پەرلەمانی ئەوروپا داوا لە ئێران دەکات کۆتایی بە بڕیارەکانی لە سێدارەدان بێنێت

یەکیەتی ئەوروپا لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی مانگی دووی ٢٠٢٢دا بە زۆرینەی دەنگ بڕیارنامەیەکی پەسند کرد کە تێیدا لە سێدارە دان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە مەحکوم دەکات وە بە تایبەتی ئاماژە دەکات بە لابردنی هەموو شێوەکانی جیاوازی کردن بۆ سەر کەمینە ئاینی و نەتەوەییەکان لە نێویاندا کورد، ئازەری، بەلووچ و عەڕەب.

بڕیارنامەی پەرلەمانی یەکیەتی ئەوروپا پشت بە بڕیارنامەکانی پێشووی خۆی سەبارەت بە سزای لە سێدارەدان ، پەیڕەوکانی ئەو یەکیەتییە، هەوڵی داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ دەبەستێت و ئەو سزایەی بە سەر نەرگیس موحەمەدییدا سەپێندراوە، گرنگی پاریزگاری لە بەندکراوەکان، مەسەلەی بەندکردنی هەڕەمەکی، پێشێلکارییەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران سەر لە نوێ دووپات دەکاتەوە.

سەبارەت بە نەسرین ستوودە کە پارێزەرێکی ناسراوی مافەکانی مرۆڤ بووە و لە‌گەڵ چالاکانی تریش بەردەوام و لێبڕاوانە هەوڵیانداوە کۆتایی بە سزای مەرگ بۆ سەر کەسانی ژیر ١٨ ساڵانە بهێنرێت، ئێستا لە وەتا مانگی ٣ی ٢٠١٩ وە سزای ٣٣ ساڵ و شەش مانگ زیندانی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەسەردا سەپێنراوە.

ئەو بڕیارنامەیە دەڵێت، بە گوێرەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوان مانگەکانی یەک بۆ ١٢ی ٢٠٢١ی زاینی، لانی کەم ٢٧٥ کەس لە ئێراندا لە سێدارەدراون. لە نێویاندا لانی کەم دوو مێرمنداڵی ژێر ١٨ ساڵی و ١٠ خانم دەبینرێن. هەروەها ئاماژە دەکات کە ژمارەیەک لە ئەو کەسانەی سزای مەرگیان بە سەردا سەپێندران، ئەوانەن کە لە خۆپێشاندانەکانی بە ئاشتی و سەرانسەری ئێراندا بەشداریان کرد و تەنانەت لە بەندیخانەکاندا ئەشکەنجەیان دەدەن.

ئایا ئەو بڕیارەی یەکیەتی ئەوروپا تا چەند گرنگی هەیە، بە تایبەت کە رۆژئاوا زیاتر تیشکی خستۆتە سەر مەسەلەی ناوکی؟

تۆژەری سیاسی، هێمن سەیدی لە وتووێژێکی دەگەڵ دەنگی ئەمەریکادا دەڵێت، ئەو بڕیارەی یەکیەتی ئەوروپا دەریدەخات کە ئەم ناوەندە سیاسییە گرنگە کە ئێستا لەگەڵ ئێران خەریکی مەسەلەی ناوکییە هاوکات دەیەوێت بایەخ بە بابەتی دیکەش بدات. ئەو بە گشتی پێی وایە، "ئەوروپا ئێستا پێیخۆشە لە هەموو ئامرازەکان کەڵکوەربگرێت؛ فشارەکان لە سەر ئێران هەروا هەمە لایەنە بێت؛ فشاری مافی مرۆڤی هەبێت؛ فشاری سیاسی هەبێت؛ فشاری ئابووری لە سەر ئێراندا هەبێت و هەموو ئەوانە ببنە هۆی ئەوەی کە هەم لە سەر مەوزووعی ناوکییەکەی کە دانوساندنی لە سەر هەیە و هەم دواتر لە سەر مەوزووعی دەستتێوەردانەکانی لە ناوچە و ئەو مووشەکانەی دەیەوێت پەرەی پێبدات، فشار بخاتە سەر ئێران."

ئەو هەروەها گوتی کە ئەوروپا دەیەوێت ئێران پاشەکشە بکات. لە ئێستادا، لە ڕێگای ئەو بڕیارنامەیە وەک کارتێکی گوشار کەڵک وەربگرێت و هەڵبەت ئەوە داهاتوویە نیشانی بدات کە داخوا ئەم شێوازە چەندە کاریگەر دەبێت.

بەڵام لە لایەکی دیکەوە، لە کاردانەوە بەرامبەر بە بڕیاری پەرلەمانی یەکیەتی ئەورووپا، بەرپرسی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ سەر بە وەزارەتی دادی ئێران، کازم غەریب ئابادی هەینی ڕابردوو گوتی کە "ئەم بڕیارە بە پێچەوانەی ڕاستییەکانی نێو ئێرانە و بڕیارەکە لە سەر بناغەی مەبەستی سیاسییە."

لە هەمان کاتدا، لە بڕیارنامەکەدا هاتووە کە بە گوێرەی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئێران هێشتاش زۆرترین ژمارەی لە سێدارەدانی بەندکراوانی لە جیهاندا هەیە.

لە وتووێژێکی لە گەڵ دەنگی ئەمەریکادا، تۆژەرێکی دیکەی سیاسی، کاوە ئاهەنگەری دەڵێت لە ئەم قوناخەدا جەخت لە سەر مافەکانی مرۆڤ دەکرێت و "بە دوای دەستپێکردنی گفتوگۆکانی وڵاتان دیارە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ مافی مرۆڤی لە دانوئەستاندنەکاندا زەقکردۆتەوە. دوو پرسی گرینگی ئاسایش و مافەکانی مرۆڤ چوونەتە نێو دەستووری کارەوە؛ هەر بۆیە، یەکیەتی ئەوروپا بە پشتبەستن بە سەرچاوە جێی متمانەکان و یەک لە ئەوان ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیارێکی لە ئەم چەشنەی داوە."

بڕیارنامەکە هەروەها سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت کە لە ئەو کاتەوە ئیبراهیمی رەئیسی لە مانگی ٨ی ٢٠٢١وە ئافیسی سەرۆکایەتی گرتۆتەدەست، ژمارەی لە سێدارەدانەکان بە تایبەتی لە نێوخانمانیشدا زیادیان کردووە. ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان پێشتر لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا ڕایگەیاند کە تەنیا لە ساڵی ٢٠٢١دا بە لانیکەم ٢٧٥ کەس ئێعدامکراون. بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، ٤٠ کەس لە ئێعدامکراوەکانی ساڵی ٢٠٢١ لە نەتەوەی بەلووچ و ٥٠ کەسیش لە کوردەکان بوون.

ئایا ئەم بڕیارە بە گشتی بۆ خەڵکی ئێران شتێکی نوێیە و داخوا هیچ لە ژیانی ئەوان دەگۆڕێت. تۆژەر سەیدی دەڵیت، ئەمە بڕیارێک نیە کە پێشتر پێشێنەی نەبووبێت، "ئەم مەسەلەیە بۆ خەڵکانی ئێران سەرنجڕاکێشە، بەڵام شتێکی نوێ نیە و ڕەنگە شتێکی زۆر سەیریش نەبێت."

ئەو پێیوایە یەکێەتی ئەوروپا "جار و بار" سیاسەت لە گەڵ ئێراندا دەکات. هەروەها جەختیش دەکاتەوە کە یەکیەتی ئەوروپا لە بەرامبەر ئیراندا بژارەی زۆری لە بەردەستدا نیە، و "تەنانەت ئەو کاتەی کە بیهەوێت زۆر جیددی بێت، یەکیەتی ئەوروپا بە نیسبەت ئێران، وەک تورکیا نیە کە بۆ فشار خستنە سەر ئامرازێکی زۆری لە بەردەستدا بێت."

هەروەها بەڕیز سەیدی ڕوانگەی خۆی زیاتر شیدەکاتەوە کە "یەکیەتی ئەوروپا هیچ پەیوەندێکی قووڵی سیاسی و دیپلۆماتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا نیە. هیچ ئاڵ و گۆڕێکی بازرگانی زۆر سەیر و سەمەرەیان پێکەوە نیە؛ ئاستی بازرگانی نێوان کۆماری ئیسلامی و یەکیەتی ئەوروپا بە تایبەت بە گەمارۆکانی ئەم دواییانەی ئەمەریکا گەیشتۆتە کەمترین ئاستی خۆی."

ئەو لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت کە ئێران نە ئەندامی یەکێەتی ئەوروپایە و نە هاوپەیمانەتییان پێکەوە هەیە و دەکرێت بۆ تورکیا کاریگەر بێت، بەڵام بۆ ئێران بە تەنیایی کاریگەری نابێت.

هەروەها هەر لە سەر ئەگەری کاریگەر بوونی ئەم بڕیارنامەیە لە سەر ژیانی گەلانی ئێران، تۆژەری سیاسی ئاهەنگەریش پێیوایە کە تا ئێستا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکیەتی ئەوروپا، بڕیاری لە ئەو شێوەیان هەبووە، بەڵام ئەو بڕیارنامەیە باری ئیجرایی و چەسپاندنی نەبووە و زۆرتر لە ئاستی مەحکومکردن و ناساندنی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بە جیهاندا ماوەتەوە."

لە لایەکی دیکەوە ئەو تۆژەرە دەڵێت، " بەڵام ئەمجارە بەهۆی ئەوەیکە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران هاوکات لە گەڵ کێشەی ناوکی لە لایەن بەرامبەرەکانییەوە هاتۆتە ئاراوە، گرنگییەکی زیاتری هەیە و دەیبێ. بۆیە پێموایە کە ئەم بڕیارنامەیەی یەکیەتی ئەورووپا وێڕای ناساندنی هەرچی باشتری دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بە گشتی و دۆخی مافی مرۆڤی نەتەوەکانی ژێر دەستی وەک کورد و بەڵووچ و عەڕەب بە تایبەتی دەتوانم بڵێم لە ئاستی جیهاندا شەرعیەتێکی زیاتر بۆ داواکانی وڵاتانی رۆژئاوا لە هەمبەر کۆماری ئیسلامی کۆدەکاتەوە."

هەروەها بەشێکی تر بڕیارنامەکە داوای ئازاد کردنی هاووڵاتیانی ئەوروپا دەکات کە بە ڕەچەڵەک ئێرانین و ئێستا لە بەندیخانەکانی ئێراندان. لە ئەم پەیوەندییەدا، یەکیەتی ئەوروپا داوا لە هەموو وڵاتانی ئەندامی ئەو یەکیەتییە دەکات کە لێدوانی گشتی رابگەیەنن و دەستپێشخەری دیپڵۆماتی بگەرنە بەر بۆ ئەوەی چاودێری دادگایی کردنی ناڕەوا بکەن و سەردانی بەندیخانەکان بکەن کە تێیدا داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و بەندکراوانی دیکەی پشتیوانیکردن لە ئازادی هزر بەندکراون و لە نێویاندا هاووڵاتیانی یەکیەتی ئەوروپا لە ئێراندا دەبێنرێن. هەروەها داوا بکەن کە هەموو تۆمەتە هەڕەمەکییانەی خراونەتە سەر هاووڵاتییانی یەکیەتی ئەوروپا دەستبەجێ لە سەریان لابچن.