فڕۆکەیەکی ڕووسی دەگاتە ئەمەریکا بۆ گواستنەوەی ئەو دیپلۆماتکارانەی بە تۆمەتی سیخوڕی دەرکراون

دەسەڵاتدارانی ڕووسیا گوتیان فرۆکەیەکی ڕووسی لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی لە واشنتن نیشتەوە بۆ گواستنەوەی نزیکەی دوانزدە دیپلۆماتکاری نێردەی مۆسکۆ بۆ ئەرکی نەتەوەیەکگرتووەکان، کە واشنتن بە سیخوڕیکردن تۆمەتباریان دەکات.

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا ئاسمانی وڵاتەکەی بە ڕووی هەموو گەشتە ئاسمانیەکانی ڕووسیادا داخستووە، ئەمەش لە دوای هێرشە داگیرکارییەکانی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکرانیا.

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند کە حکومەتی ئەمەریکا گەشتێکی ئاسمانی بۆ هاتنی ئەو فرۆکەیە پەسەندکرد، بۆ ئەوەی کارئاسانی بکرێت بۆ گواستنەوەی ئەو دیپلۆماتکارە رووسیانەی بۆ ئەرکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئەمەریکا بوون و بەهۆی پێشێلکردنی مافی مانەوەیان لە ئەمەریکا دەرکراون.

ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو داوای دەرکردنی 12 ئەندامی ڕووسی هەتا 7 ی ئەم مانگە کرد، کە وەک نێردەی رووسی بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان کاریان دەکرد.