لە کاتێکدا ناکۆکییەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە هەڵکشاندان، وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی کۆچبەرانی ئۆکرانیا دەکەن

وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات ئامادەکاری دەکەن بۆ وەرگرتنی سەدان هەزار کەس کە لە ئۆکرانیا هەڵدێن، ئەگەر بێتو ڕووسیا هێرش بکاتە سەر ئەو وڵاتە.

هەندێک لە شارۆچکەکانی پۆڵەند لە ئێستادا هەندێ شوێنی بۆ ئەو مەبەستە ئامادە کردووە و ڕۆمانیاش دەیەوێت کامپی پەنابەران ئامادە بکات.

بیرەوەرییەکانی پەردەی ئاسن و کاریگەری سۆڤیەت هێشتا لە لای بەشی ڕۆژهەڵاتی یەکێتی ئەوروپا زۆر زیندوون و هەر بۆیەش خەڵکەکەی زۆر بە وریاییەوە چاو لە هەر نائارامییەک دەکەن کاریگەری بخاتە سەر ئابوورییەکەیان یان شەپۆلێکی کۆچبەران ڕەوانەی وڵاتەکەیان بکات کە دوایین جار لە ساڵانی 1990کاندا لە کاتی تێکشکانی یوگۆسلاڤیای پێشوو بەسەریان هات.

ڕووسیا زیاتر لە 100 هەزار سەربازی لە نزیک ئۆکرانیا جێگیر کردووە و ئەمەریکاش هۆشداری داوە سەبارەت بەوەی کە ئەگەری هەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا هێرشێک دەست پێ بکات.

مۆسکۆ هەر پلانێکی لەو جۆرە ڕەتدەکاتەوە و ڕۆژئاوایشی بە "هیستریا" تۆمەتبار کردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتەکان و شارۆچکەکانی نزیک سنووری ئۆکرانیا لە باکوورەوە بۆ باشوور ئامادە دەبن بۆ وەرگرتنی پەنابەرانی ئوکرانیا ئەگەر بێتو پێویست بکات.

پۆڵەندا کە لە نێوان 1 بۆ 2 ملیۆن ئۆکرانی لە خۆ دەگرێت و زۆربەیان بۆ کارکردن ڕۆیشتونەتە ئەو وڵاتەوە، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە خەریکی ئامادەکارییە بۆ خراپترین سیناریۆ.

لوچیان بۆد، وەزیری ڕۆمانیا کە وڵاتەکەی سنوورێکی هاوبەشی درێژی لەگەڵ ئۆکرانیادا هەیە، ڕایگەیاند کە ئەو وڵاتە ڕۆژی یەکشەممە پلانێکی کرداری سەبارەت بەو پرسە کۆتایی پێهێناوە.

وەزیری بەرگری سلۆڤاکیا گوتوویەتی لەوانەیە دەیان هەزار کەس تەنانەت ئەگەر شەڕێکی بچوکیش ڕووبدات، لە ئۆکرانیا هەڵبێن، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتەش گوتی حکومەت ئامادەکاری دەکات بۆ سیناریۆ جۆراوجۆرەکان لەگەڵ هێزە چەکدارەکانیدا و لە پەیوەندییەکی نزیکیشدایە لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکراینا.

هەنگاریا کە زیاتر لە 150,000 لە خەڵکەکەی لە ئۆکرانیا دەژین و خوودی وڵاتەکەش دەیان هەزار کرێکاری کۆچبەر لە ئۆکرانیاوە لە خۆ دەگرێت، خەریکی ئامادەکارییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پرسی ئۆکرانیادا.

هەروەها وڵاتەکانی باڵتیکی لیتوانیا، لاتڤیا و ئیستۆنیا ڕایانگەیاندوە کە ئامادەن بۆ وەرگرتنی پەنابەرانی ئۆکرانیا.

تۆڕی هەواڵی BNSڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆی لاتڤیا بیر لە زنجیرەیەک بنکەی پەنابەری بە درێژایی سنووری ڕۆژهەڵاتی خۆی دەکاتەوە بۆ پەنابەرە ئۆکرانییەکان کە هیچ شوێنێکیان نییە بۆ مانەوە و گوتی پلانەکە پێویستی بە ڕەزامەندی حکومەتە.