هاوکاتی هەموو ئەو قەیرانە سیاسی و دارایی و تەندروستی و کۆمەڵایەتییانەی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەن، هەروەهاش هاوکاتی کاریگەرییە ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆکانی ئەو کێشانە لەسەر خەڵک و لەسەر ڕەوشی هەرێم، جارێکی تریش دوو پرسی گرنگ و هەستیاریش سەرهەڵدەدەنەوە؛ یەکێکیان پرسی دەستورە و ئەوی تریشیان پرسی هەڵبژاردنە لە هەرێم.
پرسی دەستور:
پێشتر لیژنەیەک هەبووە و ژمارەی ئەندامەکانی 21 کەس بوون. ئەو لیژنەیە زیاتر لە 74 بەندی دەستوریان داڕشتووە.
لە ئێستادا ڕایەک هەیە تا ئەو بەندانەی پێشتر داڕێژرابوون بکرێنە بنەمایەک بۆ نوسینەوەی دەستورە چاوەڕوانکراوەکە، بەڵام هیچ باسێک نەکراوە لەوەی کێ و چۆنیش ئەو پێداچوونەوانە دەکرێن و ئایا ئەم دەستورەی هەرێم چەندێک بە گونجاندن دەبێت لەگەڵ دەستوری عێراقدا.
پێشتر دەگوترا پێویستە ڕاپرسی لەسەر دەستور بکرێت، بەڵام نازانرێت ئایا بەر لەو ڕاپرسییە سازانێکی گشتی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرسی دەستور دەکرێت یان نا، یان هەر ئەوەندەیە دەخرێتە بەردەم خەڵکەوە بۆ دەنگدان؟
پرسی هەڵبژاردن:
کردنی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بۆتە پرسێکی گەرموگوڕ لەم کاتەدا کە زۆر ئەستەمە خوێندنەوەیەکی ورد بکرێت بۆ هەڵکشان و داکشانی پەیوەندییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق.
لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بە فەرمانڕەوا و دەسەڵاتداریشەوە گرفتی بێ متمانەیی هەیە لە نێوانیاندا، دەیان کێشە و ئاڵۆزییان هەیە و بێ لەوانەش بڕوا و متمانەی نێوان خەڵک و دەسەڵاتداران زۆر کەمە لە ڕوانگەی ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەرانەوە لە هەڵبژاردنەکەی مانگی 10ی عێراقدا کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەڵێت زیاتر لە سەدا 40ی دەنگدەران بەشداربوون، بەڵام زۆرێکیش لە سەرچاوەکانی چاودێری هەڵبژاردنیان دەکرد دەڵێن ڕێژەی بەشداری لە سەدا 30 کەمتر بووە.
لە عێراق کۆمەڵێک گۆڕانکاری کران لە پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە، لەوانە گۆڕینی ئەندامانی کۆمیسیۆن، دەستکاری کردنی یاسای هەڵبژاردن، بەڵام لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێستادا باس لە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دەکرێت و هێشتاش هیچ ئاماژەیەک لە ئارادا نییە سەبارەت بە شێوازی کردنی ئەو هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوە کە چۆن دەبێت. هەر بۆیەشە نازانرێت لە ئێستاوە بۆ مانگی 11ی داهاتوو ئایا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن هێندە کاتی بە دەستەوە دەبێت یان نا بۆ کردنی ئەو هەڵبژاردنە.
ئایا ڕەوشی ئێستای هەرێمی کوردستانی عێراق بە زەمینەیەکی گونجاو لێی دەڕوانرێت بۆ داڕشتنی دەستور؟
چ متمانەیەک هەیە تا ڕێوشوێنەکان بەپێی دەستور دابنرێن لە کاتێکدا سەروەری یاسا لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا کەوتۆتە بەردەم پرسیار و گومانەوە؟
ئایا هەڵبژاردن چ شتێک لە هەرێمی کوردستاندا دەگۆڕێت؟
دکتۆر کاروان حەمە ساڵح. لێکۆڵەر و چاودێری سیاسی، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.
Your browser doesn’t support HTML5