رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆتێکیدا بڵاوی دەکاتەوە کە بەندکراوێکی کورد بە ناوی گوڵالە مورادی وەک ڕێگایەک بۆ نیشاندانی ناڕەزامەندی بەرامبەر بە بەندکرانی دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە.
لە وتووێژێکی دەنگی ئەمەریکا دەگەڵ ژیلا موستەئجێر، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەو ڕێکخراوە لە رۆژی سێشەممە ١٥ی مانگی ٢ی ٢٠٢٢ی زاینییدا دەڵێت کە ئەو خانمە "بە هۆی ئەوەی ١٠ مانگ لە دەستبەسەرکرانەکەی کە بە شێوەی نایاسایی بووە، تێدەپەڕێت و تا ئێستا دادگایی نەکراوە، بە نیشانەی ناەڕەزایەتی دەربڕین بە یەکلانەبوونەوەی دۆسیەکەی و ناڕوونی چارەنووسی و هەروەها وەڵامدەرنەبوونی بەرپرسانی بەندیخانە مانی لە خواردوون گرتووە، " وەک سەرچاوەیەک ئەم زانیاریەی بۆ هەنگاو ناردووە.
هەروەها ڕێکخراوی کوردپا ئەم هەواڵە پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت یەکێک لە نزیکانی گوڵالە بە ئەو ڕێکخراوەی ڕاگەیاندووە کە ئەو بەندکراوە "پاش وەڵامنەدانەوە بە داواکارییەکانی لە لایەن بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە، مانی [لە خواردن] گرتووە."
چەند مانگێک پێش ئێستا رێکخراوی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی پێکرد کە "گوڵالە مورادی وێڕای دوو کوڕەکەی بە ناوەکانی مەتین بەزازی و تاهیر بەزازی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەرکران و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی ورمێ کران."
هەروەها ئەو سێ ئەندامی بنەماڵەیە، پاش کوژرانی عوسمان حاجی حوسێنی، ئەندامی سپای پاسداران، لە لایەن ئەو هێزانە گیرابوون، بەڵام پاشان کوڕەکان ئازاد کران.
خاتوو ژیلا سەبارەت بە هۆی بەندکردنی ئەو خانمە ئاگایی دەدات کە "گوڵاڵە مورادی ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوەی پارەکە (١٧ی ئاوریلی ٢٠٢١) دوای کوژرانی عوسمان حاجی حوسێنی کادری سپای پاسداران لە پیرانشار، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر و بۆ ئورمیە و دوای ٣٥ ڕۆژ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە. عوسمان حاجی حوسێنی شەوی هەینی ٢٧ی خاکەلیوە (١٦ی ئاوریل) لە جادەی زیوەی [پیرانشار] کوژراو؛ پاش چەند کاتژمێر ، گرووپی هەڵۆکانی زاگرۆس بەرپرسیارێتی کوشتنی ئەو ئەندامی سپای پاسدارانیان بە ئەستۆ گرت."
لە لایەکی دیکەوە، لە پەیوەندی کوژرانی حاجی حوسێنی لە مانگی ٤ی ساڵی ڕابردوودا، گرووپێک کە خۆیان بە "هەڵۆکانی زاگڕۆس" ناساندووە لە ڕاگەیەندراوێک دا گوتبووی لە بەر ئەوەی حاجی حوسێنی ئەندامێکی سپای پاسداران بوو و پێشتر پێشمەرگەی یەکێک لە ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانی کوشتووە، ئێوارەی هەینی ١٦ی مانگی ٤ی ٢٠٢١ ناوبراویان "لە نێوان ئاواییەکانی زێوە و کاسوورە دا بەسزای تاوانە کانیان گەیاندووە."
لە دابینکردنی زانیاری زیاتر سەبارەت بە دۆخی گوڵاڵە، وەک سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ورمێ هەنگاوی لێ ئاگادار کردۆتەوە ئاشکرای دەکات کە لە ماوەی بەندکرانیدا، ناوبراو چەندین جار بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان گوێزراوەتەوە و وێرای ئەشکەنجە و ئازاردن هەڕەشەیان لێکردووە دان بە ئەو شتانە دابێنێت کە ئەوان، واتا ئیتلاعات، دەیەوێت، ئەگینا گیانی کوڕەکانی لە مەترسی دەخات.
گوڵاڵە لە تۆمارێکی دەنگییدا کە پێشتر بۆ ڕێکخراوی هەنگاوی ناردووە دەیدرکێنێت "لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ئەشکەنجە و ئازار دراوم هەتا ئەو شتانەی کە ئەوان دەیانەوێت بە ئەستۆ بگرم و هەڕەشەیان کردووە کە ئەگەر ئەو کارە نەکەم، ئەوا کوڕەکانم دێنن و لەپیش چاوی خۆم ئەشکەنجە و ئازاریان دەدەن."
ژیلا، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری هەنگاو سەبارەت بە زانیاری زیاتر لە مەڕ دۆخی ئەو بەندکراوە بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت:
"تا ئێستا بنەماڵە و هاوڕێیانی خاتوو گوڵاڵە زۆر هەوڵیان داوە کە بتوانن لە ڕێگای پارێزەر و یاساوە کارەکانی جێبەجێ بکەن، بەڵام ناوەندە ئەمنییەتییەکان ئەو ئیزنەیان نەداوە و پارێزەرەکەی نەیتوانیویەتی دەستی بە کەیسی ئەو بەندکراوە ڕابگات؛ هەر بۆیە گوڵالەش بۆ ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ئەم دۆخە دەستی داوەتە مانگرتن."