د. ئەمین بەکر ڕاوێژکار و پەرلەمانتاری پێشوتری پەرلەمانی عێراق دەڵێت" ئەگەر پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار هەموار نەکاتەوە بەڵکو بە بڕیار دووبارە دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بکاتەوە ئەوا نادەستوری دەبێت هەرچەندە دادگای باڵای فیدراڵی بە پێچەوانەی دەستورەوە ئەم پاسەی داوەتە لایەنە سیاسییەکان بە بیانووی ئەوەی عێراق لە تەنگەژەیەکی سیاسیدایە و دەیانەوێت ڕزگای بکەن، دەشڵێت" بەڵام ئەگەر ئەم دووبەرەکی لایەنە کوردییەکان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار درێژە بکێشێت بە دڵنیایی ئەو پۆستە لە داهاتوودا هی کورد نامێنێت ئەوەتا هەندێک سیاسی عەرەب پەیدا بوون کە دەڵێن حەقە ئیتر ئەو پۆستە لە کورد بسەنرێتەوە. "
" دەبێت پەرلەمان یاساکە هەموار بکات نەک بە بڕیار"
د. ئەمین بەکر ڕاوێژکار و پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بەوەی کە دووبارە دەنگدان لەسەر کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن لە لایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقەوە نادەستورییە، بەڵام ئەندامانی پەرلەمان دەتوانن دەنگ لەسەر بڕیاری دووبارەکردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بدەن، وتی" پێشتر وتومانە کە بڕیاری دووبارەکردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق وتی" پێشتریش وتومانە ئەو بڕیارەی سەرۆکایەتی. پەرلەمان نایاسایی و نادەستوری بووە، چونکە بە پێی یاسا ئەو بابەتە(بابەتی خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکخراوە) ، بەڵام بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی هەتا ئەوێی بە باشی هێناوە، بەڵام بەشی دووەمی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە تۆزێک بە لاستیکییانە باس لەوە دەکات کە دەکرێت پەرلەمان بە زۆرینە بڕیار لەسەر دووبارەکردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بدات، من پێم وایە ئەگەر دیسان پەرلەمان ئەمە بکات نادەستوری دەبێت بە دوو هۆکار، یەکەمیان، چونکە ماددەی 69 ی دەستوری عێراقی دەڵێت" ئەم بابەتە بە یاسا ڕێکدەخرێت یاساش ڕێکاری خۆی هەیە، بەڵام ئەوەی هەندێک لە لایەنە سیاسیەکان بۆی دەچن کە بە بڕیار ئەمە لە پەرلەمانەوە بکەن ئەوە نابێتە یاسا، چونکە یاسا پرۆژە پێشنیارکراوێکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ دەکرێت و دەچێتە لیژنە ئەو کات بە زۆرینەی دەنگ دەبێتە یاسا، کە بوو بە یاسا دەتوانێت یاسایەک دەربکرێت کە هەمواری یاسای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ساڵی 2008 بکات، ئەمەیان دەکرێت بە ڕای من نادەستوری نابێت، بەڵام ئەگەر تەنها بە بڕیار بێت ئەوا نادەستوری دەبێت، چونکە هەر دادگای فیدراڵی خۆی بڕیارێکی هەیە کە ڕێگری دەکات پەرلەمان بڕیاری تەشریعی( واتە بە بڕیار یاسا) دەربکات. "
" ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات ئەسڵەن ڕەنگە لە داهاتوودا پۆستی سەرۆک کۆمار لە دەست کورد وەربگیرێتەوە "
سەبارەت بە بوونی چەند کاندیدێکی کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، د. ئەمین بەکر دەڵێت" ئەوە هەڵەیەکە کە هەمیشە هێزە سیاسیەکانی کە زۆرجار گوێی خەڵکیان کەڕکردووە بە زوڕنای نەتەوەیی و مافی نەتەوەیی کە ئەوان بەرگریکاری مافی نەتەوەین، بەڵام دەرکەوت ئەوە وەها نیـیە، ئەوەتا لەسەر پۆستێک هەریەکەیان دابەشبوون بەسەر کوتلە شیعیەکاندا وە جەمسەر گەرییان لە یەکتر گرتووە، بۆی هەیە ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات ئەسڵەن ڕەنگە لە داهاتوودا پۆستی سەرۆک کۆمار لە دەست کورد وەربگیرێتەوە ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت."
" پۆستی سەۆک کۆمار لایەنە سیاسییەکان ناچار دەکات کە بگەڕێنەوە سەر شێوازە کۆنەکە، کە تەوافوق و پشک پشکێنەی پۆستەکانە"
د. ئەمین وتیشی"پۆستی سەرۆک کۆمار کاریگەری لەسەر دۆخی سیاسی عێراق هەیە، وا دەکات کە لایەنە سیاسییەکان ناچار بکات تەوافوق بکەن چونکە بەس دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پێویستی بە 220 پەرلەمانتارە کە دەکاتە 2/3 ئەندامانی پەرلەمان، هیچ کام لە هاوپەیمانێتیەکان بە هاوپەیمانی سێ قۆڵی(سەدر و حەلبوسی و پارتیشەوە) ئەو ژمارە ئەندامەیان نیـیە، بۆیە پێویستیان بە ڕێککەوتنە لایەنەکانی تریش بە بێ ڕێککەوتن ناچنە ئەو کۆبوونەوەوە، بۆیە پۆستی سەۆک کۆمار هەر لە سەرەتاوە لایەنە سیاسییەکان ناچار دەکات کە بگەڕێنەوە سەر شێوازە کۆنەکە کە تەوافوق و پشک پشکێنەی پۆستەکانە."
" هەندێک سیاسی عەرەب پەیدابوون کە دەڵێن حەقە ئیتر ئەو پۆستە لە کورد بسەنرێتەوە"
بە بڕوای د. ئەمین لە خولەکانی داهاتوودا هێزی کوردەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار بەرەبەرە بەرەو لاوازی دەچێت ئەگەر بەم شێوازە بمێنێتەوە. لەو ڕووەوە د. ئەمین وتی" هەر لە ئێستاوە لاوازە، ئەوەتا هەندێک سیاسی عەرەب پەیدابوون کە دەڵێن حەقە ئیتر ئەو پۆستە لە کورد بسەنرێتەوە، سوننەکان کاندیدییان هەبوو بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بەڵام بە هۆی ڕێککەوتنەکەوە کشاندییانەوە، شیعەکانیش جارێ دەیانەوێت هەر ئەو سیستمە کۆنەی هاتووە بەردەوام بێت، بەڵام ئەگەر ئەم دووبەرەکی لایەنە کوردییەکان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار درێژە بکێشێت بە دڵنیایی ئەو پۆستە هی کورد نامێنێت، چونکە هیچ دەقێکی یاسایی و دەستوریمان نیـیە کە لایەنە سیاسییە عێراقییەکان ناچار بکات بەوەی دەبێت پۆستی سەرۆک کۆمار لە لایەن کوردەوە بەڕێوەبچێت، تەنها عورفێکی دەستوری هەیە کە قابیلی گۆڕانە ئەگەر لایەنە سیاسییە کوردییەکان بە وریاییەوە ئەو گەمەیە نەکەن وە پێشم وایە ئەوان لەو ئاستەدا نین هەمیشە بەرژەوەندییەکانی خۆیان پێش بەرژەوەندی نەتەوەیی خستووە . "
Your browser doesn’t support HTML5