بەرپرسێکی ڕێکخراوی هیوای عێراقی: کۆمەڵگا بووەتە کۆمەڵگایەکی چەکدار و زمانی گفتووگۆ نەماوە، بۆیە ژن کوشتن ڕووی لە هەڵکشان کردووە

بەرپرسی لقی کەرکوکی ڕێکخراوی هیوای عێراقی، کە ڕێکخراوەکەی تایبەتە بە داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان، ئاماژە بەوە دەکات شیرازەی کۆمەڵگا تێکچووە و کێشە کۆمەڵایەتیەکان بەتەواوەتی ڕوویان لە زیادبوون کردووە، جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە ژنان متمانەیان بە دادگا نیە، بۆیە پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سرود ئەحمەد بەرپرسی لقی کەرکوکی ڕێکخراوی هیوای عێراقی دەڵێت"بەپێی ئامارەکان، هەموو ساڵێک لە مانگی 2 و3 دا ڕێژەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان ڕوو لە هەڵکشان دەکات، زۆرێک لەو ژنانەی خۆیان دەکوژن، متمانەیان بە یاسا نیە کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات."

ڕوونیشی کردەوە، کۆمەڵگا بووەتە کۆمەڵگایەکی چەکدار و زمانی گفتووگۆ نەماوە، هەمووی بەزمانی توندوتیژی مامەڵە دەکات، گوتی"خەڵک دەروونیەن ماندووە، نەک تەنها کوشتن، بەڵکو جیابوونەوەش بووەتە مەترسی لەسەر خێزانەکان، ئەمە پێویستی بەپلانی حکومەت و هاتنەخەتی ڕاگەیاندن هەیە، بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و هێورکردنەوەی دۆخەکە."

سرود ئەحمەد، هۆکاری زیادبوونی ڕێژەی توندوتیژی لە وەرزی بەهاردا بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، لەم وەرزەدا پێداویستیەکان زیاد دەکەن، سەیران و چوونە دەرەوەی خێزان بووەتە نەریت، وەک چۆن لە بەهاردا سیمای زەوی دەگۆڕێت، بیرکردنەوەی خەڵکیش گۆڕانی بەسەردا دێت، گوتی"ڕەنگە بەشێک لە پیاوان نەتوانن پێداویستیەکانی بەهار دابین بکەن، ئەمەش دەبێتە مایەی کێشەی خێزانی."

بەپێی وتەی بەرپرسی لقی کەرکوکی ڕێکخراوی هیوای عێراقی، هەڕەشەی ئەلیکترۆنیش بووەتە بەشێک لە کێشەکانی ژنان، وتی"کارگەیشتووەتە ئەوەی پیاو بە وێنەی کاتی هاوسەرگیری هەڕەشە لە ژنەکەی دەکات، لە دوای جیابوونەوە لێی، هاوڕێ هەڕەشە لە هاوڕێ دەکات، بەشێوەیەک خەریکە شیرازەی کۆمەڵگا بە تەواوەتی تێکدەچێت.

سرود ئەحمەد بەرپرسی لقی کەرکوکی ڕێکخراوی هیوای عێراقی ئاماژەی بەوەشکرد، بیری عەشایەری وایکردووە جیابوونەوەیەکی زۆر لەدەرەوەی دادگاکان ڕووبدات، دواتر کاتێک دەچنە دادگا، مافی ژنان یاخود نەفەقەی منداڵ نادرێت، وتی"دۆسیەمان هەیە پیاو لە ژنەکەی جیابووەتەوە، نەفەقەی منداڵێکی دەدات بەڵام هی ئەوانیتر نادات، چونکە تەنها ئەو منداڵەی خۆشەوێت و جیاکاری لە نێوان منداڵەکانی دەکات، یاخود پیاو هەیە لە هاوسەری جیابووەتەوە و بۆ ئەوەی نەفەقە نەدات، چووەتە دەرەوەی وڵات."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر/ دۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان