لێکۆڵەرێکی نێودەوڵەتی پێیوایە، هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر هەرێمی کوردستان و ڕۆژ ئاوای کوردستان ( کوردستانی سوریا) دەبێت، جەخت لەسەرئەوەش دەکاتەوە جۆرێک لە مەترسی لای ئەو وڵات و هەرێمانە دروستبووە کە هاوپەیمانی ئەمەریکان یان پشتیان بەئەمەریکاو ئەوروپا بەستووە، بەوەی لەحاڵەتی دروستبوونی مەترسیدا لەسەریان، تاچەند دەچن بەهانایانەوە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر سەردار عەزیز لێکۆڵەری نێودەوڵەتی کە لە ئیتالیاوە قسەی بۆ دەنگی ئەمەریکا کرد، وتی"شێوازی مامەڵەکردنی تورکیا لەگەڵ دۆخی ئۆکرانیا کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان و پارچەکانی تریش دەبێت، بەتایبەت لەوەدا تورکیا چۆن مامەڵە دەکات، ئایا وەها مامەڵەی لەگەڵ دەکات کە سیستمی نێودەوڵەتی ناتوانێت ڕووبەڕووی بێتەوە، یاخود وەها مامەڵە دەکات کە پێویستی بەناتۆیە و پێویستە بۆی بگەڕێتەوە."
ڕوونیکردەوە، ڕوون نیە دۆخەکە بەرەو لاوازبوونی ئەمەریکا و سیستمی دیموکراسی دەڕوات، بەتایبەت لاوازبوونی ئەمەریکا پەیوەندی بە کوردستانەوە هەیە، وتی"لاوازبوونی ئەمەریکا و سیستمی دیموکراسی کاریگەری هەیە لەسەر کوردستان، پاشان پرسیارێکی تر دێتە پێشەوە، ئایا دیکتاتۆرەکان دەتوانن هانا بۆ پۆتن بەرن تا بیانپارێزێت، وەکو ئەوەی لەسوریا بینیمان."
جەختیشیکردەوە "گەر ڕووسیا بشکێت یان لاوازبێت، ڕەنگە کاریگەری پۆزەتیڤی هەبێت لەسەر ناوچەکە، کاریگەری دەبێت لەسەر داپێدان بەجوداخوازی یان چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سنوری وڵاتان."
بەبڕوای دکتۆر سەردار عەزیز، ترسی کورد لەدووبارە بوونەوەی سیناریۆی ئۆکرانیا لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، بەهاناوەچوون کەمە، چونکە ڕۆژاوا دەیانەوێت بەبێ خوێن ڕشتن و بەتێچوویەکی کەم، چەک و تەقەمەنی بدەنە دۆستەکانیان، بەو شێوەیە بەرگری لەدۆستەکانیان بکەن، وتی"کورد بەکارهێنراوە لە ململانێکانی میانەی جەنگی سارددا، پێشتر ئەمەریکا دەستوەردانی لە وڵاتان دەکرد، هیچ وڵاتێکی تر نەیەتوانی بیکات، ئێستا گەر ڕووسیا ئەمەی ئۆکرانیای بۆ بچێتە سەر، ئایا چینیەکان لاسایی ناکەنەوە، گەر کردیان کێ ڕێگریان لێدەکات، ئایا هندیەکان و وڵاتانی تر نایکەن."
جەختیشیکردەوە"گەر ئەمەی ڕووسیا سەربگرێت دۆخەکە بەرەو دەوڵەتی شارستانی دەڕوات، واتە کۆکردنەوەی ئەوانەی وادادەنرێت یەک نەتەوەن، بۆ نموونە تایوان و ئەو شوێنانەی تر لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیای دوور کە بەچینی قسە دەکەن، هەمووی بهێنرێتە نێو ئەو سیاسەتەی پێی دەوترێت یەک چین، یاخود ڕووسەکان هەوڵبدەن دەوڵەتانی دەوروبەریان بخەنە ژێر ڕکێفیان، ئەمە وادەکات دونیا بەرەو جەنگەڵ و شەڕی جۆراوجۆر بڕوات."
دکتۆر سەردار عەزیز پێیوایە ئێران نایەوێت بڕواتە بەرەی ڕووسیاوە، چونکە ئەو بەرەیە داهاتووی نیە و شەڕی گێڕانەوەی هەیبەت دەکات، چونکە ڕووسیا پێشتر بریندارکراوە، بەشێوەیەک ئۆباما وەکو هێزێکی هەرێمی مامەڵەی لەگەڵ دەکرد، وڵاتانی تر وا مامەڵەیان لەگەڵ کردووە سەردەمی بەسەرچووە، ئەمەش جۆرێک لەپەرچەکرداری لای ڕووسەکان دروستکردووە و ناسیۆنالیزمی توندی فراوانخوازی دژە ڕۆژاوایی لەنێویاندا پەیدا بووە، وەک ئەو دەڵێت" هەم چینیەکان و هەم ئێرانیەکان، خاڵی هاوبەشیان هەیە لەدژایەتیکردنی ڕۆژاوا، بەڵام پەیوەندیەکی پڕ لە ئاڵۆزیان لەگەڵ ڕووسیا هەیە، بۆیە خاوەنی یەک چارەنوس و دیدی هاوبەش نین، بۆ نموونە چین لەدواین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا، دەنگی نەداو خۆیان نەخستە هیچ لایەکدا."
دەربارەی هۆکاری هێرشی ڕووسیا بۆسەر ئۆکرانیا، ئەو لێکۆڵەرە نێودەوڵەتیە ئاماژەی بەوەکرد، ڕووسەکان وەها دەبینن ئۆکرانیا گەلێکی جیاواز نیە و بەشێکە لەڕووسیا، بەتایبەت ئۆکرانیا بەچەند هەنگاوێکی یەک لەدوای یەک لەسەردەمی لینینەوە تا گۆربادشۆف دروستبووە، بۆیە ڕووسەکان وایدەبینن کە نەدەبوو ئۆکرانیا لەڕووسیا جیابێتەوە، بەتایبەت کڵاوەیەکی زۆری ئەتۆمی لەوێ هەبوو، وتی"ئینجا ئۆکرانیا خاوەنی زەوی پیتە و ڕووسەکان بەگرنگی دەزانن، ڕووسیا ترسیشی هەبوو لەنزیکبوونەوەی ناتۆ لەسنورەکانی بەشێوەیەک بۆمبەکانیان بگاتە مۆسکۆ، ڕووسەکان هەمیشە لەترسی ئەوەدان کە لەدەوروبەریان کۆمەڵێک وڵات بەهێز بکرێت و داببڕێن لەدونیا، بۆیە دەیانەوێت دەستیان بگاتە ئاوە گەرمەکان، ڕووسەکان جیۆپۆلەتیکانە بیر دەکەنەوە."
دکتۆر سەردار وتیشی"ڕووسەکان دەیانەوێت جۆرێک لە سیستمی تر بهێننە ئاراوە ئەویش دەوڵەتی شارستانیە، ئۆکرانیا و وڵاتانی تر بکەنە بەشێک لە ڕووسیا و خەونی ئیمپراتۆریەت زیندووبکەنەوە، پەیامیشە بۆ ڕۆژاوا بەوەی ئەوەی ئێوە دەتانەوێت بەهێزی بکەن، من کۆنترۆڵی دەکەم، ڕۆژاواش هەوڵی دروستکردنی ناسیۆنالیستی ئۆکرانی دەدات، لەکاتێکدا ڕووسیا ئەم شەڕە بۆ ئەوەدەکات دابڕان دروست نەبێت، بەڵام ڕەنگە دەرئەنجامی پێچەوانەی هەبێت."
لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر سەردار عەزیز لێکۆڵەری نێودەوڵەتی ڕوونیکردەوە، ئەمەریکاو ئەوروپا دەیانەوێت ڕووسیا لەئۆکرانیا سەرکەوتوو نەبێت، توشی شەڕ و خوێن بەربوون بێت، پاشان لەڕێگەی ئابڵوقەی ئابووریشەوە، ئابووری ڕووسیا داڕوخێنن، تا ببێتە وانەیەک بۆ پۆتن و فشاری ناوخۆیی لەسەر دروست ببێت، وتی"ئابڵوقە جۆرێکە لەفشار، تا پۆتن بڕوات، یاخود ئەوەی جێگەی دەگرێتەوە، ڕەفتاری ڕوسیا بگۆڕێت و بگەڕێتەوە بۆ دانوستان."
Your browser doesn’t support HTML5