كوژرانی ئیمان سامی ناسراو بە ماریا لە شەقامی 100 مەتری شاری هەولێر كاردانەوەی بەرفراوانی بە دوای خۆیدا هێنا، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە كێشەكە زیاتر خێزانیە و مامێكی ئەو ژنە دەستگیركراوە و فەرمانی گرتنیش بۆ برای ژنەكە دەرچووە، بەڵام هێشتا دەستگیرنەكراوە و چالاکوانێکی ژنیش باس لەوە دەكات كە تەنها لە ماوەی دوو مانگدا 15 ژن كوژراون.
سەبارەت بە كوشتنی ژنە چالاکوانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ئیمان سامی ناسراو بە ماریا كە لە تەمەنی 20 ساڵیدایە، هۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە لێدوانێكیدا بۆ دەنگی ئەمەریكا دەڵێت" دەستمان بە لێكۆڵینەوە كردووە مامی کچە کوژراوەکەمان دەستگیركردووە و دەستمان بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا گرتووە، فەرمانی دەستگیركردنیش بۆ براكەی دەرچووە بەڵام هێشتا دەستگیرنەكراوە و هەركاتێك بكەوێتە دەست پۆلیس دەستگیردەكرێت كێشەكەش زیاترخێزانیە."
ئەمڕۆ لە هەولێر چالاکی جۆراجۆر بەبۆنەی هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان بەڕێوەدەچن، دروشمی ئەمساڵی ڕۆژی جیهان ژنان یەكسانی جێندەری ئەمڕۆ بۆ داهاتوویەكی بەردەوامە، كۆمەڵێك ڕێكخراو كە هاوپەیمانیەتیەكیان پێكهێناوە بەناوی هاوپەیمانیەتی ژنان هاتوونەتە بەردەم قەڵای هەولێر و گردبوونەتەوە، ناڕەزایەتی و نیگەرانیەكانی خۆیان لەمەڕ كوشتنی ژنان لە هەرێمی كوردستاندا نیشان دەدەن.
سەبارەت بە هۆكارەكانی ژن كوشتن لە هەرێمی كوردستاندا، یەكێك لە ڕێكخەرانی هاوپەیمانیەتی ژنان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گووتی " هۆكارە سەرەكیەكانی ژن كوشتن ئەوەیە كە لێخۆشبوون بۆ بكوژران هەیە و نادرێنە دادگا، بەڵکو دەپارێزرێن یان ماوەیەكی كەم حوكم دەدرێن و ئازاد دەكرێن. هەست دەكەین هەموو لایەنەكان وەكو حكومەت و دامودەزگاكانی ئاسایش و ئەنجومەنی دادوەری كەمتەرخەمن تا ڕادەیەكی زۆر بەرامبەر بە بكوژانی ژن، بۆیە گەر خەڵك بكوژێت، ئازاد بكرێت و دادگایی نەكرێت هاندان دەبێت بۆ كوشتن."
ئاڤان جاف کە چالاکوانێکی ژنانە بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند" تەنها لە ماوەی دوو مانگدا 15 ژن كوژراون ئەمە بۆ خۆی زەنگێكە كە بە ئێمە دەڵێت بەڕاستی دەبێت كار بكەین و ڕابچەڵەكێین، دەمانەوێ ڕای گشتی دروست بكەین سەبارەت بەوەی كە ژن پرسی كۆمەڵگایە و دروشمێكی تری ئێمە ئەوەیە تا كوشتنی ژن بەردەوام بێت ئاسایشی نیشتیمان بەرقەرار نابێت."
لە لایەكی ترەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند" وێڕاى دووپاتكردنهوهى ههموو پشتگيرييهكمان بۆ ژنان و كچانى كوردستان، دڵنيايان دهكهينهوه كه وهك ههميشه داكۆكى له ماف و ئازادييان دهكهين و به ههموو توانايهكمان، بهرگرييان لێدهكهين. به نيگهرانييهوه له ئامارى توندوتيژى و كوشتن و ئازاردانى ژنان و پێشێلكردنى مافهكانيان دهڕوانين كه كاريگهرييهكى نهرێنى كردووهته سهر دۆخى کۆمەڵایەتی و ناو و پێگهى ههرێمى كوردستان. جەخت دهكهينهوه كه ئهم دۆخه به هيچ شێوهيهك قبووڵكراو نييه و دهبێ بە تەواوی كۆتايى بێت."
سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەشڵێت" بهرهنگاربوونهوهى توندوتيژى و ڕێگرى له كوشتنى ئافرهتان به ههر پاساو و بههانهيهك بێت، ئهركێكى هاوبهشى ههموومانه له هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمى كوردستان و لايهنه پهيوهندارهكانی حکومەت، ڕێکخراوەکان، مامۆستايانى ئايينى و ميديا و كۆمهڵگه به گشتى."
Your browser doesn’t support HTML5