کەمال موسلیم: خۆراک لە هەرێمی کوردستان کەم نابێتەوە

کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان دەڵێت “خۆراک لە هەرێمی کوردستان کەم نابێتەوە، دڵنیایی دەدەمە خەڵک کە خۆراکێکی یەکجار زۆر لە کۆگاکانی هەرێمی کوردستاندا هەن، کۆگاکانمان بەردەوام پڕن لە خۆراک ، دەربارەی ئەوەی جێگرەوەتان چی دەبێت لە حاڵەتی ڕێگەنەدان بە کەشتیە خۆراک هەڵگرەکانی ڕووسیا یا داخستنی ڕێگای ڕوسیا و ئۆکرانیا بەتەواوەتی؟ لە وەڵامدا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی“ حەتمەن ئێستا لە شوێنی تر لە ئەمەریکای خواروو (ئەمەریکای لاتین) ئەو مەوادە خۆراکانە هەن، ڕاستە ڕێگاکە دوورترە بەڵام خوانەکردە ئەگەر ئەو شەڕە بووە هۆی ئەوەی نەمانتوانی لەو شوێنانە ئەو خۆراکانە بهێنین ئەوا بەدیلی ترمان هەیە. “


“دڵنیایی دەدەمە خەڵک کە خۆراکێکی یەکجار زۆر لە کۆگاکانی هەرێمی کوردستاندا هەن “

کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان

لە سەرەتای قسەکانیدا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند“ ئێستا کە من قسە دەکەم لەسەردانی کۆگاکانم لە شاری هەولێر گەڕاومەتەوە، دوێنێ بەیانیەکەی سەردانی چەندین کۆگای خواردنمان کرد، بەڵێ بێگومان شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کاریگەری کردووە لەسەر بابەتی خۆراک هەموو جیهان، لە نێویشیاندا هەرێمی کوردستان، لەبەرئەوەی زۆربەی خۆراکەکان کە بۆ کوردستان دەهات وەک ئارد و زەیت و نیسک و نۆک و ئەوخواردنانە لە ڕێگای ئەو شوێنەوە (ئۆکرانیا و ڕووسیاوە) دەهات، بێگومان لە شوێنی تریش دەهات بەڵام زۆرینەی لەو شوێنەوە بوو، ئەوەش وەک دەزانرێت کاریگەری ئەو شەڕە وایکردووە ئەو خۆراکانەی لەوێوە دەهات کەمبکرێتەوە، بەڵام من لەو سەردانانەم بۆم دەرکەوت هەرچەند پێشتریش دەمانزانی بەڵام من دڵنیایی دەدەمە خەڵک کە خۆراکێکی یەکجار زۆر لە کۆگاکانی هەرێمی کوردستاندا هەن، چ ئەوانەی ناو کەرتی تایبەت چ ئەوانەی وەزارەتی بازرگانیش خۆراک بۆ کۆبونی خۆراک دابین دەکات، هەر ئێستا دابەشکردنی شەکر و دۆشاو و زەیت و ئارد و برنج نیسک و نۆک وا دەست دەکرێت بە دابەشکردنی بۆ سەر بریکارەکان لەوێش بۆ هاوڵاتیان. “


“بڕیارە لە مانگی ڕەمەزانیشدا دوو جار بەشە خۆراک بدرێت بە هاوڵاتیان “

کەمال موسلیم وتیشی “ لە لایەن حکومەتی عێراقیشەوە بڕیارێک دەرچووە کە هەموو مانگێک ئەو خۆراکانە بێت، وە لە مانگی ڕەمەزانیشدا دوو جار بەشە خۆراک بدرێت بە هاوڵاتیان، جگە لەوەش هەندێک دەنگوباس و زانیاریمان پێگەیشتووە کە ڕێککەوتن کراوە لە نێوان ڕووسیا و تورکیا تا ڕێگە بە باخیرەکانی هەڵگری مەوادی خاوی زەیت بدرێت تا بێتە تورکیا و لەوێشەوە بۆ بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان. “


“ خۆراک لە هەرێمی کوردستان کەم نابێتەوە “

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم جەختی کردەوە“ خۆراک لە هەرێمی کوردستان کەم نابێتەوە، وتیشی“ ڕاستە لەسەر ئاستی جیهان نرخی خۆراک گرانبووە، بەڵام دڵنیایی دەدەینە خەڵکی هەرێمی کوردستان کە ڕێگریمان لەوە کردووە ئەم دۆخە بقۆزرێتەوە بە شێوەیەکی نایاسایی نرخ گران بکەن، لەبەرئەوە داواش لە هاوڵاتیان دەکەین لەبەرئەوەی خۆراک ئەوەندە زۆرە هێندە لەخەمدا نەبن بچن خۆراک زیاد لە پێویستی خۆیان دابین بکەن، هەر بەوجۆرە مامەڵە لەگەڵ خۆراک بکەن کە پێشتر کردویانە. “


“ کۆگاکانمان بەردەوام پڕن لە خۆراک “

کەمال موسلیم باسی لەوەشکرد“ حکومەتی عێراق بۆ ڕێگری کردن لە بۆشایی خۆراک کە دروست نەبێت، بڕیاری داوە مانگانە بێ دواکەوتن لە کاتی خۆی بەشە خۆراک بنێرێت بۆیە کۆگاکانمان بەردەوام پڕن لە خۆراک، خۆ ئەگەر هیچ خۆراکێکیش نەیەت کە شتی وا ڕوونادات ئەوا تا خۆراک لە کۆگاکاندا زیاترە لە پێویستی خەڵک بۆ تا دوای مانگی پێنج. “


“بەدیلی ترمان هەیە “

دەربارەی ئەوەی جێگرەوەتان چی دەبێت لە حاڵەتی ڕێگەنەدان بە کەشتیە خۆراک هەڵگرەکانی ڕوسیا یا داخستنی ڕێگای ڕوسیا و ئۆکرانیا بەتەواوەتی؟

لە وەڵامدا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی“ حەتمەن ئێستا لە شوێنی تر لە ئەمەریکای خواروو (ئەمەریکای لاتین) ئەو مەوادە خۆراکانە هەن، ڕاستە ڕێگاکە دوورترە بەڵام خوانەکردە ئەگەر ئەو شەڕە بووە هۆی ئەوەی نەمانتوانی لەو شوێنانە ئەو خۆراکانە بهێنین ئەوا بەدیلی ترمان هەیە. “


“ هەرکەس ئیستغلالی دۆخەکە بکات ئەوا توندترین سزای یاساییان دەدەین و شوێنەکانیشییان پێ دادەخەین “

دەربارەی گرانکردنی نرخی خۆراک و کەلوپەل وەزیری بازرگانی و پیشەسازی وتی“ لە هەموو قایمقامیەتیەکان لیژنەی چاودێری بازرگانی هەیە جگە لە لیژنەکانی خۆشمان، خۆم سەردانی مۆڵ و مارکێت و بازاڕەکانم کردووە لەگەڵ لیژنەی بازرگانی ئاگادارامان کردونەتەوە، هەرکەس زیاتر لەوەی لەسەر ئاستی جیهان نرخەکان بەرزبونەتەوە ئیستغلالی دۆخەکە بکات ئەوا توندترین سزای یاساییان دەدەین و شوێنەکانیشییان پێ دادەخەین. “

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان