هاووڵاتیانی تورکیا ناڕەزایین بەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا و بارودۆخی سەختی ئابوری 

دووکاندارەکان، ئەنجومەنی شار و گروپێکی ئاینی لە تورکیا ڕۆژی سێشەممە باسیان لە بەرزبوونەوەی پارەی کارەبا و گاز دەکرد، لە کاتێکدا پزیشکەکان مانگرتنێکی یەک ڕۆژەیان سازکرد بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بارودۆخی سەختی ژیان و هەڵئاوسانی ئابوری لە سەرانسەری وڵاتەکەدا.

لە مانگی یەکەوە هەڵئاوسانی ئابوری تورکیا بە ڕێژەی نزیکەی %50 زیادی کردووە، نرخی شتومەک بۆ ئەوە خەڵکەی، کە لە پێشترەوە بەهۆی دابەزینی نرخی دراوی تورکیا گرفتیان هەبوو، بە ئەندازەیەکی زۆر بەرزبووەتەوە.

حکومەت لەمساڵدا بۆ وەڵامی ئەو قەیرانە گەورەیە هەستا بە بەرزکردنەوەی کەمترین ئاستی کرێی کار بە ڕادەی لە 50٪. بەڵام لە هەمانکاتیشدا نرخی گاز و کارەبا و بەنزین و باجەکانی ڕێگاوبانیشی بەرزکردەوە ئەمەش کاریکردە سەر بژێوی ژیانی خێزانەکان و قوڵکردنەوەی هەژاری زیاتر.

کەمینە ئاینییە عەلەوییەکانی تورکیا بڕیاریان داوە کە چیتر پسوڵەی کارەبا نەدەن بۆ گۆڕی کەسایەتیە پیرۆزەکانیان.

جەلال فورات سەرۆکی یەکێتی عەلەوییەکان لە تویتەر پسوڵەیەکی کارەبای بڵاوکردۆتەوە کە نێردراوە بۆ کۆمەڵەی عەلەوییەکان و دەبێت بیدەن کە بڕەکەی 30 هەزار لیرەی تورکیە کە دەکاتە 2200 دۆلار و دەڵێت "وەرن کارەباکەمان ببڕن".

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش چەندین پۆست بڵاوکراوەتەوە لەو بارەیەوە و ئەوە نیشان دەدەن کە هەندێک لە خاوەن چێشتخانەکان ئاگاداریان لەسەر جامخانەکانیان بڵاوکردۆتەوە و بڕی زۆری پارەی پسوڵەی کارەبا پیشان دەدەن. ئۆغوز کەئان سالیچی جێگری سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری ئۆپۆزسیۆن گوتی پسوڵەی کارەبا بۆ هەندێک خێزان هێندەی کرێی خانۆکەیان بەرزە.

ئەو دابەزینەی زۆرەی بەهای لیرە و بەرزبوونەوەی نرخەکان تێکڕا کاریگەری لەسەر ڕێژەی ڕاپرسییەکان کردووە سەبارەت وەرگرتنی رای خەڵک لەبارەی ئەردۆغانەوە بەر لە هەڵبژاردنەکان کە لە مانگی شەشی ساڵی 2023 دا سازدەکرێت. حکومەت دەڵێت بیمە و هەناردەکردن و وەبەرهەمهێنان یارمەتی وڵاتەکە دەدات بەڕەنگاری ئەو هەڵئاوسانە ئابورییە ببێتەوە.

ئیبراهیم کالین وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماریش ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە ڕێوشوێنێکی نوێ بۆ پسوڵەی کارەبا ڕادەگەیەنرێت، ڕۆژی دووشەممە بە ڕادیۆی (هەبەر)ی راگەیاند "ناهێڵین هاووڵاتیانمان بەهۆی هەڵئاوسانی ئابورییەوە تێکبشکێن."

سەرۆکی شارەوانییەکان لە 11 شارەوە بە ئەکرەم ئیمام ئۆغلوی ئیستەنبووڵیشەوە لە هەوڵی ئەوەدا بوون بۆ ئەوەی حکومەتی ناوەندی هەنگاو هەڵگرێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو بڕە پارە زۆری پسوڵەی کارەبا کە کەوتۆتە سەر ئەستۆی هاووڵاتیان کە بە ڕادەیەکە " لە توانادا نییە"، لە بەیاننامەیەکی هاوبەش دا دەڵێن "بەرزبوونەوەی لە رادەبەدەری تێچوون وایکردووە کە زۆر سەخت بێت بۆ دامودەزگا خۆجێییەکان خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن."

هەروەها داواکاریەکانیان بریتی بوون لە هەڵگرتنی ئەو باجە زیادەیەی کە زیادکراوە و لێخۆشبوون لە باجی بەکارهێنانی تایبەت بە کارەبا و گاز کە شارەوانییەکان بەکاریان دەهێنا، کەمکردنەوەی پسوڵەی گومرگی لەسەر گاز و بەنزینی پاسەکانی گواستنەوەی گشتی و بەکارهێنانی گازی سروشتی.

لەلایەکی ترەوە پزیشکەکان و کارمەندانی تەندروستی مانگرتنێکی یەک ڕۆژەیان لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا ئەنجامدا بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە دۆخی خراپی کارکردن و داواکردنی باشترکردنی مافەکانیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری باشتر.

کارمەندانی تەندروستیش گلەییان لە خراپبوونی بژێوی ژیان کرد و وتیان کە ڕووبەڕووی ژینگەیەکی کاری دژوار بوونەتەوە لەم کاتەدا کە هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای جۆری ئۆمیکرۆنی COVID-19 و بێزاربوونی نەخۆشەکان لە نەخۆشخانەکاندا.

دێنیز دێڤریم کە تەمەنی 46 ساڵە پزیشکێکی گشتیە لە گردبوونەوەیەکیدا لە ئەستەنبوڵ بە بەشداری نزیکەی 100 کارمەندی تەندروستی وتی "ناتوانین کاروبارەکانمان بەڕێوەببەین، بە دڵنیاییەوە بە ڕادەیەکی زۆر موچەکانمان کەمبۆتەوەو بەشمان ناکات وەک هەموو کەسێکی تر، بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین لە ژینگەیەکی مەترسیداردا کاری پیشەیی خۆمان بکەیەن."

هەروەها دەیان کارمەندی تەندروستیش لە دەرەوەی نەخۆشخانەیەک لە ئانکەرە مانیان گرتبوو.

ڤولکان تومەر، ئەندامی لیژنەی پزیشکانی گەنج، گلەیی هەبوو سەبارەت بە کاتی کارکردنی زۆر دوورودرێژ و کرێی کەم و مافە سنووردارەکانی خۆیان و وتی "ئێمە بەردەوام دەبین لە کۆشش تا مافەکانی خۆمان مسۆگەر دەکەین."

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

بۆ زانیاری زیاتر کرتە لەم فایلە دەنگیەیی خوارەوە بکە:

Your browser doesn’t support HTML5

عارف ئەسڵان/ناڕەزایی لە تورکیا