پارتی دیموکراتی کوردستان نیگەرانە لە دوورخستنەوەی کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە، کە هۆشیار زێباری بوو، پێیوایە "پیلانگێڕیان" لە دژ ئەنجامدراوە، لەکاتێکدا یەکێتی نیشتیمانی ڕکابەری پێداگیرە لەسەر کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە، کە خواستی پارتی لەسەر نییە.
دادگای فیدڕاڵی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەمە، مافی خۆکاندیدکردنی لە هۆشیار زێباری کاندیدی پارتی بۆ سەرۆک کۆماری عێراق وەرگرتەوە و بڕیاریدا بە بەردەوامبوونی بەرهەم ساڵح لە پۆستەکەی، تا ئەوکاتەی سەرۆک کۆماری نوێ بۆ عێراق هەڵدەبژێردرێت.
بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ دوورخستنەوەی هۆشیار زێباری لەکاتێکدایە، تا ئێستا یەکێتی و پارتی نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر کاندیدی هاوبەش بۆ ئەو پۆستە، یەکێتی پێداگیرە لەسەر کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵح و پارتیش ناڕازیە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، پارتی دیموکراتی کوردستان دوای دوورخستنەوەی هۆشیار زێباری، ناوی هیچ کاندیدێکی تری پێشکەش نەکردووە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت بایکۆتی دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراقی تایبەت بەهەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بکات، یاخود دەنگ بەڕکابەرێکی بەرهەم ساڵح بدات.
هۆشیار زێباری کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، دوای دوورخستنەوەی لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و ڕایگەیاند "ئەمڕۆ ڕۆژێکی دڵتەنگە بۆ عێراق، ئێمە هیچ تاوانێکمان نەکردبوو، ئەو بڕیاڕەی دادگای فیدڕاڵی داویەتی دەرهەق بە من بڕیاڕێکی سیاسیە و ستەمم لێکراوە، بەڵام من ڕێزی لێدەگرم."
ڕوونیشیکردەوە، هێزی سیاسی لە پشت بڕیاری دوورخستنەوەیەوە هەیە لەمافی خۆکاندیدکردن، ئەو هێزانەش دەناسن، وتی"سی ڤی و ڕابردووی ئێمە لەبەفری سەر چیا پاکترە."
سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، تا ئێستا دووجار دەرگای خۆ کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارکردووەتەوە، هێشتا بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ یاسایی بوون یاخود یاسایی نەبوونی جاری دووەمیش ماوە، کە تانە لەم بڕیارەش دراوە.
گەر دادگای فیدراڵی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی جاری دووەمی دەرگای خۆ پاڵاوتن بدات بۆ کاندیدی سەرۆک کۆمار، ئەوا گەر پارتی دیموکرات کاندیدی تریشی پێشکەش کردبا بێ سود دەبوو، بەڵام دوای هۆشیار زێباری لەلایەن پارتیەوە هیچ کاندیدێکی تر پێشکەش نەکرا، ڕەنگە هۆکارەکەشی گومانی ئەو حیزبە بووبێت لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارەش.
هەرچەندە مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار کۆبوونەوە، بەڵام کۆبوونەوەکەی نێوانیان شکستی هێنا، بەو پێیەی یەکێتی نیشتیمانی ڕازی نەبوو بە گۆڕینی کاندیدەدەکەی یاخود دەستبەرداربوون لە پۆستی سەرۆک کۆمار.
چاوەڕوان دەکرێت دوورخستنەوەی هۆشیار زێباری ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی قوڵتر بکاتەوە، بەو پێ یەی لەکۆی چوار پەرلەمانتاری عێراق کە سکاڵایان لەسەر نایاسایی بوونی خۆ کاندیدکردنی هۆشیار زێباری تۆمارکردبوو، سێ پەرلەمانتاریان یەکێتی بوون.
کەریم شکور جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە و لەنێو کوردیشدا پشکی یەکێتیە."
جەختیکردەوە "قۆناغی ئێستای عێراق قۆناغێکی هەستیارە و دەبێت وەکو کورد هەماهەنگ بین، کە بەداخەوە تا ئێستا نەمانتوانیووە لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکبکەوین."
هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لەنێو پەرلەماندا، پێویستی بە ئامادەبوونی 220 پەرلەمانتارە لەکۆی 329 پەرلەمانتار، هەرچەندە کاندیدی پارتی لەگۆڕەپانەکەدا نەماوەتەوە بۆ ململانێی کاندیدی یەکێتی، بەڵام گەر هێزە کوردی و عێراقیەکان نەگەنە ڕێککەوتن، تەواوکردنی نیسابی یاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار قورس دەبێت.
Your browser doesn’t support HTML5