سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ستایشی ئەمەریکا دەکات لە بەرامبەر کوژرانی ڕێبەری داعش لە سوریا

ئۆفیسی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە سەرۆک وەزیرانی وڵات نەفتالی بێنیت پیرۆزبایی لە سەرۆک جۆو بایدن کرد بۆ ئەو پەلامارەی هەفتەی ڕابردوو هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا لە سوریا ئەنجامیاندا، کە بووە هۆی کوژرانی ڕابەری ڕێکخراوی داعش ئەبو ئیبراهیم ئەل قوڕەیشی.

لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ سەرۆک جۆو بایدن نەفتالی بێنیت بە سەرۆک بایدنی گوت کە جیهان ئێستا شوێنێکی زیاتر سەلامەتە، ئەوەش وەک بێنیت گوتی بەهۆی ئەو کردە لەشکریە ئازایانەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا ئەنجامیاندا.

هاوکات بێنیت و بایدن باسیان لە چالاکیە لەشکریەکانی ئێران لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، هەروەها باس لەو هەوڵانەش کرا کە ڕێگری لە بەرنامەی ناوکی ئێران دەکەن.

جێی ئاماژەیە ئیسرائیل و ئێران دوو دوژمنی سەرسەختی دژ بەیەکتری هەرێمین و ئیسرائیل دەنگی نیگەرانیەکانی خۆی بەرزکردوەتەوە سەبارەت بە هەوڵەکانی دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوکی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان.

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا