سەرکردەیەکی پارتی: لەگەڵ یەکێتی هەم گفتووگۆمان هەیە هەم ململانێش

ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، سەرباری دوورخستنەوەی کاندیدی حیزبەکەی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بەڵام ئەوان بژاردەی زۆریان لەبەردەستدایە، جەخت لەسەرئەوەشدەکاتەوە، سەرباری ململانێی نێوانیان لەگەڵ یەکێتی، دەبێت بگەنە چارەسەر.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئەکرەم ساڵح کە هاوکات بەرپرسی لقی 22 ی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لەبارەی ناکۆکی نێوانیان لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار، دەڵێت"ناکۆکیمان لەگەڵ یەکێتی هەیە لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار، بەڵام ئەمە واتای بچڕانی پەیوەندی نێوانمان نیە، ئێمە و یەکێتی هەم گفتووگۆمان هەیە، هەم ململانێش، بۆیە دەبێت لە ئەنجامدا بگەینە چارەسەر."

سەبارەت بە بژاردەکانی بەردەم حیزبەکەی لە کاتێکدا کاندیدەکەیان بۆ پۆستی سەرۆک دوورخراوەتەوە، ئەکرەم ساڵەح وتی"بژاردەمان زۆرە، لە ڕۆژانی داهاتوو دەردەکەوێت."

بەرپرسەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا ئاستی پابەندبوونی پارتی و عەرەبی سونە و ڕەوتی سەدر بەڕێککەوتنەکەی نێوانیان زۆر باشە، وتی"ڕێککەوتنەکە لەم قۆناغەدا بەردەوام دەبێت، بەتایبەت بۆ مەسەلەی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەت."

ئەکرەم ساڵەح ئەوەشی خستەڕوو، عێراق وڵاتێکی ناسەقامگیرە، پرۆسەی دیموکراسی لەعێراق هێشتا وەکپێویست جێگەی خۆی نەگرتووە، تا لایەنە ناکۆکەکان ئەنجامی هەڵبژاردن قەبوڵ بکەن، وتی"ڕەنگە لایەنە شیعەکانیش لە نێو خۆیاندا بگەنە جۆرێک لە سازان، جا بەبەشداریکردنی زۆربەی لایەنەکانیان بێت لە حکومەتدا یان هەموویان، گەرنا بە ئاسانی ئەم دۆخە تێناپەڕێت."

بەرپرسەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێیوانیە شەڕی نێوخۆیی گشتگیر لە عێراق ڕووبدات، گەرچی ڕەنگە لێرە و لەوێ هەندێک گرفت ڕووبدات، وتی"لەژێر هەژموونی ئێران و مەرجەعیەت، پێموانیە لەم قۆناغەدا لە عێراق شەڕی ناوخۆیی ڕووبدات."

لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئەکرەم ساڵەح بەرپرسی لقی 22 ی پارتی، جەختی لەسەر دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆیی عێراق کردەوە، باسی لەوە کرد سەدر دەیەوێت جۆرێک لە دەسەڵات بۆ عێراق بگێڕێتەوە، بەڵام پێناچێت سەرکەوتنی تەواو بەدەست بهێنێت.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر