بانکی ناوەندی ئەفغانستان: پلانی ئەمەریکا بۆ سامانی سڕکراوی وڵاتەکە ناڕەوایە

بانکی ناوەندی ئەفغانستان ڕۆژی شەممە ڕەخنەی لە پلانی واشنتون گرت بۆ بەکارهێنانی نیوەی 7 ملیار دۆلار لە سەرمایەی سڕکراوی ئەو بانکە لە خاکی ئەمەریکا بۆ یارمەتیە مرۆییەکان و تەرخانکردنی نێوەکەی تریشی بۆ قەربووکردنەوەی سكاڵای کەسوکاری قوربانیانی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری ساڵی 2001 دا.

حەوت ملیار پارەی بانکی ئەفغانستان، بانکی ناوەندی وڵاتەکە، کە لە بانکی فیدراڵی نیویۆرکدا بوو، لەو کاتەوەی حکومەتەکەی ئەشرەف غەنی ڕووخا و تالیبان دەستی بەسەر وڵاتەکەدا گرتووە، سڕکراوە. وڵاتەکە لە ئێستادا دووچاری داڕمانێکی گەورەی ئابوری و ناسەقامگیری خۆراک بووەتەوە.

لە میانەی داواکارییەکانی بانکی ناوەندی ئەفغانستان بۆ ئەو پارەیە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری ئەو وڵاتە کە لەوەتەی تاڵیبان هاتوەتەوە سەر دەسەڵات، قووڵتر بووەتەوە، بەرپرسانی حکومەتی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایانگەند کار لەسەر ئەوە دەکەن کە دڵنیا ببنەوە لەوەی کە 3.5 ملیار دۆلار لە سامانی سڕکراوی ئەو وڵاتە لە ئەمەریکا سوودی بۆ خەڵکی ئەفغانستان دەبێت.

بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند، نیوەی دیکەی پارەکە لە ئەمەریکا دەمێنێتەوە و تەرخاندەکرێت بۆ بەردەوامیی دادگاییکردنی تاڵیبان، لەوانەش بۆ قەرەبووکردنەوەی داواکاریی کەسوکاری ئەو کەسانەی لە هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر گیانیان لەدەستداوە.

بانکی ناوەندی ئەفغانستان (DAB)ڕەخنەی لە بڕیارەکەی حکومەتی ئەمەریکا گرت و گوتی سەرمایەکانی ئەو بانکە بە پێی کردارە نێودەوڵەتییەکان بۆ وەبەرهێنان لە ئەمەریکا دانراوە و هی خەڵکی ئەفغانستانە.

بانکی ناوەندی ئەفغانستان لە راگەیەندراوێکدا گوتی "DAB دوایین بڕیاری ئەمەریکا سەبارەت بە بلۆککردنی داراییەکانی ئەفغانستان و تەرخانکردنی بۆ مەبەستی ناپەیوەست، وەک نادادپەروەرییەک دەزانێت بەرامبەر بە خەڵکی ئەو وڵاتە."

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەو بانکەدا هەروەها هاتووە کە "DAB هەرگیز قبوڵی ناکات کە داراییە سڕکراوەکانی ئەفغانستان بە ناوی قەرەبووکردنەوە یان یارمەتی مرۆیی بدرێتە لایەنی دیکە و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە وئازادکردنی تەواوی پارە سڕکراوەکەی ئەفغانستانە."

سەرمایەی بانکی ناوەندی ئەفغانستان لەوکاتەوەی کە لە مانگی 8 دا تاڵیبان دەسەڵاتی گرتەوە و هێزە بیانیەکان لەو وڵاتەدا کشانەوە، بڵۆککرابوو.

بڵۆککردنی سەرمایە داراییەکانی ئەفغانستان لەگەڵ سزاکان و دابەزینی بودجەی گەشەپێدان و ئاوادانکردنەوە، هەمووی پێکەوە ئابووری ئەو وڵاتەیان ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵ کردوەتەوە کە قەیرانی مرۆیی خوڵقاندوە.