لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ژنان لە نێوان یەکسانی و خوێن ڕژاندا

ژن دەکوژرێت، جەستە و دەروونی ژن دەخرێنە بەردەم دەبانی بێویژدانییەوە، لە مافەکانی بێبەش دەکرێت، هەموو ئەو ستەمانەی لە کۆمەڵگەکاندا بەرامبەر ژن دەکرێن کاری بە بەرنامەن و پێشوەخت بە ئاگاهییەوە بێت یانیش لە بێ ئاگاهییەوە بێت پیلانیان بۆ داڕێژراوە.

تەنانەت ئەو ژنانەی بە دەستی خۆیان، ئاور لە جەستەی خۆیان بەردەدەن یان بە هەر ڕێیەکی تر ژیان لە خۆیان دەسەننەوە، ئەگەر بێتوو لێکۆڵینەوەیەکی وردە و بابەتیانە بکرێت لەسەر هۆکارەکانی ئەوەی پێی دەگوترێت خۆ کوشتنی ژنان، ئەوا بە دڵنیاییەوە پەردە لەسەر تاوانبارانی ڕاستەقینەی ئەو خۆکوشتنانە هەڵدەدرێتەوە و تاوانبارەکان ئاشکرا دەبن و ئیتر ناگوترێت ئەم یان ئەو ژنە خۆی کوشت بەڵکو بە ڕاشکاوی و بە بوێرییەوە دەگوترێت ئەو ژنانەش بوونەتە قوربانی و دەستێکی تاوانبار لە پشت مردنیانەوە هەیە.

ئەمساڵ کە 8ی مانگی 3 هات و تێپەڕی، هێشتا جەستەی ماریا خوێنی لێدەچۆڕا و پەڵە خوێنی سەر جلوبەرگی ماریا وشک نەبووبوەوە.

ڕاستە لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانیشدا ژنان ڕووبەڕووی کوشتن و جۆرەکانی تری توندوتیژیش دەبنەوە، بەڵام نابێت لە بیرمان بچێت لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا شتێک هەیە پێی دەگوترێت "سەروەریی یاسا" جا نەک هەر بکوژەکان، هیچ کەسێک لە هەر پۆست و پلە و پایەیەکیشدا بێت لە سەرو یاساوە نییە.

پایەی ئەمساڵی ڕۆژی جیهانی ژنان، لەسەر سەکۆی "یەکسانی ئەمڕۆی جێندەری لە پێناو درێژەپێدانی سبەینێدایە" دانراوە.

لێرەوە دەتوانین بپرسین؛ لە کاتێکدا و بە تایبەتیش لەو کۆمەڵگەیانەی هێشتاش شانازی بە پیاو سالارییەوە دەکرێت و ژیانی ژن لەبەردەم هەڕەشە و مەترسی کوشتندایە و دەرفەتەکان لەبەردەم ژناندا نەک هەر کەمن بەڵکو دەچنە خانەی نەبووانەوە، ئیتر دەبێت ژن چۆن لە یەکسانی بڕوانێت و چاوەڕوانیی چ سبەینێیەک بکات بە بەراورد لەگەڵ کۆمەڵگە کراوە و پێشکەوتووەکاندا کە هەروادێ و تەگەرە و گرفتەکان لەبەردەم یەکسانی جێندەری و تۆکمەکردنی بنەماکانی سبەینێدا بەرەو ڕەواندنەوە دەچن.

ئەرکی پاراستنی مافەکان و داکۆکیکردن لە مافەکانی ژن لەناو خێزانەوە دەست پێدەکات، بواری پەروەردە لە خوێندنگا و زانکۆ و شوێنە پیرۆزەکانەوە دەتوانن ڕۆڵی گەورە و بەرچاویان هەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم پرسە گەورە و پیرۆزە.

بەڵام کاتێک پێشێلکردنی مافەکانی ژن و توندوتیژییە جۆراوجۆرەکان بەرامبەر بە ژن سنورەکانی ناڕەزایەتی دەربڕین و ڕەتکردنەوە تێنەپەڕێنێت و ڕاگەیەندراوەکانیش نەتوانن کاریگەرییان هەبێت لە گۆڕینی ڕوانینە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوا بەبێ هیچ گومانێک هەموو جۆرە پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ژنان درێژەیان دەبن.

پەروا عەلی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق و چالاکوانی داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان، وەڵامی پرسیارەکانی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەداتەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

لەگەڵ ڕووداوەکاندا