بە دروشمی هەمووان دەڵێین هیچ شەرەفێک لە توندوتیژی و ژن کوشتندا نیە، ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی ژنان لەسەر ئاستی کوردستان و نوسینگەکانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانانی ژنان، لە ڕۆژی جیهانی ژناندا بە دڵتەنگیەوە یادی ئەم ڕۆژەیان کردەوە و ڕایانگەیاند لە ماوەی 2 مانگدا 10 ژن بە بیانووی جۆراوجۆر لە هەرێم کوژراون و بکەرانیشیان بە ئاسانی ڕزگاریان بووە، هەندێکیشیان دەستگیر نەکراون .
جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو لە بەرامبەر کوشت و سوتاندنی ژنان و بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەریان، ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی ژنان لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی توندیان خوێندەوە و ڕایانگەیاند لە ماوەی 2 مانگدا 10 ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون و ئەرکی حکومەتی هەرێم و دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی دادوەریە ڕێگە لە کوشتنی ژنان بگرێت و وەک خۆشیان دەڵێن هیچ شەرفێک لە کوشتنی ژناندا نیە.
دکتۆر مەهابات کامیل سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە لە کونگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا و لەبەردەم سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە بە ئامادەبوونی ڕێکخراوەکانی ژنان بەیاننامەیەکی خوێندەوە و ڕایگەیاند "ئەم ساڵ لەم ڕۆژەدا هیچ چالاکیەکی ئاهەنگ ئامێز ئەنجام نادەین و ڕۆژێکە بۆ ئێمە مایەی دڵتەنگیە، سڵاو بۆ سێوە و شنیا و نەقیب محمد و ماریا دەنێرین کە بوونە قوربانی ویستە نەگریسەکان، توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان پێشێلکاری گەورەی مافەکانی مروڤە و بکەرانیشی بە ئاسانی ڕزگاریان دەبێت."
دکتۆر مەهابات کامیل سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە ڕاشیگەیاند " ساڵانێکە ئامارەکان ڕوویان لە هەڵکشانە، سەرەڕای ئەوەی توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، وەڵام نەدانەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئێمەی نیگەران کردووە، داوا لە وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی دادوەری دەکەین ڕێکاری پێویست بگرنە بەر و داوا دەکەین تیمی تایبەت بە بەڵگە و تاوان دروست بکرێت، تا ژنان بە ئازادی بتوانن ژیانی خۆیان بکەن، ئێمە جەخت لە میانڕەوی و زمانی گفتوگۆ دەکەینەوە، هیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نیە."
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەڵەبجە کە سنوری قەزاکانی سەیدسادق و پێنجوێن و پارێزگای هەڵەبجە دەگرێتەوە، ئامارەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان بە ڕێژەی 9.7% زیادی کردووە، لە مانگی ڕابردوودا لە هەڵەبجە حاڵەتێکی خۆسوتاندنی ژنان لە هەڵەبجە تۆمارکراوە.
Your browser doesn’t support HTML5