توێژینەوەکان: عێراق لە ساڵی 2021دا ئامانجی سەرەکی پڕۆژەی ژێرخانی چین بووە

بە پێی توێژینەوەیەک کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، عێراق لە ساڵی 2021دا ئامانجی سەرەکی پڕۆژەی ژێرخانی چین بوو بە ناوی( One Belt One Road) بە وەرگرتنی 10.5 بلیۆن دۆلار یارمەتی دارایی بۆ پڕۆژەکانی، لە ناویشیاندا وێستگەیەکی نەوت.

( One Belt One Road) یەک کەمەربەند و یەک ڕێگا، پلانی پەرەسەندنی ژێرخانی جیھانییە لە لایەن وڵاتی چینەوە بۆ وەبەرهێنان لە هەندێک وڵاتدا کە لە ساڵی2013وە دەستی پێکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی سەنتەری پەرەپێدانی دارایی سەوز لە زانکۆی فودان شانگهای، کۆی گشتی بەشدارییەکانی چین بۆ وەبەرهێنان و هاوکاری لە 144 وڵاتدا لە ڕێگای ئەو پرۆژەیەوە، بڕی 59.5 بلیۆن دۆلار بووە لە ساڵی 2021دا و ئەمەش بە بەراورد بە ساڵی 2020 کە بڕەکەی 60.5 بلیۆن دۆلارە بووە، جیاوازیەکی ئەوتۆی نییە.

وەبەرهێنانی ساڵی ڕابردووی وڵاتی چین لە وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نزیکەی 360٪ بە بەراورد بە ساڵی 2020 بەرز بووەتەوە، هەروەها بەشداری بنیاتنانی پڕۆژەکانی ڕێگاوبان بە ڕێژەی 116٪ بە بەراورد بە ساڵی 2020 بەرزبونەوەی بە خۆیەوە بینیووە.

بە پێی توێژینەوەکە، وڵاتی عێراق کە ساڵی ڕابردووەوە ئەمەریکا تیایدا کۆتایی بە ئەرکە سەربازییەکانی خۆی هێناوە، لە ساڵی 2013ەوە، لە دوای پاکستان و ڕوسیا، سێیەم گەورەترین هاوبەشە لە بەشداریکردنی پڕۆژەکانی چیندا.