پێنج ڕۆژنامەنووسی تورک زیندانی دەکرێن

پێنج ژنامەنووسی تورکیا کە سزای زیندانیکردن بەسەریاندا سەپێندرابوو، ڕۆژی سێ شەممە بۆ جێبەجێکردنی سزاکەیان ڕەوانەی زیندانی ئەو وڵاتە کران.

پارێزەرێکی دۆسیەکە ڕایگەیاند دوای ئەوەی دادگای تورکیا داواکارییەکانی بۆ پێداچوونەوە لە دژی ئەو تۆمەتبارانە ڕەتکردەوە کە پەیوەندی بە ڕاگەیاندنی هەواڵی کوژرانی ئەفسەرە هەواڵگرییەکانی تورکیاوە هەبووە لە لیبیا لە ساڵی 2020دا، ڕۆژنامەوانەکان ڕەوانەی زیندان کراون.

پێنج ڕۆژنامەوانەکە لە مانگی 9ی ساڵی 2020دا بە هۆی ڕاگەیاندن و ئاشکراکردنی زانیارییەکان سەبارەت بە بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە چالاکییە هەواڵگرییەکانی تورکیاوە تاوانبار کران و لە ماوەی دادگاییکردنیاندا بۆ ماوەی شەش مانگیش دەستبەسەربوون.

تۆمەتەکان پەیوەستن بە بڵاو بوونەوەی ئەو وتار و پۆستانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پاش ئەوەی تەیب ئەردۆغان لە مانگی 2ی ساڵی 2020دا ڕایگەیاند کە تورکیا لە لیبیا "چەند شەهیدی" هەیە.

تورکیا پشتیوانی سەربازی و ڕاهێنانی پێشکەش بەحکومەتی پەیمانی نیشتمانی لیبیا کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە فەرمی قەبووڵکراوە، کردووەوە و هەروەها هاوکاریشی کردوون بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەو هێرشەی کە لەلایەن هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیاوە بەسەرۆکایەتی خەلیفە حەفتر بۆ سەر ترابلوس کرابوو.

لەو پێنج ڕۆژنامەنووسە، دوانیان لە مانگی 9ی ساڵی 2020 بە سێ ساڵ و نۆ مانگ زیندانیکردن سزادران و سێی دیکەش بە چوار ساڵ و هەشت مانگ زیندانیکردن سزا دران.

تۆمەتبارەکان تۆمەتەکانیان ڕەتکردەوە و گوتیان کە ئەوان وەک ڕۆژنامەنووس کارەکانیان ئەنجام داوە، بەڵام دادگای پێداچوونەوە داواکارییەکەیانی لە 28ی مانگی 1 دا ڕەتکردەوە.

جەلال ئۆڵگین، پارێزەری کەیسەکە گوتی ڕۆژنامەنووسان بەهۆی ئەنجامدانی کارەکانیانەوە زیندانی کراون و ئەو سزایەی بە "تۆقاندنێک کە ئاراستەی هەموو کۆمەڵگە کراوە" ناودێر کرد.

تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی لە جیهاندا کە زۆرترین ژمارەی ڕۆژنامەنووسی زیندانی تێدایە.

ڕەخنەگران دەڵێن ئەردۆغان لە دوای کودەتا شکەستخواردوەکەی ساڵی 2016، سەربەخۆیی بۆ دادگا و میدیاکانی نەهێشتوەتەوە، بەڵام کاربەدەستان دەڵێن دادگاکان سەربەخۆن و ئەو سزانەش بە هۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە پێویست بووە.

دادگاکانی تورکیا بەگشتی دۆسیە و سزاکان میدیایی ناکەنەوە و هیچ لێدوانێکیش لەبارەی دۆسیەکەی ڕۆژی سێشەممەوە لەلایەن حکومەتەوە ڕانەگەیەندراوە.