و ڕەوتی سەدر، پارتی بە دوو شێوە دۆسیەکەی بەڕێوەبردووە، دروستکردنی یەکانگیری لە بیروبۆچوون، هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی لایەنە ناکۆکەکانی شیعە، وتی"بەداخەوە بۆشایی نێوان شیعەکان گەورەبوو، جەنابی سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمانی ناردە لای سەماحەتی موقتەدا سەدر، تا کێشەی نێوانیان لەگەڵ شیعەکان کەمتر بکرێتەوە، تا هەوڵبدرێت حکومەتێکی زۆرینەی نیشتیمانی پێکبهێنرێ بۆ خزمەتکردنی خەڵک."

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران ئەو پەیامەی بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە، ئێران ڕازی نابێت بە تێکچوونی نێو ماڵی شیعە و هۆشداریداوەتە کورد، گەر ببێتە بەشێک لە هەوڵەکان بۆ لەیەکترازانی نێو ماڵی شیعە، ئەوا بێدەنگ نابن.

بەشێکی تری پەیامەکەشی بریتی بووە لە چەند بەڵێنێک، گەر کورد هاوکاربێت بۆ لەیەکترنزیککردنەوەی هێزە شیعەکان، ئەوا لەداهاتوودا فاکتەری خەیر دەبن و ناهێڵن هەرێم لەمەسەلەی بودجە و زۆر پرسی تردا، لەگەڵ عێراق کێشەی بۆ دروست ببێت.

دوای سەردانەکەی قائانی، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی و محەمەد حەلبوسی ڕەوانەی لای سەرۆکی ڕەوتی سەدرکرد، بەڵام دوای یەکتربینینەکە، سەدر ڕاگەیەنراوێکی کورتی بڵاوکردەوە و پێداگیری لەسەر هەڵوێستەکانی پێشووتری بۆ پێکهێنانی حکومەتی نیشتیمانی کردەوە.

دەربارەی پێداگیری کردنی موقتەدا سەدر لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی، دوای بینینی نێچیرڤان بارزانی و حەلبوسی، شوان محەمەد وتی"نابێت هیچ لایەک وەلابنرێت، وەکچۆن ناشبێت ئیرادەی زۆرینە لەعێراق بخرێتە لاوە و دەبێت زۆرینە خاوەن قسەبێت، هەوڵدەدرێت پانتاییەک دروست بکرێت تا گرێ کوێرەکان بکرێنەوە، ئەوەی لای سەدر بووەتە گرێ کوێرە ئەو چەکەیە کە لەدەستی حکومەت نیە، ڕەنگدانەوەی سلبی لەسەر هەیبەتی عێراق هەبووە."

دوای پەیامی ئێرانیەکان بۆ پارتی و عەرەبی سونە، لە ئێستادا دوو سیناریۆی دیکە لە ئارادان، سیناریۆی یەکەم، پاشەکشەکردنی پارتی و سونە لە ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ سەدر کە لەڕووی نێوبانگەوە قورس لەسەریان دەکەوێت، یاخود بەردەوامیدان بەڕێککەوتنەکە و ئاڵۆزتربوونی دۆخی عێراق.

شێرکۆ میروەیس ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"عێراقی بێ تەوافق بەرەو پشێوی دەڕوات، عێراقی بێ تەوافق بەرەو هەڵدێر دەڕوات، چونکە عێراق فرە نەتەوە و فرە پێکهاتە و فرە مەزهەب و فرە بیروبۆچوونی جیایە."

وتیشی"شەڕێکی گەورەی ناوخۆ لەبەر دەرگای عێراقە، گەر هێزەکان ڕێکنەکەون و ناکۆکیەکان وەلا نەنێن."

دەربارەی پەیامەکانی ئیسماعیل قائانی بۆ مەسعود بارزانی، شوان محەمەد بەرپرسی لقی بەغدای پارتی وتی"قائانی داوای لەهەرێم کرد، یاخود هەوڵیدا پێگەی بارزانی بقۆزێتەوە، تا لەگەڵ سەدر قسەبکات و کەمێک دۆخەکە هێوربکاتەوە."

تا دێت عێراق لەوادەی دەستوری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەت نزیک دەبێتەوە، لەکاتێکدا تا ئێستا هەوڵەکان بۆ لەیەکترنزیککردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان شکستیان هێناوە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر