لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و ناوچەی هەورامان زیاتر لە 36 ناوچەی گەشتیاری هەمەچەشن هەن کە ساڵانە گەشتیارێکی فراوان لە ناوە و دەرەوەی هەرێم سەردانیان دەکەن، بەڵام ناوچە گەشتیاریەکان بە شێوەیەکی زانستی کاریان لەسەر نەکراوە و نەتوانراوە شوێنی مانەوەی گەشتیاران وەک پێویست دروستبکرێت، زانکۆی هەڵەبجە لەو چوار چێوەیەدا بەشی گەشتوگوزار لە ساڵی ئایندەدا دەکاتەوە و چەند ۆڕکشۆپێکی نێودەوڵەتیش لەسەر ڕێگا نوێیەکانی کەرتی گەشتوگوزار ئەنجام دەدات.
زۆری ناوچە گەشتیاریەکان لە پارێزگای هەڵەبجە بەگشتی و ناوچەی هەورامان بە تایبەتی، نەبوونی پلان بۆ هێشتنەوەی گەشتیار و پەرەدان بە سیستەمی گەشتیاری مۆدێرن، بووەتە جێگە و باسی ناوەندیە زانستیەکان، زانکۆی هەڵەبجە لەوچوار چێوەیەدا ۆڕکشۆپێکی نێودەوڵەتی لەسەر گرتنەبەری ڕێگا نوێیەکانی گەشتیاری بۆ ژمارەیەک لە مامۆستیان و پسپۆڕانی گەشتیاری ئەنجامدا .
د. ئاکۆ محمد ڕاگری بەشی بازرگانی نێودەوڵەتی لە زانکۆی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند" لە ۆڕکشۆپەکەدا کارمان لەسەر ئەوە کردووە پێویستە ڕێگا نوێیەکان لە ڕووی دروستکردنی شوێنی مانەوەی گەشتیار و بە کەلتوری کردنەوەی ناوچە گەشتیاران تا سیمایەکی کەلتوری ناوچەکە زیاتر بخرێتە ڕوو گەشتیارێکی فراوانیش ڕوو لەناوچەکەمان بکەن کراوە ".
بارینی باران و بەفر لەم ساڵدا جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو بەتایبەت لە هەوراماندا کە زیاتر لە 100 سانتیمەتر بەفر و نزیک بە سێ هێندەی ساڵی پار باران بارین وایکردووە وەک غەریب ئەحمەد بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی گەشت و گوزاری هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەو کانی و کارێزانەی کە پێشتر ووشک بووبوون ئێستا جارێکی دیکە بوژاونەتەوە و پێدەچێت، گەشتیاری زیاتر لەم ساڵدا بۆ ناوچەگەشتیاریەکان ڕابکێشێتەوە ".
لەبەرامبەر ئەو ناوچە زۆرە گەشتیارانەی لە پارێزگاکەدا هەن، وەزارەتی خوێندنی بالاو توێژینەوەی زانستی ڕەزامەندی لەسەر کردنەوەی بەشی گەشت و گوزار دەربڕیوە وەک بەشێکی زانستی، د. مەهابات کامیل سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ساڵی ئایندە لە ناو کەمپەسی زانکۆی هەڵەبجە بەشەکە دەکرێتەوە خوێندکار وەردەگرێت ".
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بە بڕیارێک، خاوەن ناوچە گەشتیاریەکانی پەیوەست کردوە کە بەناچاری دەبێت 30% کارمەندەکانیان لە ناوچە گەشتیاریەکان دەرچووانی بەشی گەشتوگوزاری زانکۆکانبن ، ئەم هەنگاوەش بە ئاڕاستەی ئەوەیە، کە زیارتر گرنگی بە کەرتی گەشتوگوزار بدرێت و گەشتیاری زیاتر بۆ ناوچە گەشتیاریەکان ئاڕاستە بکرێت، کە سالانە لە بۆنە تایبەتەکاندا بەتایبەتی لە بۆنە نەتەوەیی و ئاینیەکاندا،نزیک بە 100 هەزار گەشتیار دێنە ناوچە گەشتیاریەکانی هەڵەبجەوە .
Your browser doesn’t support HTML5