وەزیرێکی فەرەنسا ڕەخنە لە قەدەغەکردنی سەرپۆش بۆ ژنە وەرزشوانە موسوڵمانەکان دەگرێت

وەزیری یەکسانی جێندەری فەرەنسا ڕۆژی پێنجشەممە پشتگیری خۆی بۆ ژنە موسوڵمانە یاریزانەکانی تۆپی پێی (فوتباڵ) دەربڕی کە هەوڵدەدەن قەدەغەکردنی سەرپۆش لەکاتی یاریکردن نەهێڵن.

بە پێی ڕێساکانی ئێستای فیدراسیۆنی فوتباڵی فەڕەنسا ڕێگە نادرێت یاریزانەکانی کە بەشداری لە پێشبڕکێکان دەکەن هیچ هێمایەکی ئاینییان پێوەبێت کە سەرپۆشی ژنانی موسومان یان کڵاوی جووەکان (کیپا)ش دەگرێتەوە.

کۆمەڵێکی ژنان لە مانگی 11ی ساڵی ڕابردوو هەڵمەتێکیان دەستپێکرد و دەڵێن ئەو جیاوازییان لەگەڵدا دەکرێت سەرپێچی لە مافە ئاینییەکانیان دەکرێت.

وەزیری یەکسانی ئیلیسابێت مۆرێنۆ بە کەناڵی تەلەفیزیۆنی LCI ڕاگەیاند " یاساکە دەڵێت ئەم ژنە گەنجانە دەتوانن سەرپۆشیان لەسەربێت و یاری فوتباڵیش بکەن. ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی یاریدا سەرپۆش قەدەغە نییە. دەمەوێت ڕێز لەو یاسا بگیرێت."

دوو مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی فەرەنساوە و لە ئێستادا ئەم بابەتە بووەتە جێگای مشتومڕ لەو وڵاتەی کە شێوازێکی توندی عیلمانی پەیڕەو دەکات.

خانەی سەرەوی پەرلەمانی فەرەنسا، کە پارتی کۆماری ڕاستڕەو تیایدا زۆرینەیە، لە مانگی یەکدا یاسایەکی پێشنیار کرد کە لە هەموو پێشبڕکێ وەرزشییەکاندا لەبەرکردنی هێما ئاینییە دیارەکان قەدەغە بکرێت.

بەڵام ڕۆژی چوارشەممە لەلایەن خانەی خواری پەرلەمانەوە ڕەتکرایەوە کە پارتی نێوەندگری سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن تیایدا زۆرینەن.

یاسای سیکیولاری فەرەنسا ئازادی ئاینی هەموو هاووڵاتیان مسۆگەردەکات، و ڕێگە لە پۆشینی هیچ هێمایەکی ئاینی لە شوێنە گشتییەکاندا ناگرێت، بێجگە لە داپۆشینی تەواوی دەموچاو ( پەچە) کە لە ساڵی 2010 قەدەغەکرا.