چەندین ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی داوا دەکەن سزاکانی سەر ئیبراهیمی ڕەئیسی هەڵنەگیرێن

نۆ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی چالاک لە بواری مافەکانی مرۆڤدا بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و جەختیان کردەوە کە نابێت سزاکانی مافی مرۆڤ پەیوەست بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە تایبەتی ئیبراهیم ڕەئیسی هەڵبگیرێت.

لەو بەیاننامەیەدا بە ئاماژەدان بە وتووێژەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی زلهێزانی جیهان لەگەڵ ئێران، جەخت لەوە کراوەتەوە "کوشتنی هاووڵاتیانی ناڕازی، دەستبەسەرکردنی نایاسایی، زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان، لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانی ناڕازی و چالاکوانانی سڤیل بەشێکن لە ئاشکراترین پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا" و نابێت سزای ئەو کەسانەی کە دەستیان تیایدا هەیە لاببرێت.

لەو ڕاپۆرتەی کە ڕادیۆ فەردا بڵاوی کردووەتەوە گوتراوە لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران بە یەکێک لە "پێشێلکارە سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ لە کاتی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوە" ناوزەدا کراوە و ڕاگەیەندراو ، کە چالاکییەکانی لە هەندێک حاڵەتدا "نمونەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین" و نابێت سزاکانی سەر ئیبراهیمی ڕەئیسی لاببرێت.

ئەم بەیاننامەیە لەلایەن ڕێکخراوەکانی سەنتەری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، دەزگای عەبدولڕەحمان بۆرومەند بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، دادپەروەری بۆ ئێران، سەنتەری بەڵگەکانی مافی مرۆڤی ئێران، چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران، یەکێتی بۆ ئێران، دامەزراوەی سیامک پورزەند، کۆمەڵەی ئازەربایجانی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران لە ژنێڤ مۆرکراوە.

سەرچاوە: ڕادیۆ فەردا