هەلەو واشنتن: چارەنوسی پەیوەندیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی

دوابەدوای ململانێی توندی نێوان پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتیمانی، لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار لە بەغدا. دۆخی ئەو دوو پارتە دەسەڵاتدارەی هەرێم بە ئاقارێک گەیشتووە کە دەرگای وتوێژیان بە ڕووی یەکتریشدا داخستووە. ئاخۆ پەیوەندی ئەو دوو پارتە لە ئایندەدا بە کوێ دەگات، کە هەردوولایان ناوچەیەکی فراوانی هەرێمەکەیان لە ژێر دەستدایە.

ئەم مژارە سیاسیە، بابەتی گفتوگۆی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی هەلەو واشنتنە، لەگەڵ هەردوو کادری ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکرات، بەڕێزان کارزان سەباح هەورامی وەک پارتی دیموکرات و ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد وەک یەکێتی نیشتیمانی. هەردوولایان ئەوەیان دوو پات کردەوە کە دەرگای گفتوگۆ لە نێوان حیزبەکانیاندا داخراوە.

لە دوای هەموو هەڵبژاردنێک، دۆخی سیاسی عێڕاق، بە چەندین قۆناغدا گوزەر دەکات. تا لایەنە سیاسیەکان دەکەونە رێکەوتن و دروستکردنی حکومەت. بەردەوام رێکەوتن لە نێوان لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنەکە بەشێوەیەکی تەوافوقی بووە، هەرچەندە ئەم جارە رەنگە گۆڕانکاری بەسەر ئەو شێوە رێکەوتنەشدا بێت، ئەگەر ئەو هاوپەیمانیەی دروست بووە لە نێوان پارتی وسەدرو سونەکاندا، بتوانێت بەرگەی فشارە دەرەکی و نێوخۆییەکان بگرێت و حکومەتی زۆرینە پێک بهێنن.

ئەڵبەتە نەخشەی سیاسی نێوان پێکهاتەکان لە عێراق تووشی جۆرێک لە ترازان بووە، دابەش بوونی قووڵ لە نێوان لایەن شیعییەکان هەروەها سونەکان و کوردیش کەوتووەتەوە. لە پێکهێنانی حکومەتی ئایندەدا، کوردیش نەیتوانیوە لە ژێر سەیوانێکدا کۆببنەوە.

بە بڕوای کارزان هەورامی دروست بوونی کێبڕکێ و ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی هەر هەبووە، ئەم جارە کەمێک جیاوازترە وەک دەڵێت "پەیوەندی یەکێتی و پارتی تەنها لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار هەڵکشان و داکشانی بەخۆوە نەدیوە، لە ڕابردووش لەسەر زۆر پرسی تریش هەیان بووە، هەر لە گرفتی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە، کورسی کۆتاکان، مەسەلەی پرسی ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان. بۆ ئەمجارە لە بابەتی پۆستی سەرۆک کۆمار پارتی هەنگاوێکی نوێی ناوە. ئەوەی تائێستا بە دیمان کردووە، قۆناغێکی نوێی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتیە. ئەوەی تا ئەمساتە وەختە قسەی لەسەر دەکەین، گفتوگۆی نێوانیان قفڵ کراوە، هیچ گفتوگۆیەکی فەرمی و نافەرمی نیە، دەکرێ دوای یەکلایی بوونەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار، گفتوگۆ و دانیشتنی زیاتر بکرێت."

کادرانی یەکێتی هۆکاری ئەو درزەی پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی و نەبوونی یەک گوتاری لە بەغداد، بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەگەڕیننەوە کە بەبێ ئاگاداری یەکێتی، هاوپەیمانیەکیان سازداوە.

