ژمارەیەک بۆمبی نەتەقیوی کیمیابارانی هەڵەبجە هێشتا هەڵنەگیراونەتەوە و هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی مادەکانیان دەدرێت

لە دوای کیمیابارانی هەڵەبجە لە 16-3-1988دا ژمارەیەک بۆمبی کیمیابارانی هەڵەبجە لە ناو سەنتەری هەڵەبجە ماونەتەوە کە ئەوکات نەتەقیونەتەوە، بەشێک لەو بۆمبانە لەناو ماڵی هاوڵاتیاندان و هەندێکیان لە ناو بیری ئاوی ماڵاندان، داوادەکرێت لە ڕێگەی تیمی تایبەتەوە هەڵبگیرێنەوە و هەرکەس دەزانێت بۆمب لەناو ماڵەکەیدا هەیە پەیوەندی بکات بە کۆمەڵەی قوربانیانیانی کیمیابارانی هەڵەبجەوە .

هەریەک لە سەنتەری توێژینەوەی هەڵەبجە بۆ دراساتی کاریگەری پاشماوەی چەکی کیمیاوی و کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیبارانی هەڵەبجە ،هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی بۆمبە نەتەقیوەکانی کیمیابارانی هەڵەبجەیان ڕاگەیاند و داوا لەو هاوڵاتیانە دەکەن کە بۆمبە نەتەقیووەکان لەناو ماڵەکانیاندایە پەیوەندی بە کۆمەڵەی قوربانیانەوە بکەن تا لە ڕێگەی سەنتەرەکەوە تیمی پسپۆڕ بۆ کۆکردنەوەی بۆمبەکان دروست بکرێت و هەڵبگیرێنەوە.

لوقمان عەبدالقادر سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیبارانی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند " تا ئێستا 7 بۆمبی نەتەقیوو ماونەتەوە کە لە ناو ماڵی هاوڵاتیاندان و هەندێکیان ماڵیان لەسەر درووستکردونەتەوە، بە داخەوە لە دوای تاوانەکە نەتوانرا ئەو بەڵگانەی کە زیندووبوون کۆبکرێنەوە، ئەوانەش کە هەبوون وەک مەوادی ئاسن کۆکرانەوە و فرۆشران، ئێستا ئەو بۆمبانەی لە ژێر زەوی ماونەتەوە نەتەقیونەتەوە، مەترسیان لەسەرە چ بە تەقینەوە یان ڕژانی مادەکیمیاویەکان، یانیش شۆڕبوونەوەی بۆ ئاوی ژێر زەوی کە خەڵکی شارەکە ئاوی ژێر زەوی بەکاردەهێنێت، دەمانەوێت لە ڕێگەی ڕێکخراوەکان و وڵاتانەوە بۆمبەکان هەڵبگیرێتەوە، بەتایبەت کە هاوڵاتیەک بۆمبەکەی خستووەتە ناو بیری ئاوەکەیانەوە."

دکتۆر هەڵگورد عەلی لێپسراوی سەنتەری توێژینەوەی هەڵەبجە بۆ دراساتی کاریگەری پاشماوەکانی کیمیایی لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " مەترسی کانزاکان داڕزانیانە لە ناو خاکدا و تێکەڵبوونییانە بە خاک و ئاو، ئەمەش مەترسی هەیە، ئێمە توێژینەوەکانمان نێودەوڵەتین، هەماهەنگیمان کردووە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەوەی لە داهاتوودا تیمی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە بهێنینە هەڵەبجە."

ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن زیاتر لە 7 بۆمبی نەتەقیوو لە ناو ماڵی هاوڵاتیانی هەڵەبجە ماونەتەوە، بەشێک لە هاوڵاتیان بۆمبەکانیان خستوەتە ناو بیری ئاوەوە و هەندێکیشیان خانوویان لەسەر بونیاد ناون، چەند توێژینەوەیەکی زانستیش لەسەر ئەو کەسانە کراوە کە لەو خانوانەدا دەژین کاریگەری لەسەر پێست و توندی هەناسە و چەند نیشانەیەکی دیکە لەسەر جەستەیان دەرکەوتووە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی فەرحان هەورامانی