ڕیاز محەمەد: ئەو ڕۆڵەی قائانی لە عێراق دەیگێڕێت، جاران باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەیگێڕا

لە عێڕاق دروست کردنی کوتلەی پەرلەمانی زۆرینە بۆ پێکهێنانی حکومەتی ئایندە، کەوتووەتە نێو ململانێی سەر سەختی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنەکە. تاوەکو ئێستا ڕوون نیە پۆستی سەرۆک کۆمار چۆن یەکلایی دەکرێتەوە، تاکو بڕیار لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بدات.

دروست کردنی ئەو کوتلە پەرلەمانیە بە دەر نییە لە دەست تێوەردانی دەرەکی، بە تایبەتی لە لایەن وڵاتێکی وەکو ئێرانەوە، لەو بارەیەوە لەم بەرنامەیەی هەلەو واشنتندا میوانداری پەیامنێرێکی پێشووی ڕۆژنامەی نیویۆر تایمز ڕیاز محەمەد دەکەین لە بەغدا، کە بە بێ یاریزانە دەرەکیەکانی عێڕاق ناتوانیت هەنگاو بنێت.

لەو بارەیەشەوە، دوا هەوڵی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و بینینی موقتەدا سەدربوو لە حەنانە لە نەجەف، وەک زۆر لە چاودێران باسیان لێوە کرد، ئێران هەوڵی کۆکردنەوەی نیو ماڵی شیعە دەدات.

لەو بارەیەوە ریاز دەڵێت " بەڕای من تاڕادەیەک ئێران لەم بابەتەدا شکستی هێناوە، لەبەر ئەوەی سەدر ڕازی نییە لە بەشداری پێکردنی نوری مالکی. بە دیوێکی دیکەدا، رەفزی ئەو هاوپەیمانیە گەورەیەی شیعە دەکاتەوە کە دروست بکرێت. هەرچەندە ناتوانیت گرەو لەسەر رەفتاری سیاسی موقتەدا سەدر بکەیت. سەرەرای ئەوەی ئەگەر دادوەرانە لە ڕۆڵی سیاسی ئەم جارەی موقتەدا بڕوانین و هەڵوێستەکانی زۆر عەقلانی ترە لە چاو دە ساڵی ڕابردوودا، هەندێک کامڵ بوونی پێوە دیارە و بەگشتی تاوەکو ئێستا لەسەر هێڵێکی جێگیرە.

دەشڵێت گرفتەکە لەوەدایە ئێستا لە ڕووی ژمارەی کورسیەوە، دەتوانن حکومەت پێک بهێنن، بەڵام فەتح و حیزبەکانی پاڵپشت بە میلیشیای سەربازی، بەردەوام فشار دەکەن، تاوەکو لە حکومەتدا بەشداریان پێ بکرێت. بەشداری نەکردن لای ئەوان زیانێکی گەورەیە، گرێی بنچینەیی ئەو ئاریشەیەش ڤیتۆکەی موقتەدایە لەسەر خودی نوری مالکی.

موقتەدا سەدر ڕەتی دەکاتەوە مالکی بەشدار بێت. هاوپەیمانی فەتحیش سێ بەشی سەر بە نوری مالکییە، ئەگەر فەتح بێ مالکی بەشداربێت ڕۆڵیان زۆر لاواز دەبێت و موقتەداش ئەوەی دەوێت، لەبەرئەوە دەبینین ئێرانیان خستووەتە سەر خەت، قائانی بە ئاشکرا دێت و دەڕوات، جاران سولەیمانی و قائانی بە نهێنی دەهاتن بۆ عێڕاق. ئێستا بووە بە ئاشکرا، ئەو کوتلەیەی، پارتی و دوو حیزبە سونیەکە و سەدر، دەتوانن حکومەت پێکبهێنن، بەڵام هێرشی سەر بارەگای حیزبەکان و هێرشی ناو بەناوی دیکە، هەمووی پەیامن ڕەوانە دەکرێت. هاوپەیمانی فەتح نایانەوێت لە پێگە وەزاریەکان دوور بخرێنەوە. لەبەر ئەوەی پارەی تیایە، گەندەڵی و پشتیوانی کردنی دارایی حیزبەکانیان و جەماوەرەکانیان."

بەردەوام ئەجێندای سیاسی کورد لە دوای 2005 ەوە دوور بووە لە لایەنگیری لایەنێکی عێراقی دژی لایەنێکی دیکە. بەردەوام کورد بە یەک گوتاری بەشداری پرۆسەی حوکمڕانی عێراقیان کردووە، ئەم جارە لایەنە کوردیەکانیش پەرتەوازەن.

لەو بارەیەوە ریاز موحەمەد دەڵێت" بەداخەوە ئەوەی لە ناو کوردیشدا کەوتووەتەوە، بە شێوەیەکی گشتی گۆڕانکارییەکی نەرێنیە. لە ڕابردوو بە گشتی هەردوو حیزب یەکیتی و پارتی سەڕەڕای ناکۆکیەکانیان، بەلایەنی کەمەوە پەیوەست بە دامەزراندنی حکومەتی فیدراڵ و ئەو گرفتە سیاسیانەی پەیوەست بوون بە بەغداوە، بەردەوام بێ لایەنیان هەڵدەبژارد. بە بڕوای من دوای مردنی جەلال تاڵەبانی، زیاتر کێشەکانی نێوانیان وروژاوە، ئەو هێزەی کە پێکەوە هێشتبونیەوە و تا ڕادەیەک بە یەکگرتوویی دەیهێشتنەوەچ ی دی نەما.

عێڕاق ئێستا لە قەیرانێکی بێ پێشینەدایە، هاوپەیمانی کوردستانیش کە بەردەوام پێکەوە بوون، ئێستا لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار شەڕ دەکەن. بە دەر لەوەش دۆخی هەرێمی کوردستان گیرۆدە بووە بە گەندەڵییەکی زۆرەوە. هیوایەک هەبوو بە بزوتنەوەی گۆڕان، دوای ئەوەی ئەوانیش بوون بە بەشێک لە حکومەت ئەوەش نەما. سەردەمانێک کوردستان هیوایەک بوو بۆ ناوچەکانی تری عێراقیش، بەڵام ئەو هیوایەش نەماوە."

دەست تێوەردانی وڵاتانی هەرێمایەتی و جیهانی لە عێڕاق نادیدە ناکرێت، تەنانەت وای لێهاتووە، ئەگەر جاران سەردانەکان بە نهێنی بونایە، ئێستا زۆر بە ئاشکرایە. ئەم ڕۆژنامەوانە کە لە ڕابردوو پەیامنێری نیویۆر تایمز بووە، ئەو جۆرە دیدارانە بە فەزیحە ناو دەبات، لەو بارەیەوە دەڵێت " ئێران بە تەواوەتی دەستی وەرداوەتە عێراق. تەنها چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ قائانی ببینە. بە رای من سەرەرای ئەوەی کە هەرشتێکی باشەم لەسەر موقتەدا وت، ئەو چاوپێکەتنە فەزیحە بوو. بیر لەوە بکەرەوە ئەم جۆرە یەکتر بینینە لە هەر وڵاتیکی تردا بێت. بەرپرسێکی سەربازی وڵاتێکی دیکە دێت سەرۆکی حیزبێک دەبینێت. ئەوە لە میسر بوایە یان هەر جێیەکی تر ئەو کەسە بە خیانەتی نیشتیمانی لە سێدارە دەدرا. تەنانەت لە ئەمەریکا و وڵاتانی پێشکەوتووشدا. ببینە لەسەردەمی ترامپ ڕاوێژکارەکەی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی، لەگەڵ باڵیۆزی روسی وتوێژی کردبوو، لەسەر کارەکەی لایاندا. کە رەنگە ئەو بابەتە ئەوەندەش گرنگ نەبوبێت، تراژیدیایە، بەرپرسێکی سەربازی وڵاتێکی درواسێ، سەرۆکی حیزبێکی سیاسی دەبینێت، بە ئاشکراو لە میدیاوە ڕادەگەیەنرێت، بە راستی فەزیحەیە."

لەگەڵ میوانی ئەم بەرنامەیەی هەلەو واشنتن پەیامنێری پێشووی نیویۆرک تایمز لە عێراق گەلێک باس لەسەرگرنگی دروست بوونی ئۆپۆزسیۆن کرا، ئەو پێیوایە ئەزمونێکی نوێیە و لە عێراقیش سەری هەڵداوە، دەشڵێت "ئەگەر نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆن گیرۆدەی تەماع نەبن و بتوانن وەک بیروباوەڕەکانیان داکۆکی لە چاکسازی و دژی گەندەڵی بوەستنەوە، دەبێتە وەڵامدەرێکی باش بۆ هەڵبژاردنی ئایندە کە خەڵكێکی زیاتر متمانەیان بداتێ."

ئەمەریکا یەکێکە لەو وڵاتە زل هێزانەی لە دوای ڕووخانی رژێمی بەعسەوە، جۆرێک لە بەرپرسیارێتی لە هەمبەر عێراق هەیە، تاوەکو ئێستاش ئاسمانی فڕینی ئەو وڵاتە لە ژێر دەستی ئەمەریکادایە، هەروەها زۆر بواری مەشق و ڕاهێنان بە سوپاکەیان، شەری داعش و زۆر بواری دیکە. ئایا ڕۆڵی ئەمەریکا لە عێراقدا چی بەسەر دێت؟

ڕیاز پێی وایە رۆڵی ئەمەریکا تا دێت لە عێراق لاوازتر دەبێت، ئەوەی کە ئێستا قائانی دەیکات لە ڕابردوو باڵیۆزخانەنەی ئەمەریکا لە عێراق دەیکرد، لەو بارەیەوە دەشڵیت " بەداخەوە ئەوەش بەشێوەیەکی تەدریجی بەرەو لاواز بوون چووە، بە تایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا، ئەمەریکا لە عێراق رۆڵێکی ناڕوونی هەیە، بە شێوەیەک وای لێهاتووە، رۆڵێکی بێ کاریگەری و بە رواڵەت دەگێڕیت. ئەگەر ساڵانی رابردوو بوایە، ئەو رۆڵەی قائانی دەیبینێت، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەیگێرا.

ڕۆڵی ئەمەریکا لە عێڕاق کۆتایی هاتووە. بەهۆکاری زۆر، لەوانە، بەڕێوەبەرایەتیە یەک لە دوا یەکەکانی ئەمەریکا سەرنجیان بەو چەشنە بووە کە رۆڵیان لە عێڕاق تەواو بووە. ئەو هەموو قوربانیەیان داوە و نایانەوێت خۆیان لە گرفتەکانیانەوە بئاڵینن. هەموو رۆڵیان بووە بەوەی کە جارێکی تر داعش سەرهەڵنەداتەوە، باڵانسی هێز لە ناوچەکە بهێننە دی و جڵەوی فراوان بوونی پێگەی ئێرانیش لە عێڕاقدا ڕابگرن. هەرچەندە ئەوەش هیچ سودێکی نەبووە، من بە دووری نازانم، سەرۆک بایدن، داوا بکات هێزەکانیان لە عێراق، هاوشێوەی ئەفغانستان بە تەواوەتی پاشەکشە پێبکەن."

Your browser doesn’t support HTML5

بەرنامەی هەلەو واشنتن