لەو بارەیەوە ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت "یەکێتی هەرگیز چاوەڕوانی شتێکی وەهای لە پارتی نەکردووە، یەکێتی لە ڕوانگەی تەوافقەوە لە پۆستی سەرۆک کۆمار دەڕوانێت، ئەمە پەیوەندی نییە بە ژمارەی کورسییەوە، پەیوەندی بەو تەوافقەوە هەیە کە لە نێوان پێکهاتەکاندا کراوە، پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کوردە و سەرۆک وەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی پەرلەمان بۆ سونە، لە نێوان یەکێتی و پارتیش رێکەوتن کراوە کە پۆستی سەرۆکی هەرێم بۆ پارتی بووەو پۆستی سەرۆک کۆماریش هی یەکێتی بووە. کاتێک چوینە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق، سەیر دەکەین بەر لە دانیشتنەکان رێکەوتنێک کراوە لە نێوان سەدرو حەلبوسی و پارتییەوە، زیاتر کێشەکە لەو خاڵەوە دەستی پێ کردووە. "

پارتی دیموکراتی کوردستان کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانە، وەک ئەم کادیرەشیان ئاماژەی بۆ دەکات، کە زۆر جاری تر پارتی رەچاوی دۆخی یەکێتی کردووە و ئەمجارە پارتی ئەو پۆستە بەمافی خۆی دەزانێت و پاڵیوراوی خۆی هەیە. پێشی وایە لەمەودوا پارتی بە پێی ژمارەی کورسی مامەڵە دەکات"پارتی دیموکراتی کوردستان بە پیی ژمارەی کورسی مامەڵە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەکات، لەو حاڵەتەی یەکێتی کە خۆی وتوییەتی ریکەوتنی ستراتیژی نەماوەو لە نەبوونی هیچ رێکەوتنێکی پێش وەختەدا، یاخود ئەگەر رێکەوتن نەبێت، دەبێت ژمارەی کورسی قسە بکات".

دۆخی هەرێمی کوردستان لە دوای شەڕی نێوخۆ لە نێوان یەکێتی و پارتیدا، دوو زۆنی خستووەتەوە. زۆنی سەوزو زۆنی زەرد. هەرچەندە چەندین خولی هەڵبژاردن پێکەوە حکومەتی هەرێمیان بردووە بەڕێوە، بەڵام نەتوانراوە ئەو دوو زۆنییە کۆتایی پی بهێنن. وەک ئازاد ئیبراهیم کادری راگەیاندنی یەکێتی ئاماژەی بۆ دەکات، ئەمری واقیع شتێکە و بۆچوونی دیش شتێکی دیکەیە، لەو بارەیەوە دەڵێت "ئێمە مادام دوو زۆنی سەوز و زەردمان هەیە، بەردەوام بەرپرسانی پارتی دەڵێن، توانامان نییە بەڕێوبەرێک لە زۆنی سەوز بگۆڕین، کە وابوو بۆ ئەم دوو زۆنە ژمارەی کورسی پێوەر نابێت، بشڵێی من ئیتر بەو پێوەرە مامەڵە لەگەڵ زۆنی سەوزدا دەکەم، ئەگەر یەکێتی یەک کورسیشی هەبێت و زۆنەکە جیا بکاتەوە، زۆنی سەوز لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا دەبێت. ئێمە دەبێت لۆژیکانە لە دۆخەکە بڕوانین، نەک هەرچییەک لە سەرکردەکانمان هاتە خوارەوە هەموو بڵێین ئامین. ئەگەرئێستا پارتی کورسی بخوێنیتەوە، هەتا قیامەت لە زۆنی سەوزدا ناتوانێت دەسەڵاتێکی رەهای هەبێت، ئەمەش واقیعەکەیە.

خاڵێکی تر کاتێک باسی قەیران یان تێکچوونی ئاسایشی هەرێمەکە دەکرێت، یان باسی گەندەڵی دەکرێت. بۆچی یەکێتی بەقەد پارتی تۆمەتبار بکرێت. بەڵام کاتێک دێیتە سەر باسی دەسەڵات ژمارەی کورسی پێوانە بێت."

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەیە، هێشتا روون نییە لە کاتی خۆیدا بە ئەنجام دەگەیەنرێت، یاخود نا. هەرچەندە وەک کارزان باسی دەکات، حیزبەکەیان سوورە لەسەر جێبەجێکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا. لەو بارەیەوە دەڵێت " پارتی سورە لەوەی کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، ئەگەر لیست و فراکسیۆنەکانیش لەگەڵیدا نەبن. ئەوا بەزۆرینەی پەرلەمان، کاتی هەڵبژاردنەکە دیاری دەکەن و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش کارا دەکەنەوە."

Your browser doesn’t support HTML5

هەلەو واشنتن