لە وێستگەی شەمەندەفەری کیێڤ دەنگی تەقە دەبیسترێت لە کاتێکدا خەڵکی هەوڵ دەدەن لە شارە دەربچن

لە وێستگەی شەمەندەفەری کیێڤ ڕۆژی هەینی دەنگی تەقە بیسترا لە کاتێکدا کە ئەو خەڵکەی هەوڵیان دەدا لە شارەکە هەڵبێن دەچوونە نێو شەمەندەفەرەکانەوە.

لەوەتای ڕووسیا لە ڕۆژی پێنجشەممەوە هێرشەکانی بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیای دراوسێی دەستپێکردووە بەلاینی کەم 100 هەزار کەس لە ماڵەکانی خۆیان هەڵاتوون.

شابیە مانتۆ گوتەبێژی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، چەند هەزار کەس سنووریان بەزاندووە بۆ ناو وڵاتانی دراوسێ لەوانە مۆڵدۆڤا، ڕۆمانیا و پۆڵەندا.

هەر لە ڕۆژی هەینیدا پایتەختی ئۆکرانیا مووشەکباران کرا لە کاتیکدا هێزەکانی ڕووسیا پێشڕەویان کرد بەرەوە کیێڤ. زەنگی هۆشیارکردنەوە لە هێرشی ئاسمانی لەسەر ئەو شارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 3 ملیۆن کەسن لێدرا و خەڵکێکی زۆر پەنایان بردە وێستگەکانی شەمەندەفەری ژێر زەمینی.

گوتەبێژی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەڤینا شامداسانی ڕایگەیاند هەتا ئێستا ڕاپۆرتی 127 قوربانی سیڤیل لە ئۆکرانیا ڕاگەیاندراوە لەوانەدا 25 کەس گیانیان لەدەستداوە و 102 کەسیش بریندار بوون. ئەو گوتی زیانەکان بەهۆی تۆپ و هێرشە ئاسمانییەکان بوون.