سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی حوسێن کەمانگەر، زیندانی کوردی ئێران بە تۆمەتی "بەغی" لە دادگای پێداچوونەوەدا هەڵوەشێنرایەوە.
بە پێی یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەر جۆرە چالاکییەکی چەکداری دژ بە حکومەت و بنەماکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ژێر ناوی 'بەغی' وەک تاوان پێناسەی بۆ دەکرێت کە بە پێی ماددەی 287 و 288 سزاکەی لە سێدارەدان دەبێت.
کەمانگەر مانگێک پێش ئێستا و دوای سێ ساڵ لە دەستبەسەربوون و ئەشکەنجەدانی لە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە بە تۆمەتی "بەغی"، بە کەفالەتی 1 ملیار تمەنی ئێرانی ئازادکرا.
بەڕێز ساڵح نیکبەخت لە گفتوگۆیەدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە، لە بارەی هۆکاری دەستبەسەرکردنی کەمانگەرەوە دەڵێت " کاتێک ڕووداوێکی تیرۆر و کوشتن لە ئێران ڕوودەدات، ئەگەر بکەرە ڕاستەقینەکانی دەستگیر نەکرێن، زۆرجار کەسی دیکە دەبنە قوربانی و بێتاوان تۆمەتی کوشتن و تیرۆرکردنی ئەو کەسانەیان دەخە پاڵ."
بەڕێز نیکبەخت، پارێزەری ئەم چالاکوانە کوردە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و هەروەها لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە تلێگرامی تایبەتی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، لە بارەی کەمانگەرەوە دەڵێت "حوسێن کەمانگەر کە پێشتریش چەند جار لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە دەستبەسەر و دواتر ئازادکراوە، دوایین جار لە ساڵی 2019دا بە هۆکاری ئەندامبوونی ناوبراو لە حیزبی "یەکێتی نیشتمانی کامێران"دا کە بە موڵەتی فەرمی وەزارەتی نێوخۆی ئێران دامەزراوە، دەستبەسەر دەکرێت و دواتر لەکاتی لێپرسینەوەدا تۆمەتبارکراوە بە بەشداریکردن لە کوژرانی کۆسار فاتیحی، شۆفێری ئامبولانسی مانگی سووری کامیاران و هەروەها تۆمەتی لە ئەستۆگرتنی ڕێکخستنە نهێنییەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) خرابووە پاڵی."
ئەو پارێزەرە بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "حوسێن کەسێکی خۆشەویست و جێگای متمانەی شاری کامێرانە کە هیچ بەڵگەیەک بۆ تاوانبارکردنی لە ئارادا نەبووە" و دەشڵێت "بەڵام ناوبراو دوای ئەوەی چەند لەو کەسانەی کە لەگەڵ ئەودا بەهۆی ئەندامبوونیانەوە لە حیزبی یەکێتی نیشتمانی کامیاران دەستگیرکرابوون، لە ژێر ئەشکەنجەدا و بۆ ڕزگارکردنی خۆیان لە دژی کەمانگەر شایەتی ئەوەیان دابوو کە ناوبراو بەرپرسی ڕێکخستنە نهێنییەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستانە و هەر بۆیەش بە پێی ئەو شایەتییە لە زینداندا دەمێنێتەوە و ئازاد ناکرێت."
بەرێز نیکبەخت لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت "شاهیدەکان دوای ئازادبوونیان بە کۆمەڵ یان تاکەکەسی ڕۆیشتونەتە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە و ڕایانگەیاندوە کە لە ژێر ئەشکەنجەدا ناچار بەو دانپێدانانەدا بوون و ئەوەی لە بارەی حسێن کەمانگەرەوە گوتویانە ڕاست نەبووە."
ئەو پارێزەرە دەڵێت "دواجار لقی یەکی دادگای شۆڕش لەسەر بنەمای قسەی شاهیدەکان، کەمانگەر بە "بەغی"، واتە بە چالاکی چەکداری لە دژی ئاسایشی نیشتمانی و کوشتنی کۆسار فاتیحی تۆمەتبار دەکات کە سزاکەی لە سێدارەدان دەبێت."
پارێزەری کەمانگەر دەڵێت "دوو ساڵ پێش ئێستا دوای ئەوەی ئاگادارکرامەوە ناوبراو دەستبەسەرکراوە و ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ، بە وردی سەیری دۆسیەکەم کرد و بینیم هیچ بەڵگەیەک کە ئاماژە بە تاوانباربوونی بکات تێیدا نییە و هەر بۆیەش داوای پێداچوونەوەمان بۆ کرد و دوای پێداچوونەوەکە، سزای کەمانگەر کەم دەکرێتەوە بۆ 15 ساڵ زیندانیکردن."
بەڕێز نیکبەخت بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " سەرەڕای ئەوەی کە پارێزەرە پێشووەکەی کەمانگەر جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە چیدیکە داوای پێداچوونەوە بۆ سزای 15 ساڵەکە نەکرێت چوونکە دەترسا لەوەی دوای پێداچوونەوە زۆتر لەو ماوەشی بەسەردا بسەپێنن، بەڵام هەم من و هەم خوودی کەمانگەر رازی نەبووین و داوای پێداچوونەوەمان لەدادگای باڵای ئێران کرد کە لە ئەنجامدا دوای پێداچوونەوە بە دۆسیەکە و بەرگرییەکانی من، ئەو دادگایە بۆی دەرکەوت کە کەمانگەر بێتاوانە و سزاکەی هەڵوەشاندەوە."
