لێکۆڵینەوەیەک پێشێلکاری لە بەرامبەر مافەکانی کرێکاران لە میرنیشینە یەکگرتووەکانی عەرەب دەخاتەڕوو

بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێ کە ڕۆژی چوارشەممە لە لایەن گروپێکی داکۆکیکار لە مافەکانی کرێکارانی بنکە لە لەندەن بڵاوکراوەتەوە، ئەو ژمارە کرێکارانەی کە سایتی سەرسوڕهێنەری ئێکسپۆی 2020ی شاری دوبەیان دروستکردوە و هێشتاش بەردەوامن لە کارکردن تێیدا، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پێشێلکاری زۆر بوونەتەوە و مافەکانیان لەبەرچاو نەگیراوە.

ڕاپۆرتەکە کە لە لایەن ڕاوێژکاری ئیکوایدێم(Equidem) بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت کە حکومەتی ئیمارات شکستی هێناوە لە خستنەڕووی ئەوەی کە تا چەند پابەند بووە بەوەی کە مافەکانی کرێکاران لە پڕۆژەی ئێکسپۆ پارێزراوە و پێشێل نەکراوە.

ئەم ڕاپۆرتە دوای ئەوە دێت کە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس لێکۆڵینەوەیەکی بڵاوکردەوە لەسەر بنەمای چاوپێکەوتن لەگەڵ زیاتر لە دە کارمەندی ئێکسپۆ سەبارەت بە سکاڵاکانیان، لەوانە دامەزراندن و وەرگرتنی خەڵک بە شێوەی نایاسایی، زەوتکردنی پاسپۆرتی خاوەنکارەکان و خواردنی خراپ و ناتەواوی کرێکاران.

ئەو هەواڵە هەروەها دوای توێژینەوەکانی پێشووی دامەزراوەی ئیکوایدێمەوە دێت بۆ بارودۆخی کرێکارانی بیناسازی ساڵێک پێش کردنەوەی ئەو پێشانگا جیهانیە، کاتێک کرێکارەکان ڕایانگەیاند کە ئەوان بۆ ماوەی چەند مانگێک و لە میانەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا موچەکانیان پێنەدراوە.

موستەفا قادری، نوسەری ڕاپۆرتەکەی ئیکوایدێم و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەو گروپە داکۆکیکارەی مافەکانی کرێکاران لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی "من بە ڕاستی بینم کە پێشێلکارییەکان چەندە زۆرن و چەندە کاری زۆرەملێ ڕوودەدات، سەرم سوڕما و ئەمەش ئەو پرسیارەمان لا دروست دەکات کە سیستەمی کار لە میرنیشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی چەندە کاریگەرە، چونکە ئێکسپۆ یەکێک لە گەورەترین پرۆژەکانە لەو وڵاتەدا."

ڕێکخەران و بەڕێوەبەرانی ئێکسپۆ و هەروەها دەسەڵاتدارانی میرنشینە یەکگرتووەکانیش وەڵامی داواکاریەکانیان بۆ لێدوان سەبارەت بە ڕاپۆرتەکە نەدایەوە.

ڕێژەی خەڵکی بیانی لە ئیمارات نۆ کەس بەرامبەر بە یەک هاوڵاتی ئەو وڵاتەیە و ئەمەش پیشاندەری ڕێژەیەکی زۆری کرێکارە بیانییەکانە کە بە زۆری لە وڵاتانی وەک ئافریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە بە هۆی دۆخی نالەباری ئابووری وڵاتەکەیان ڕوودەکەنەوە ئەو وڵاتە.

سیستەمی بەرگریکردن لە مافەکانی کرێکاران لەو وڵاتەدا ماوەیەکە کەوتووتە ژێر ڕەخنەی زۆرەوە.

ڕەگەزپەرستی هێشتا پرسێکی گەورەیە کە لەو وڵاتەدا ڕەگی داکوتاوە. لە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب کۆیلایەتی بە شێوەیەکی فەرمی تا ساڵانی 1960کان هەڵنەوەشێنرایەوە و کرێکارە ڕەش پێستەکان لە ئافریکا و باشووری ئاسیاوە بە شێوەیەکی بەردەوام باس لەوە دەکەن کە موچەکانیان بە بەراورد بە کرێکارانی دیکە کەمترە و مافەکانیان زیاتر پێشێل دەکرێت.