پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت جگە لە هاوپەیمانێیە سێ قۆڵییەکە،(سەدر و سوننە و پارتی) بەشێک لە سەربەخۆکان، تەنانەت هەندێک لە چوارچێوەی هەماهەنگی پشتگیری کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.
پاش بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ دورخستنەوەی هۆشیار زێباری لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان کاندیدێکی نوێی بۆ پۆستەکە پێشکەشکرد، ئەویش ڕێبەر ئەحمەد بارزانی، وەزیری ناوخۆی ئێستای هەرێمی کوردستانە.
"چاوەڕێی سەرۆکایەتی پەرلەمانین "
شێروان دووبەردانی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " بە شێوەیەکی فەرمی کاک ڕێبەر ئەحمەد کاندیدی فەرمیمانە، چاوەڕێین سەرۆکایەتی پەرلەمان سیڤیەکەی بنێرێت بۆ چوار دامودەزگا، (دەزگای لێپرسینەوە و چاودێری، دەستپاکی، بەڵگەی تاوان، هەروەها وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی) دوای گەڕانەوەی وەڵامی ئەوان ئەگەر تێبینیان نەبوو ئەوکات سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ڕۆژێک دیاری دەکات بۆ دەنگدان بە سەرۆک کۆماری عێراق."
"ئەگەر ئەو بڕیارەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە لایەن دادگاوە ڕەتبکرێتەوە بە دڵنیاییەوە دەبێت سەرۆک کۆماریش لە پۆستی خۆی نەمێنێت "
دوێنێ ڕێزان شێخ دلێر، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئێمە هەموومان دەزانین سەرۆکی پەرلەمان کەسێکی بێ لایەن نیـیە بڕیارەکانی بە لایەنگری دەدات، هەتا کردنەوەی دووبارە دەرگای خۆکاندیدکردن نایاسایی بوو، وای بۆ دەچم لەم ڕۆژانەی ئایندەدا دادگای فیدراڵیش بڕیار لە بارەی ئەو بڕیارەوە بدات، چونکە پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ باسم خەشان تانەی لەو بڕیارەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە بەردەم دادگای فیدراڵی داوە، وە ڕەنگە سەرۆک کۆماریش بۆ (ئیستفسار) ئەوە بکات(پرسیار لە دادگای فیدراڵی بکات لەسەر دەستوری بوون یان نادەستوری بوونی کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن جارێکی تر)، بەڵام دادگای فیدراڵی بێگومان وەڵامی دەبێت بۆ تانەی ئەو پەرلەمانتارە."
بەڵام شێروان دوو بەردانی دەڵێت" ئەو بڕیارەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق (بۆ دووبارە کردنەوەی دەرگای کاندیدی) بڕیارێکی یاسایی بوو، چونکە لە دوای 30 ڕۆژەوە سەرۆکی کۆمار هەڵنەبژێردرا بۆیە جارێکی تر دەرگای خۆکاندیدکردنی کردەوە، ئەگەر ئەو بڕیارەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە لایەن دادگاوە ڕەتبکرێتەوە بە دڵنیاییەوە دەبێت سەرۆک کۆماریش لە پۆستی خۆی نەمێنێت. " (وتەی ئەم پەرلەمانتارە لە کاتێکدایە کە لەگەڵ بڕیاری دورخستنەوەی کاندیدەکەی پارتی، دادگای فیدراڵیش بڕیاریدا کە سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق لە پۆستەکەی بەردەوام دەبێت تا هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێ)
"بە هەموو شێوەیەک زەحمەتە ئێمە دەنگ بدەین بە کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان "
هەر دوێنێ ڕێزان شێخ دلێر، ڕاوێژکارەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەوەشی وتبوو"بۆ پارتی باشترە بێن بە یەک کاندید بچینە پەرلەمان و دەنگ بە کاندیدەکەی یەکێتی بدەن، من دەڵێم پارتی دەبێت وابکات، چونکە دەنگ بە کێ دەدات؟ ئەوان ئێستا لە خاڵی لاوازیدان و یەکێتی لە خاڵی بەهێزیدایە، چونکە پارتی کاندیدەکەی لەبەر گەندەڵی دەرکراوە بۆیە باشترە بۆ خۆیان بێن دەنگ بە کاندیدەکەی ئێمە بدەن."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا لە حاڵەتی ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی بەوەی بڕیاری کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن نادەستوری بووە، پارتی کاندیدی نامێنێت ئایا ئامادەن دەنگ بدەن بە کاندیدەکەی یەکێتی؟
لە وەڵامدا شێروان دووبەردانی وتی" لە حاڵەتی ئەوەی دادگای فیدراڵی ئەو بڕیارەی دا ئەوا (لکل حادث حديث) چاوەڕێی بڕیاری سەرۆک و سەرکردایەتی خۆمان دەکەین، بەڵام بە هەموو شێوەیەک زەحمەتە ئێمە دەنگ بدەین بە کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان "
"سەدمەیەکی گەورە بوو بۆ پارتی دوێنێ .... هەندێک لایەنی تر و دەوڵەتەکانی دەوروبەر دەستییان تێیدا هەبوو "
لە دوای بڕیاری دورخستنەوەی لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، هۆشیار زێباری بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند " پارتی هیچ کاندیدێکی تری بۆ ئەو پۆستە نيـیە "، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی پارتی درەنگ کاندیدبوونی ڕێبەر ئەحمەدی ڕاگەیاند؟
شێروان دووبەردانی وتی " ئێمە چاوەڕێ بوین دادگا بڕیار لە بەرژەوەندی کاندیدەکەی ئێمە بدات، هەتا پێش دانیشتنی دادگا هەموو ئاڕاستەکان بەو شێوەیە بوو، بەڵام دادگا کتوپڕ ئەو بڕیارە سیاسیەی دا کە ئەوەش سەدمەیەکی گەورە بوو بۆ پارتی دوێنێ، چونکە کاک هۆشیار لە دادگا هیچ بڕیارێکی لەسەر ئەو دۆسێیانە لە دژی نەدرابوو، دەبینین وەزیری پێشووی بەرگری عێراق پێشتر ئیقالە کراوە بەڵام ئەوەتا ئەمڕۆ پەرلەمانتارە و پێشتر کاندید بوو بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام بەداخەوە ئەو بڕیارە بەس لەسەر کاک هۆشیار جێبەجێکرا، کە ئێمە دڵنیاین 100% بڕیارێکی سیاسی بوو، هەندێک لایەنی تر و دەوڵەتەکانی دەوروبەر دەستیان تێیدا هەبوو."
"بە دڵنیایی کاک ڕێبەر دەبێتە سەرۆک کۆماری عێراق"
سەبارەت بەوەی ئایا دڵنیان کاندیدەکەتان دەنگی پێویست دەهێنێت؟ لە وەڵامدا ئەو پەرلەمانتارەی پارتی وتی"بەدڵنیایی ئێمە پێشتر کارمان بۆ کاک هۆشیار زێباری کردووە، بە هاوکاری هاوپەیمانەکانمان لە سەدرییەکان و سوننەکان، کە هاوپەیمانێتیەکی بەهێزە ئەگەر لە جەولەی یەکەمیش دەرنەچێت ئەوا لە جەولەی دووەم کاک ڕێبەر دەنگی پێویست بهێنێت و بەدڵنیایی دەبێتە سەرۆک کۆماری عێراق."
دووبەردانی جەختی لەوە کردەوە " جگە لە هاوپەیمانێیە سێ قۆڵییەکە،(سەدر و سوننە و پارتی) بەشێک لە سەربەخۆکان، وە تەنانەت هەندێک لە چوارچێوەی هەماهەنگی پشتگیری کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق."
Your browser doesn’t support HTML5