بەڕێز نیکبەخت دەڵێت "یەکێک لەو تۆمەتانەی درابووە پاڵ کەمانگەر، کوشتنی کۆسار فاتیحی، شۆفێری ئامبولانسی مانگی سووری کامیاران بوو و ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە کەمانگەر 8 مانگ دوای کوژرانی ناوبراو دەستگیرکرابوو، هەر بۆیە من گۆمانم لەوە کرد کە چۆنە لەماوەی ئەو هەشت مانگەدا کەسیان لەسەر ئەو پرسە دەستگیر نەکردوە و دواجار کاتێک زۆرتر لە شتەکان وردبوومەوە، تێگەیشتم کە پێشتر سوپای پاسداران لە شەڕ و پێکدادانێکدا لەگەڵ دوو کەس، کەسێکیان کوشتوە و کەسێکی دیکەشیان دەستگیر کردوە کە دواجار لە گیرفانی ئەو کەسەی کە کوژراوە نامەیەک دۆزراوەتەوە کە تێیدا باسی ڕووداوی کوشتنی شوفێری ئامبولانسەکەی کردوە و نووسیوێتی ئێمە ویستومانە ئەندامێکی هێزە ئاسایشییەکانی ئێران بکوژین کە بەهەڵە ئەو شوفیرەمان کوشتووە."
پارێزەر نیکبەخت لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکادا سەبارەت بەوەی دادگاکانی ئێران تا چەند سەربەخۆن، دەڵێت "بەداخەوە بە پێی ئەزموونەکانم دەبێت بڵێم کە دادگاکانی ئێران، بەتایبەت دادگاکانی ئینقلابی ئێران بەو شێوەیەی کە دەبێت سەربەخۆ بن، سەربەخۆ نییەن و ساڵ بە ساڵیش لەو ڕووەوە بەرەو خراپتر بوون دەڕوەن" و دەشڵێت "بۆ پشتڕاسترکردنەوە ئەم قسەیەشم پێم خۆشە ئاماژە بە گوتەیەکی ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێستا ئێران و سەرۆکی پێشووی دەزگای دادوەری ئێران بکەم کە لە لێدوانێکیدا گوتبووی ئێوە لێکۆڵینەوەکانی خۆتان کە مەبەستی دەزگای ئیتلاعات بووە، بکەن و دواجار شتەکان بدەنە دەستی دادگا با دادگا بڕیاردەر بێت نەوەک ئێوە" دەشڵێت "ئەم گوتەیە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە دادگاکانی ئێران سەربەخۆ نین."
لە پرسیارێکی تری دەنگی ئەمەریکا لە بارەی ئەوەی ئایا ئەمە بڕیاری کۆتاییە سەبارەت بە دۆسیەی کەمانگەر یان نە، بەڕێز نیکبەخت دەڵێت "وەک لە بڕیارەکەدا هاتوە دادگای بەرایی کامێران بۆی هەبووە لە ماوەی 20 ڕۆژدا دژی بڕیارەکە داوای پێداچوونەوە بکات، بەڵام داوای نەکردوە و مۆڵەتەکەشی تەواو بووە، بەڵام وەک لە دادگا بە خێزانی کەمانگەر ڕاگەیەندراوە، دەزگای ئیتلاعات ناڕەزایی خۆی لە بڕیارەکەی دادگا دەربڕیوە و گوتوێتی ئێمە ئاگاداری بڕیارەکە نەبووین و ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەوان هەر نەدەبوو ئاگادار بکرێنەوە و تەنیا دادگای بەرایی پێویست بووە ئاگادار بکرێتەوە کە هیچ ناڕەزاییەکی دەرنەبڕیوە لە ماوەکەیدا کە بۆی دیاریکرابوو" و لە کۆتایشدا پارێزەری کەمانگەر دەڵێت " گەر شتەکان بە پێی یاسا بڕواتە پێشێ، تەنانەت ئەگەر دەزگای ئیتلاعاتیش ناڕازی بێت لە بڕیارەکە، هیچ ناتوانن بکەن و تازە بڕیارەکە دراوە."
کاوە کرماشانی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ماڵپەڕی ئەو ڕێکخراوەدا سەبارەت بە بڕیاری بێتاوان بوونی حسێن کەمانگەر دەڵێت "سێ ساڵی دەستبەسەرکردنی حوسێن کەمانگەر لە ژێر هەلومەرجێکی قورسی دەروونی و ئەشکەنجەی جەستەییدا، دەبێت بە شێوەیەکی یاسایی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە قەرەبوو بکرێتەوە.
ئەو چالاکوانەی مافەکانی مرۆڤ دەشڵێت "بێتاوانی حسێن کەمانگەر کە بە هەوڵی زۆری پارێزەرەکەی و بەدواداچوونی خێزانەکەی سەلمێندرا، جارێکی تر دەریخست ئەو تۆمەتانەی کە دەدرێتە پاڵ چالاکوانان، تا چەند بێ بنەمان و دوورن لە ڕاستی."