درێژترین بروسکەی هەورە تریشقە لە جیهاندا، ئاسمانی سێ ویلایەتی ئەمەریکا دەگرێتەوە

بروسکەی هەورە تریشقەیەک کە نزیکەی 800 کیلۆمەتر و بەدرێژایی سێ ویلایەتی ئەمەریکا بوو، وەک درێژترین بروسکە لە جیهاندا تۆمارکرا.

رێکخراوی جیهانی کەشناسی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند لە مانگی 4ی ساڵی 2020دا، بروسکەیەک بە درێژی 768 کیلۆمەتر ئاسمانی تەکساس، لویزیانا و مسیسیپی گرتوەتەوە و ئەمەش تۆماری پێشوو دەشکێنێت کە لە ساڵی 2018دا لە بەرازیل ڕوویدا و 709 کیلۆمەتری گرتەوە.

هەروەها لە ساڵی 2020دا، بروسکەیەک بەسەر ئۆرۆگوای و باکووری ئەرژەنتیندا، 17.1 چرکەی خایاند و شوێنی تۆماری پێشوو کە 16.7 چرکەی خایاندبوو، گرتەوە.

ڕەنداڵ سێرڤێنی لە زانکۆی ویلایەتی ئەریزۆنا کە سەرۆکی پشتڕاستکردنەوەی تۆمارەکانە بۆ ڕێکخراوی کەشناسی، گوتی بە شێوەیەکی ئاسایی بروسکە زیاتر لە 10 میل درێژ نابێتەوە و کەمتر لە چرکەیەک دەخایەنێت.

سێرڤێنی لە ئیمێڵێکدا ڕایگەیاند "ئەم دوو تۆماری هەورە بروسکەیە، بە تەواوی نائاسایی و جێگای سەرسوڕمانن."

ئەو گوتیشی هەردوو بروسکەکە چەندین مەتر لەسەر زەوی دوور بوون و هەر بۆیەش مەترسی بۆ هیچ کەسێک نەبوو.

ئەم تۆمارانەی کە پەیوەندییان بە گۆڕانی کەش و هەواوە نییە، بە یارمەتی تەکنەلۆجیای نوێ و سەتەلایت دەستنیشانکراون و پشتڕاستکراونەتەوە.

سێرڤێنی گوتی هەردوو هەرێمەکە دوو لەو شوێنە دەگمەنانەی جیهانن کە زریانی گەورە و قورسیان تێدا دروست دەبێت و ئەمەش وادەکات ئەو شتەی کە 'مێگافلاش'ی پێدەوترێت، بەرهەم بهێنن.