ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی ژنانەو نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت " ئەمڕۆ ڕۆژی پابەندبوونە بە بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤی ژنان لە هەموشوێنێک. با یەبگرین لە پێناو داهاتوویەکی یەکسان و بەردەوام."
هەموو ساڵێک نەتەوە یەکگرتووەکان دروشمێکی جیاوز بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان لە هەشتی مانگی 3 هەڵدەبژێرێت " یەکسانی جێندەری ئەمڕۆ لە پێناو داهاتوویەکی بەردەوام" دروشمی ڕۆژی جیهانی ژنانی ئەمساڵە.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش دەڵێت " نایەکسانی جێندەریی لە بنچینەدا کێشەیەکی دەسەڵاتە لە جیهان و کلتورێکی پیاوسالاریدا."
دەشڵێت " لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئێمە یەکسانی جێندەریمان بەدەست هێنا لە بەڕێوبەرایەتیە باڵاکان - باشترکردنی کارەکانمان و باشتر نوێنەرایەتی کردنی ئەو کۆمەڵگایانەی کە خزمەتیان دەکەین".
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت " لەو وڵاتانەی کە ڕووبەڕووی ناکۆکی بوونەتەوە، هەروەکو لە ئیتیۆپیا بۆ ئەفغانستان بۆ ئۆکرانیا دەیبینین- زۆرترین کاریگەری لەسەر ژنان و کچان هەیە."
دەشڵێت " دەبێت پێداویستییە تایبەتەکانی ژنان و کچان ئەرکی سەرەکی بن و تەندروستی و ماف و کەرامەتیان پارێزراو بێت."
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن پەیامێکی خانمی یەکەم جیل بایدنی تویتکردووەتەوە کە تیایدا دەڵێت "لەم ڕۆژی جیهانی ژنانەدا، ئێمە ڕێز لەو ژنانە دەگرین کە بوێرانە دەنگی خۆیان بەکاردەهێنن، بەبێ گوێدان بە نرخەکەی."
جگە بەرپرسانی جیهان کاربەدستان و چالاکوانان لە عێڕاق و هەرێمی کوردستانیش لەم ڕۆژەدا پەیامی کارو خەباتی ژنان بەرز دەنرخێنن.
سەرۆکی عێراق دکتۆر بەرهەم ساڵح لە پەیامێکیدا دەڵێت " لە ڕۆژی جیهانی ژناندا، سڵاوی شکۆ و پێزانین بۆ ڕۆڵی مەزنی ژنانی عێراق کە هەمیشە خاوەنی مێژوویەکی پرشنگدار بوون لە بوارەکانی بونیاتنان و قوربانیدان و پەروەردە و تێکۆشانە ڕژدەکانیشیاندا، لە پێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیاندا تا بەشداربن لە بونیاتنان و پێشکەوتن و گەشەکردنی وڵاتدا. ژنان نیوەی کۆمەڵگەن و دایکی نیوەکەی تریشن، هەربۆیە ژنان هەموو کۆمەڵگەن."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە وتارێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا دەڵێت "له كاتێكدا ئهم ياده دهكهينهوه، به نيگهرانييهوه له ئامارى توندوتيژى و كوشتن و ئازاردانى ژنان و پێشێلكردنى مافهكانيان دهڕوانين كه كاريگهرييهكى نهرێنى كردووهته سهر دۆخى کۆمەڵایەتی و ناو و پێگهى ههرێمى كوردستان. جەخت دهكهينهوه كه ئهم دۆخه به هيچ شێوهيهك قبووڵكراو نييه و دهبێ بە تەواوی كۆتايى بێت."
نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت "دەبێ هەموومان هەماهەنگ و هاوکار بین و ههوڵى جددى بدهين بۆ نههێشتن و بنبڕكردنى توندوتيژى دژى ئافرهتان و برهودان به كولتوورى ناتوندوتيژى و لێبوردهيى و یەکسانی و مسۆگهركردنى بهشدارى و هاوبهشيى كاراى ئافرهتان له ههموو جومگه و كايهكانى ژيان و دهسهڵات و سياسهت و كارگێڕيدا و بههێزكردنى تواناكانيان."
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە ڕۆژی جیهانی ژناندا دەڵێت " پاراستن و بەهێزکردنی ژنان ئەرکی هاوبەشمانە و سەرەکییە بۆ ئایندەی کوردستان".
سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دکترۆ ڕێواز فایەق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دەنگی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە دەڵێت هەست ناکات " شتێک هەبێت بەناوی یەکسانی جێندەری بە دیاری کراوی لە هەرێمی کوردستاندا".
خاتو فایەق کە یەکەم ژنە ببێت بە سەرۆکی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستاندا، دەڵێت " کەیسی ژن، بابەتی ژن، دۆزی ژن تەنها ئەو کاتانە ئەبێتە بابەت کە موناسەبەتێک هەیە."
هەموو ساڵێک هەشتی مانگی سێدا (هەشتی مارس) تەرخان دەکرێت بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان کە لەم ڕۆژەدا، بزاڤی مافەکانی ژنان بەرز دەنرخێندرێت و ستایشی دەستکەوتە سیاسی، کولتوری، کۆمەڵایەتی و ئابورییەکانی ژنان دەکرێت. لە هەشتی مارسدا تیشکیش دەخرێتە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی نایەکسانی جێندەری لە هەموو بوارەکاندا هەر لە دەرفەتی کارەوە بگرە هەتا دەگاتە یەکسانی مووچە، پەروەردەو و خزمەتگوزاریە تەندروستییەکان لە جیهاندا.
مێژووی ئەم ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1908 کاتێک نزیکەی 15 هەزار ژن لە شاری نیویۆرک ڕێپێوانێکی مەزنیان سازدا بۆ داواکاری کرێی کاری باشتر، کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردنیان و مافی دەنگدان.