پۆلیسی پاکستان ڕایگەیاند هەوڵی دەستگیرکردنی کەسێک دەدەن کە وەک شێخ ناسراوە و تۆمەتبارە بەوەی بزمارێکی 5 سانتیمەتری داوە لە کەلـلە سەری ژنێکی دووگیان، گوایە بەوە منداڵەکەی بۆ دەکاتە کوڕ.
بە گوێرەی سەرچاوە هەواڵیـیەکانی پاکستان، ژنەکە خاوەن سێ کچە و سێ مانگە دووگیانە. ئاژانسی هەواڵی داوون ڕایگەیاند کە ژنەکە لە ڕێگەی دراوسێیەکیەوە ئاشنای ئەو پیاوە ئاینیە بووە و هۆکاری ئەنجامدانی کارەکەی بۆ ئەوە گێڕاوەتەوە کە هاوسەرەکەی هەڕەشەی جیابوونەوەی لێکردووە ئەگەر بێت و منداڵی چوارەمی کوڕ نەبێت.
ژنەکە سەردانی نەخۆشخانەیەکی کردووە لە پیشاوەر دوای ئەوەی شکستی هێناوە لەوەی خۆی بزمارەکە لە ڕێگەی پلایسەوە دەربهێنێت. سەرەتا بە پزیشکانی گوتووە کە خۆی بزمارەکەی داوە لە سەری، بەڵام دواتر ئاشکرای کردووە ئەو پیاوەی خۆی بە شێخ ناودێرکردووە ئەو کارەی کردووە و مژدەی پێداوە کە لەو ڕێگەیەوە دەبێتە خاوەن منداڵێکی کوڕ.
دکتۆر حەیدەر خان، پزیشک لە نەخۆشخانەی ڵەیدی ڕیدینگ، بۆ ئاژانسی هەواڵی داوون رایگەیاند، "ژنەکە تەواو بە ئاگابوو کە سەردانی نەخۆشخانەکەمانی کرد بەڵام ئازارێکی زۆری هەبوو." ئەو پزیشکە ئاماژەی دا کە پشکنینەکان دەریدەخەن بزمارەکە کەللە سەری بڕیوە بەڵام نەگەیشتۆتە خانەکانی مێشکی.
دکتۆر حەیدەر خان ڕایگەیاند، "ژنەکە پێی گوتین کە ژنێکی تر لە ناوچەکەیان هەمان کاری ئەنجام داوە و بەهۆیەوە کوڕێکی بووە هەرچەندە پێشتر و بەپێی پشکنینی سۆنەر منداڵەکە کچ بووە."
بە گوێرەی سەرچاوە هەواڵیە ناوخۆکانی پاکستان، ژنەکە دوای وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشخانەکەی جێهێشتووە و ماوەی چەند ڕۆژێکە پۆلیس لەگەڵ کارمەندانی نەخۆشخانەکە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆ ئەوەی ژنەکە بدۆزنەوە تا لەو ڕێگەیەوە ناسنامەی شێخەکە ئاشکرا بکەن.
بەڕێوبەری پۆلیسی پیشاوەر، عەباس ئیحسان، لە ڕاگەیاندنێکدا ڕۆژی شێشەممە لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بەڵێنی دەستگیرکردنی پیاوە ئاینیەکەی دا و هەڕەشەی بەدواداچوونی یاسایی کرد دژی کارمەندە بەرپرسەکانی نەخۆشخانەکە بو هۆی ئەوەی کە هێزەکانی پۆلیسیان ئاگادارنەکردۆتەوە هەتا دوای ڕۆیشتنی ژنەکە.
لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی هەواڵی جیۆ، عەباس ئیحسان لە هەمان کاتدا بەڵێنی دا کە هاوسەری ژنەکەش ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.
شایەنی باسە، لە هەندێک کۆمەڵگەی وڵاتانی ئاسیا بەشێک لە دایکان و باوکان زیاتر ئارەزووی هەبوونی منداڵی کوڕ دەکەن وەک هۆکارێک بۆ بەرزبوونەوەی پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووریان. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، پەنا بۆ چەندین هۆکاری ئاینی و پژیشکی و کۆمەڵایەتی دەبەن.
لە هەندێک لەو کۆمەڵگانەی وەکو پاکستان زۆر جار دایک بە هۆکاری دیاریکردنی ڕەگەزی منداڵ دادەندرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی زانستی پزیشکی خانەی تۆوی باوکەکە سەرچاوەی ڕەگەزی منداڵەکەیە.
سوود لە ئاژانسی بی بی سی و دەیلی مەیڵ وەرگیراوە بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە.