ڕووسیا لە دانیشتنەکانی دادگای لاهای سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا ئامادە نابێت

ڕووسیا ڕۆژی دووشەممە دانیشتنەکانی دادگای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکانی بایکۆت کرد کە تێیدا ئۆکرانیا بە دوای فەرمانێکی دەستبەجێدایە بۆ وەستاندنی شەڕ، مشتومڕی ئەوە دەکات کە مۆسکۆ بە هەڵە یاسای جینۆسایدی بۆ پاساوی داگیرکردنەکەی جێبەجێ کردووە.

دانیشتنەکان لە دادگای نێودەوڵەتی داد (ICJ) بەبێ نوێنەری یاسایی بۆ ڕووسیا دەستیپێکرد.

ئانتۆن کۆرینێڤیچ، نوێنەری ئۆکرانیا گوتی "ئەو ڕاستییەی کە کورسییەکانی ڕووسیا بەتاڵن، ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەوان لەم دادگا یاسایەدا نین، بەڵکو ئەوان لە مەیدانی جەنگدان و دەستیان داوەتە شەڕێکی دوژمنکارانە لە دژی وڵاتەکەم."

ئەو داوای لە ڕووسیا کرد کە چەکەکانی دانێت و بەڵگەکانی بخاتە ڕوو.

ڤلادیمێر پۆتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو "کرداری سەربازی تایبەت" ی ڕووسیا پێویستە "بۆ پاراستنی ئەو کەسانەی کە لە ژێر هەڕەشەی کۆمەڵکوژی و جینوسایدان"، واتە پاراستنی ئەو کەسانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، زمانی یەکەم یان تەنیا زمانیان، زمانی ڕووسیە.

ئۆکراینا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە بانگەشەکەی ڕووسیا بێ بنەمایە و دەڵێت ئەو کۆمەڵکوژییەی ئەو لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا باسی لێوە دەکات بوونی نییە.

دۆسیەکە لەسەر لێکدانەوەی پەیماننامەی ساڵی 1948ی نەهێشتنی جینۆساید کە لەلایەن هەردوو وڵاتەوە واژۆ کراوە، بونیات نراوە و پەیماننامەکە دادگای لاهای بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان لە نێوان هەردوو وڵاتدا قەبووڵ کردوە.

دادگای دادوەری نێودەوڵەتی یان لاها، بەرزترین دادگایە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان دەوڵەتەکان و لە کاتێکدا کە دۆسیەکان بە شێوەیەکی ئاسایی چەندین ساڵ دەخایەنێت، بەڵام بۆ پێداچوونەوەی داواکاریەکان بۆ "ڕێوشوێنی کاتی" وەک ئەوی ئۆکرانیا داوای کردووە، پڕۆسەکەی خێراتر دەبێت.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز