دادگای فیدراڵی عێراق بڕیار دەدات یاسای نەوت و گازی هەرێم "نادەستوورییە"

دادگای فیدراڵی عێراق ڕۆژی سێشەممە بڕیاری دا یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان نادەستوورییە.

ئاژانسی دەنگوباسی عێراقی INA ڕایگەیاند " دادگای فیدراڵی فەرمانی دا یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان نادەستوورییە." هەروەها دەشڵێت " دادگای فیدراڵی بڕیاریدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچار بکات نەوت ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات."

محەمەد حسێن بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکارییە ئابورییەکان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێڕاق کاریگەری وێرانکەری لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت چونکە مافی گرێبەستکردن و فرۆشتنی نەوت و غاز لە هەرێم دەسەنێتەوە ئەو ڕێژە کەمە ئابورییە سەربەخۆییەی کە هەرێم هەیبووە لێی وەردەگیرێتەوە".

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کاربەدستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ لێدوانێکیان لەسەر بڕیارەکە نەداوە.

پاش تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی عێڕاقەوە، هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014 وە بەشێوەیەکی سەربەخۆ دەستیکرد بە فرۆشتنی نەوت.

جێی ئاماژەیە بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ لەسەر بنەمای ئەوە سکاڵایانەبوو کە لە ساڵی 2012 و 2019 لە دژی هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.