ژن کوشتن لە ئێراندا

ڕۆژی شەممە، 5ی مانگی دوو، کۆمەڵێک وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرانەوە کە تێیدا گەنجێک دەبینرێت کە بە چەقۆی دەستییەوە سەری ژنێکی گەنجی بڕیوە و بە شەقامەکاندا دەیگێڕێت و بە شانازییەوە پیشانی خەڵکی دەدات. وەک دەوترێت ئەو ژنەی کە کوژراوە، هاوسەری ئەو گەنجە بووە و تەمەنی 17 ساڵ بووە.

دواتر ئاژانسی هەواڵی ڕۆکنا و هاوکاتیش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڤیدیۆی ئەو کوشتنە سامناکە بڵاو دەکەنەوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆکنا دواتر بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی دیمەنی نەشیاو و بریندارکردنی ڕای گشتی، بە بڕیاری دەستەی سەرپەرشتیاری ڕۆژنامەوانی داخرا.

ژینا مودەڕێس گورجی، چالاکوانی ژنان و ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ژێڤانۆ لە شاری سنەوە لە گفتوگۆیەدا بۆ دەنگی ئەمەریکا لە بارەی ڕووداوەکەوە دەڵێت " ئەو ژنەی کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا لەلایەن هاوسەرەکەی کە ئامۆزای بووە، سەربڕدرا، ناوی مونا حەیدەرییە و تەمەنی 17 ساڵ بووە."

خاتوون ژینا هەروەها دەڵێت "مونا حەیدەری وەک قوربانییەکی یاسای هاوسەرگیری منداڵان لە ئێران، لە تەمەنی 12 ساڵیدا ناچار دەکرێت لەگەڵ ئامۆزاکەی هاوسەرگیری بکات و دواتر ماوەیەک پێش ئێستا بۆ دەربازبوون لەو هاوسەرگیرییە دەڕواتە وڵاتی تورکیا، بەڵام خێزانەکەی بە قسە فریوی دەدەن و دەیهێننەوە بۆ شاری ئەهواز و دواتریش هاوسەرەکەی بە یارمەتی براکەی سەری دەبڕن. "

ڕووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری بە دوای خۆیدا دروستکردووە و وایکردووە جارێکیتر چالاکوانانی مافی یەکسانخوازی و ژنان داوای دەستبەرکردنی هەندێک لە مافە سەرەتاییەکانیان بکەن، لەوانە داوای پەسەندکردنی پرۆژە یاسای پاراستنی ژنان لە توندوتیژی.
خاتوون ژینا لە بارەی ئەم پرۆژە یاساییەوە دەڵێت ساڵانێکی زۆرە چالاکوانانی ژن کار بۆ ئەوە دەکەن پرۆژە یاسایەکی لەو چەشنە لە ئێران پەسەند بکرێت بۆ ئەوەی تا ئاستێک توندوتیژییەکانی بەرامبەر بە ژنان کەم ببێتەوە.

ئەو دەڵێت بە داخەوە هەر جارێک بە بیانوویەکەوە پرۆژەکە دەخەنە پەراوێز و پەسەندی ناکەن.

ئەو چالاکوانەی مافەکانی ژنان دەڵێت هەرچەندە پەسەندکردنی ئەو پرۆژە یاسایە بە تەنها ناتوانێت فاکتەرێک بێت بۆ نەهێشتنی توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان، بەڵام دەتوانێت ڕۆڵێکی باشی هەبێت لە کەمکردنەوەی توندوتیژیەکاندا.

بەپێی توێژینەوەیەک کە " کۆمەڵەی ژنانی ڕیحانە" ماوەیەک پێش ئێستا ئەنجامیدا لە گۆڤاری مانگانەی "ئەندیشەی پویا" بڵاوبوویەوە، لە دوو ساڵی ڕابردوودا 60 ژن بە بیانووی نامووسەوە لە خوزستان بوونەتە قوربانی.

لە لایەکی دیکەشەوە جێگری پێشووی پۆلیسی دژە تاوانی ئێران لە ساڵی 2014دا کاتی خۆی ڕایگەیاند لەسەدا 19ی کوشتنەکان لە ئێران لە ژێر ناوی شەرەف و نامووس ڕوودەدەن و نزیکەی لەسەدا 63ی قوربانییەکان ئەو ژنانەن کە لەلایەن کەسوکارەکانیانەوە دەکوژرێن.

ڕۆژنامەی شەرق لە ساڵی 2020دا بڵاوی کردەوە کە ساڵانە لە نێوان 375 بۆ 450 کوشتن بە بیانووی نامووسەوە لە ئێران ڕوودەدەن.

خاتوون ژینا لە بارەی ئەو ئامار و ژمارانەوە دەڵێت "ژمارەی ژن کوشتنەکان زۆر زیاترە لەو ئامارانە و ئەو ژمارانە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بە پێی پێناسەی یاسای ئێران کۆژراون و ڕاگەیەندراون، لە کاتێکدا زۆرێ لە ژن کوژییەکان یان ڕاناگەیەندرێن یان لە یاسای ئێراندا هەندێکیان وەک تاوان پێناسەی بۆ نەکراوە."

ئەندامی ژنانی ژیڤانۆ دەڵێت " دەبێت ئەوە لەبەرچاوە بگرین کە کوشتن لە ژێر ناوی نامووسدا یەک شتە و ژن کوژیش شتێکی دیکەیە." دەشڵێت " ژن کوشتن بە بیانووی نامووسەوە تەنیا یەکێک لە جۆرەکانی ژن کوشتنە نەوەک هەمووی."

چالاکوانانی ژنان لە نەتەوە جیاوازەکانی ئێران پێیان وایە حکومەت و هەندێک لە چالاکوانانی ژنانی پایتەختی ئێران بە ئەنقەست ئەو ڕوانینە زاڵ دەکەن کە گوایا ژن کوشتن تەنیا لەناو هەندێک لە ئەتنیک و نەتەوەکاندا ڕوودەدات، وەکو کوردەکان و عەرەبەکان و بەلووچەکان و زۆر کەس پێیان وایە کە حکومەت ئەوە دەکات بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە ئەمنی بکاتەوە و لە کاتی خۆیدا بۆ سەرکوتکردنیان کەڵکی لێوەربگرێت.

خاتوون ژینا دەڵێت زۆرجار کە کوشتنی نامووسی ڕوودەدات، حکومەت بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتیەکە لە کۆڵ خۆی بکاتەوە، کوشتنەکان وەک پرسێکی کۆمەڵایەتی ڕادەگەیەنێت.

ئەو چالاکوانە هەروەها لە بارەی هۆکارەکانی ئەو جۆرە ڕووداوانەوە دەڵێت، جیا لە پرسی کولتوری، یاساکانی ناو ئێرانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕێگا خۆشکەرن بۆ ڕوودانی ئەو چەشنە کارەساتانە.

دەتوانن گوێبیستی تەواوی گفتوگۆکە بن لەسەر ئەم پرسە لە ڕێگای ئەم لینکەی خوارەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ ژینا مودەڕێس گورجی