سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی: نیگەرانی خەڵکی عێراق لە دۆخە سیاسیەکە، کاریگەری لەسەر بازاڕ نەبووە

سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەڵێندەرانی هەرێمی کوردستان بڕێکی زۆر پارەیان لای حکومەتی هەرێمە و هێشتا پێیان نەدراوەتەوە، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە زۆری پارەی کارەبا، کێشەی بۆ کارگەکانی هەرێم دروستکردووە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی دەڵێت"سەرباری دڵەڕاوکێی خەڵکی عێراق و هەرێم لە دۆخە سیاسیەکە، بەڵام کاریگەری نیگەرانیەکان بەسەر بازاڕەوە نابینرێن، چونکە موچە لەکاتی خۆیدا دەدرێت و پێویستی ڕۆژانەی خەڵکیش بەردەوامە، بازرگانەکانیش بەردەوامن لە هێنانی کاڵاو شمەک."

سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی ڕوونیشیکردەوە، خاوەن کارگەکان نیگەرانن لە بەرزی نرخی کارەبا بەراورد بە شارەکانی خوارووی عێراق، وتی"حیمایە نەکردنی بەرهەمی ناوخۆ و پەسەند نەکردنی ئەو یاسایانەی لەعێراق بۆ ئەم مەبەستە دەرکراوە لەلایەن پەرلەمانی هەرێمەوە، پیشەسازەکانی نیگەران کردووە."

سیروان محەمەد باسی لەوەکرد، حکومەت پارەی ژمارەیەکی زۆر بەڵێندەری نەداوەتەوە کە پرۆژەیان ئەنجامداوە، ئەمەش بووەتە کێشە بۆ بەڵێندەران.

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی جەختیکردەوە، پێنەدانەوەی پارە بە بەڵێندەران، وایکردووە هەندێک لە بەڵێندەران نیگەران بن، چونکە بەشێک لە پارەکانیان چووەتە قەرزەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر